کونسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ڕۆژی پێنجشەممە پەیامی ماڵئاواییکردنی لە سلێمانیەوە ئاڕاستەی هەرێمی کوردستان کرد و ڕایگەیاند لە ساڵێ ڕابردوودا هەوڵە دیپلۆماسی و هاوکاریە تەکنیکیەکانی ئەمەریکا هاوکاربوون بۆ ئەوەی حکومەتی هەرێم بتوانێت سەدان هەزار دۆلار بگەڕێنێتەوە بۆ خەزێنەی گشتی.
ئیرڤن هیکس، کۆنسوڵی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان، دوای ساڵێک لە کارکردن ڕۆژی پێنجەشەممە 3ی مانگی هەشتی 2023 لە شاری سلێمانی ماڵئاواییکردنی لە بەرپرسی گشتی کونسوڵی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند.
لە وتەی ماڵئاواییکردنەکەیدا ئیرڤن هیکس ڕایگەیاند، "کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا هاوبەشی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کرد لە دامەزراندنی سیستەمی بایۆمەتری مووچە، کە لە ئەنجامدا بووە هۆی نەهێشتنی 50000 فەرمانبەری بندیوار و 124000 دوو مووچە."
مووچەخۆری "بندیوار" لە هەرێمی کوردستاندا دەستەواژەیەکی باوە و بەو کەسانە دەوترێت کە بەهۆی نزیکییان لە حزب و کەسایەتی دەستەڵاتدارەوە مووچە لە حکومەت وەردەگرن بەڵام لەبەرامبەردا هیچ خزمەتگوزارییەک پێشکەش ناکەن. هەبوونی ئەو دیاردەیە وەک نمونە دەهێندرێتەوە بۆ بەربڵاوی گەندەڵێ لە هەرێمی کوردستاندا.
لە پەیامەکەیدا کونسوڵی گشتی ڕایگەیاند، "لە ناخەوە کاریگەر بووم بەو میهرەبانی و پێشوازیە بێ وێنەیەی لە ماوەی 12 مانگی ڕابردوودا پێم بەخشرا. گەرم و گوڕی و دۆستایەتی ڕاستەقینەتان لە هەرێمی کوردستان وایکرد، کە ئەم ئەرکەم وەک دیپلۆماتکارێکی ئەمەریکی، یەکێک بێت لە باشترینەکانم."
سەبارەت بە هاوکارییەکانی ئەمەریکا بۆ هێزەکانی پێشمەرگە، ئیرڤن هیکس ڕایگەیاند، "ئێمە پابەند دەمێنینەوە بۆ دابینکردنی پێداویستی و ڕاهێنان و پاڵپشتی لۆجستی بۆ پێشمەرگە، لەوانە ناوەندێکی لۆجستی لە سلێمانی، هەروەها دامەزراندنی یەکەمین دوو بارەگای سەرەکی بۆ دوو فەرماندەکە لەژێر وەزارەتی پێشمەرگە."
هەروەها ڕایگەیاند"بۆ یەکەمجار، کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان 15 کونسوڵی گشتی هاوبیری کۆکردەوە، کە پێی دەڵیین CGCG، ڕێگەیەک کە خوشک و برا دیموکراسی خوازەکانمان توانیان بە یەک دەنگ لەسەر چەندین بابەت لە هەرێمی کوردستان قسە بکەن، لەوانەش مافی مرۆڤ، یەکسانی جێندەری، لێبوردەیی ئاینی، مامەڵەی یەکسان لەگەڵ پێکهاتە کەمینەکان، ئازادی ڕۆژنامەوانی، بازرگانی و وەبەرهێنان، نەوت و غاز و ئاسایش و سەقامگیری لە ناوچەکە."
وتیشی،"بەردەوامین لە دا بینکردنی بیمە بۆ چەندین پڕۆگرامی ئاڵوگۆڕ بە مەبەستی دابینکردنی ڕاهێنان بۆ ڕۆژنامەنووسان و چالاکوانانی کۆمەڵی مەدەنی و مامۆستایانی زمانی ئینگلیزی لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستانی عێراق."
لە درێژەی وتارەکەیدا ئیرڤن هیکس، ڕایگەیاند، ئەمەریکا ڕۆڵی گەورەی بینیوە لە ئاوەدانکردنەوەی هەرێمی کوردستان لە بوارە جیاوازەکاندا، لە پرۆژە خزمەتگوزاریەگشتیەکان تایبەت بە خزمەتکردنی هاووڵاتیان بۆ ئەمەش ملیۆنان دۆلاریان لەو پێناوەدا بەخشیوە بەو پرۆژانە.
ئیرڤین هیکس، کونسوڵی گشتی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمەریکایە لە هەرێمی کوردستان و لە ناو کونسوڵخانەی گشتی ئەمەریکا کاردەکات لە هەولێری پایتەخت، بەڵام ئەوەی جێگەی باسە لە شاری سلێمانیەوە وتاری ماڵئاواییەکەی ڕاگەیاند و چەندین بەرپرسی حزبی و سەربازی یەکێتی و کەسایەتی ئامادەبوون، بەڵام هیچ بەرپرسێکی پارتی لەدیدارەکەدا نەبوو.