زانیاری لەسەر بۆردومانەکەی ئەمڕۆی گوندی ڕەنگێنە لە شارباژێر

ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیا لەگوندی ڕەنگینەی سەر بە قەزای چوارتا لە ناوچەی شارباژێری سەر بە پارێزگای سلێمانی ئۆتۆمبێلێکی کردە ئامانج.

لە لێدوانێکیدا بۆ دەنگی، ئەمەریکا شاهۆ عوسمان، قائمقامی قەزای چوارتا ڕایگەیاند،"کاتژمێر 7:30 ی ئێوارە بە هۆی هێرشی فڕۆکەوە، ئۆتۆمبێلێک بە دوو موشەک کراوەتە ئامانج، لە گوندی ڕەنگینەی سەر بە ناحیەی زەلان."

وتیشی"ئێمە دوای نیو کاتژمێر بە ڕووداوەکەمان زانیوە و بە هۆی سەختی شوێنەکەشەوە تا ئێستا تیمەکانمان نەیانتوانیوە بگەنە جێگەکە."

بە پێی زانیاریەکانی دەنگی ئەمەریکا، ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج گەریلاکانی پارتی ژیانی ئازادی کوردستان بوون کە ژمارەیان پێنج کەس بووە.

لە بەیاننامەیەکدا دژە تیرۆری کوردستان ڕایگەیاند، "بە هۆی هێرشی فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی سوپای تورکیاوە، چوار چەکداری پەکەکە کوژاون و چەکدارێکیش بریندار بووە."

بەڵام قائمقامی قەزای چوارتا ڕایگەیاند، "دیار نیە ئەو کەسانەی ناو ئۆتۆمبێلەکە کێ بوون و چەند کەس لە ناو ئۆتۆمبێلەکەدابووە. ئاماری قوربانیەکانیش دیارنیە."

هەروەها وتیشی"هەرچەندە تیمەکانی بەرگری شارستانی، تەندروستی و هێزە ئەمنیەکان بەڕێگەوەن بۆ شوێنی ڕووداوەکە، بەڵام بەهۆی سەختی شوێنەکەوە نەیانتوانیوە تا ئێستا بگەنە شوێنەکە."

سەلام عومەر بەڕێوەبەری ناحیەی زەلان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "تا ئێستا هیچ لەبارەی ناسنامەی ئەو کەسانەوە ئاشکرا نەکراوە، ناشزاندرێت فڕۆکەکە هی کوێ بووە و نادیارە."

هەروەها وتیشی"بەڵام بەهۆی بۆردومانەکەوە، ئاگر لە ناوچەکە کەوتۆتەوە، تا ئێستاش نەتوانراوە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵ بکرێت، فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان تا ئێستا بەسەر ناوچەکەدا دەسوڕێتەوە و تیمەکانیشمان ناتوانن بگەن بە شوێنی ڕووداوەکە لە بەر مەترسی دوبارەبوونەوەی بۆردومان."