لەم دواییانە ئێران هەوڵی داوە دەستبگرێت بەسەر کەشتییە بازرگانییەکان لە تەنگەی هورمز و بەردەوام گێچەڵ بە کەشتییە بارهەڵگرەکان دەکات. ئەمەریکاش وەک پەرچەکردارێک لە بەرامبەر ئەم جموجۆڵانەی ئێران، هێزی زیاتری ڕەوانەی ناوچەکە کرد.
ماثیۆ میلەر وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکا ڕۆژی سێشەممە لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە بەرزبوونەوەی ئاستی گرژی و ئاڵۆزییەکانی کەنداوی فارس و چەند بابەتێکی تری پەیوەسەت بە ئێرانی کرد.
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بە هۆکاری زیادبوونی ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە تەنگەی هورمز میلەر گوتی وەزارەتی بەرگری دەبێت وەڵامی ئەم پرسیارە بداتەوە، بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا ڕایگەیاند "ئەمەریکا بە هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەش و هاوپەیمانەکانمان پابەندە بە پاراستنی ئازادی هاتوچۆی دەریایی و جموجۆڵی ئازادی بازرگانی. تەنگەی هورمز ڕێڕەوێکی ئاوی گرنگە بۆ بازاڕە جیهانییەکان و ساڵانە بە بەهای زیاتر لە یەک تریلیۆن دۆلار کاڵای بازرگانی پیایدا تێدەپەڕێت کە لەسەدا 25ی نەوتی خاوی جیهانە."
نێوەندی هێزی دەریایی ئەمەریکا ڕۆژی دووشەممە، 7ی مانگی هەشت، ڕایگەیاند زیاتر لە 3 هەزار ئەندامی هێزەکانی دەریایی ڕەوانەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست کردووە.
ژەنەڕاڵ پات ڕایدەر گوتەبێژی وەزارەتی بەرگری ئەمەریکا ڕایگەیاند " هەر وەکو چۆن لەمێژەوە، هەماهەنگی لەگەڵ هاوبەشەکانماندا دەکەین سەبارەت بە هەبوونی هێزی ئەمەریکا لە ناوچەکەدا، ئێستاش لەشکری ئەمەریکا بە تەنها لەوێ چاودێری هاوتوچۆی بازرگانی ناکات. ئێمە وەکو بەشێک لە هاوپەیمانییەکی فراوانتر بۆ ئەو مەبەستە کاردەکەین."
مانگی ڕابردوو هێزی دەریایی ئێران هەوڵی دا بە شێوەیەکی نایاسایی دەستبگرێت بەسەر دوو کەشتی بازرگانی لە تەنگەی هورمز و کەنداوی عوماندا .
ڕایدەر گوتیشی، زیادبوونی ژمارەی هێزەکانی ئەمەریکا لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بە مەبەستی یارمەتیدانی هاوبەشەکانی ئەوێیە لە بە کراوەیی هێشتنەوەی ڕێڕەوی کەشتییە بارهەڵگرەکان لە تەنگەی هورمز. هەروەها زیاتر ڕۆڵی دەبێت لە ئامانجێکی لەمێژینە، ئەویش پاراستنی ئاسایش و سەقامگیرییە لە ناوچەکەدا.
لە کۆنگرە ڕۆژنامەوانییەکەی ڕۆژی سێشەممەی وەزارەتی دەرەوەدا ماثیۆ میلەر باسی لەو نیگەرانیانەش کرد کە بەهۆی " دەسەڵاتی گروپە میلیشیا عێراقییەکان"ەوە هاتوونەتە ئاراوە – لە نێویاندا ئەو گروپانەی ئێران پشتیوانیان لێدەکات . میلەر گوتی "ئەمەریکا پشتیوانی لە عێراقێکی سەقامگیر، ئارام و سەربەخۆ دەکات ."
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوە ڕوونیشیکردەوە "پێمانوایە سەقامگیری و ئاسایش لە عێراق دەبێتە هۆی بەرەوپێشبردنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و گەلی عێراق، هەروەها پێمانوایە پێویستە هەموو گروپە چەکدارەکانی دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەتی عێراق بخرێنە ژێر دەسەڵاتی حکومەتی عێراق".