فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان (درۆن) ڕۆژی چوارشەممە (8/9/2023) هێرشێکی کردە سەر ئۆتۆمبێلێک لەسەر ڕێگای نێوان دوکان-خەلەکان و لە ئەنجامدا دوو کەس بریندار بوون کە برینی یەکێکیان سەختە.
سەرچاوەیەک لە دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند کە هێرشەکە نزیک کاتژمێر 45:3 خولەک بە کاتی ناوچەکە ئەنجامدراوە و گوماندەکرێت درۆنەکە هی تورکیا بێت.
سەرچاوەکە وتی، "ئەو دوو کەسە یەکێکیان خەڵکی سوریایە و ئەوەی تریشیان خەڵکی هەڵەبجەیە لە ناوچەی شارەزوور."
لە ڕابردوودا چەندین جار ئەم جۆرە هێرشانەی کە لە هەرێمی کوردستان ڕووداوە و گومان کراوە کە تورکیا ئەنجامی دابێت، ئەندامانی پارتی کرێکارانی کوردستانی تێدا کراوەتە ئامانج و نوێترینیان رۆژی شەشی مانگی هەشت بوو کە بەرپرسێکی سەربازی پەکەکەی لە ئاغجەلەر کردە ئامانج.
ئەمەش ببینە دژە تیرۆری کوردستان: فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی تورکیا بەرپرسێکی سەربازی پەکەکە لە ئاغجەلەر دەکاتە ئامانج
بەڵام سەرچاوەکەی دەزگای ئاسایشی هەرێمی کوردستان بۆ دەنگی ئەمەریکای پشتراست نەکردەوە کە ئەو هاووڵاتیەی سوریا کورد بێت یاخود دوو بریندارەکە ئەم هێرشەی ڕۆژی چوارشەممە سەر بە پارتی کرێکاران بن.
دەنگی ئەمەریکا قسەی لەگەڵ یەکێک لە شایەتحاڵەکانی ڕووداوەکە کردووە بە ناوی هەردی حسێن، کە شوفێری تانکەرە و ئەویش بە سووکی بریندارە.
ئەو شایەتحاڵە ڕایگەیان، "ئوتۆمبێلەکە لە دوامەوە بوو لە پڕدا بینیم ئاگری گرت و دەنگێکی گەورە هات. کە دابەزیم بینیم دووکسی تێدایە کە جلی مەدەنیان لەبەردابوو."
وتیشی، "بریندارێکم ڕزگار کرد، بەڵام لە کاتی ڕزگار کردنی برینداری دووەمدا تۆپباران کراین، نەمتوانی برینداری دووەم ڕزگار بکەم."
دوای ڕووداوەکە دەستبەجێ بریندارەکان گواسترانەوە بۆ نەخۆشخانەی دوکان و بەرگریی شارستانی ناوچەکە چوونە شوێنی رووداوەکە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
شایەتحاڵەکەی کە دەنگی ئەمەریکا لێدوانی لێوەرگرت ئێستا تەندروستی جێگیرە بەڵام ڕایگەیاند ئۆتۆمبێلەکەی زیانی بەرکەوتووە.
وتیشی، "بریندارەکان یەکێکیان قاچێکی لە دەستدابوو، ئەوەی تریشیان سەری بریندار بوو، بەڵام نەمزانی ئەوکەسانە خەڵکی کوێن."
دەنگی ئەمەریکا چەندین جار پەیوەندی بە قایمقامی دوکان کرد بەڵام پەیوەندییەکە بەردەست نەبوو.