خۆپیشاندانی عەرەبەکان و شەڕی ڕاگەیاندنی پارتی و یەکێتی لە کەرکوک بەردەوامە

خۆپیشاندانی بەشێک لە لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەربی و تورکمانییەکان دژی پێدانەوەی بارەگاکانی پارتی دیموکراتی کوردستان و پارتی گەلی تورکمانی لە کەرکوک بەردەوامە. ئەوان دژی پێدانەوەی بارەگاکانن بەو دوو حزبەی کە لە 16 ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017وە بارەگاکانیان چۆڵ کرد و لەلایەن هێزە عێراقییەکانەوە دەستیانبەسەردا گیرا.

چاودێرێکی سیاسی و ئاگادار لە بارودۆخی کەرکوک لەتیف فاتیح فەرەج پێی وایە تەواوی ڕووداوەکانی ئەم دواییەی کەرکوک پەیوەندییان بە بانگەشەی هەڵبژاردنەوە هەیە و وروژاندنی بابەتی نەتەوەییە، دەڵێت " سودانی پێویستی بە پارتی هەیە لە سەرخستنی ئەجێنداکانی بەو پێیەی ژمارەی کورسییەکانیان لە پەرلەمان لە چاو لایەنە کوردییەکانی دی زیاترە، تاوەکو پاڵپشت و پشتیوانی بکەن، هەروەها بە شێوەیەکی دیکەش پشتیوانیکردنە لە پێگەی عەرەب لە کەرکوک، کۆی مەسەلەکەش تای هەڵبژاردنە، دەنا زۆر لە مێژە ئەو داواییە کراوە."

وەلێ لە بەرامبەر ئەو بۆچوونەدا کارزان سەباح هەورامی، ڕۆژنامەوان لای وایە کە مەسەلەکە بەر لە نزیک بوونەوەمان لە وادەی هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکە، پەیوەندی بە بواری تریشەوە هەیە. لەو بارەیەوە دەڵێت "سەرەتا گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک و ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی لەسەر وەختی دروستکردنی کابینەی حکومەتەکەی سودانی ڕێکەوتنی لەسەر کراوە، لەو ڕێکەوتنە کۆمەڵیک خاڵ واژۆ کراون، لەوانە ڕادەستکردنەوەی بارەگاکانی پارتی بووە وەک نیەتی پاکی و گەڕانەوەی ئارامییەک بۆ دۆخی سیاسی شارەکە، هەروەها ئاساییکردنەوەیی ڕەوشی ناوچە جێ ناکۆکەکانی پەیوەست بە ماددەی 140. ئەو گفتەی کە واژۆیان کردبوو، ئەگەر لەکاتی خۆی جێبەجێ بکرایە، ئێستا پارتی پێ تۆمەتبار نەدەکرا، پێشێلکاری ئەو رێکەوتنە کراوە و ئێستا جێبەجێ دەکرێت."

لە ماوەی چەند ڕۆژی ڕابردوودا بێجگە لە خۆپیشاندانەکان و داخستنی ڕێگای سەرەکی نێوان کەرکوک و هەولێر، بەرپرسەکانی پارتی و یەکێتیش لە پێگەی ڕاگەیاندنی حزبەکانیانەوە یان لە هەژماری تایبەتی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانیانەوە لێدوانی توندیان دژ بە یەک داوە.

مەڵبەندی دووی یەکێتی لە کەرکوک ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و تێیدا گومان دەخاتە سەر ناڕەزایەتییەکان لەسەر وەرگرتنەوەی بارەگاکانی پارتی لە کەرکوک و دەڵێت "ئەوانەی ناڕەزایەتی دەکەن دۆستی پارتین ‌و هەندێکیان لە هەولێر دانیشتوون." هەروەها لە بەشی کۆتای ڕاگەیاندراوەکەشیان نووسیویانە " لە سۆنگەی هەستکردن بە بەرپرسیارێتی و هەستیاری دۆخی کەرکوک، هەوڵی ئاساییکردنەوەی دۆخەکە دەدەین و داوا لە حکومەتی لۆکاڵی کەرکوک و هێزەکانی سوپا و داوا لە پارتیش دەکەین، ئەم بابەتە بە یاسا و دەستوور، نەک بە جەمسەرگیری و گرژی چارەسەر بکەن ، تاکو چیتر هاووڵاتیانمان نەبنە قوربانی موزایەدە پێشوەختەکانی پارتی بۆ هەڵبژاردن و هەموو لایەکیش کەشی پێویست بۆ دیموکراسی و خەباتی مەدەنی مەیسەر بکەن ."

لە بەرامبەردا شاخەوان عەبدوڵا، جێگری سەرۆکی پەرلەمانی عێراق کە سەر بە پارتییە دەڵێت " گوێ لەو بەرپرسانە مەگرن کە تەنها ئامانجیان وەرگرتنی پرۆژە و فرۆشتنەوەیەتی، دەبێت لەوە بپرسن چی هەنگاوێکی ئێمە وایکردوە ئەو خەڵکە ژان بیگرێت ‌و بەو گەرمایە بێنە سەر جادە، خەڵکێکی بەکرێگیراوی دەرەوەی کەرکوک کە پێشتر بە ناردنی عبوە ناسیفە و سەیارەی بۆمبڕێژکراو نەیانتوانی یەکڕیزی‌ و ئاسایشی کۆمەڵایەتی شارەکە تێکبدەن، ئێستا بە جوتێک نەعلەوە ناتوانن رێگرێمان لێبکەن لە چەسپاندنی یاسا و پتەوکردنی یەکڕیزی نێوان پێکهاتەکان ."

لەتیف فاتیح پێی وایە "پارتی دەیەوێت ئەم گەڕانەوەیە وەکو دەسکەوتێکی هەڵبژاردن بەکاربهێنێت، دەیەوێت ئەو بیرۆکەیە لای دەنگدەری کورد دروست بکات، خەڵک ڕقی لە ئێمەیە و بە بەهێزی کوردستانمان دەبینن و بەرهەڵستکاری لە گەڕانەوەمان دەکەن."

لە بەرامبەردا کارزان سەباح هەورامی وەک رۆژنامەوانێک نیگەرانییەکانی یەکێتی شرۆڤە دەکات و دەڵێت " نیگەرانییەکانی یەکێتی نیشتمانی لەم دۆخەی ئێستا، چەند ڕەهەندێکی لە پشتەوەیە، کاتی خۆی لەگەڵ پارتی هەوڵی دا کە بە یەک لیست لە کەرکوک بەشداربن، پارتی بەوە ڕازی نەبوو، بڕوام وایە ئەو هەوڵەشی بۆ ئەوە بوو کە قوفڵی دەمی پارتی بکات کە دوای ڕووداوەکانی 16 ی ئۆکتۆبەر بڵێ کە ئێمە خیانەتکارین بۆچی هاوپەیمانیتان لەگەڵ بەستوین.

هەروەها لەسەردەمی دروستکردنی کابینەی حکومەتیشدا پارێزگاری کەرکوک بۆ یەکێتی یەک لە شەرت و مەرجەکانیان بوو کە بەشداری کابینەی حکومەت دەکات، ئەگەر ئەو پرسە ڕێکەوتنی لەسەر بکریت، دوا جار ئەوەش سەری نەگرت. ئێستا لەو سات وەختە و خۆپیشاندانانە لە دژی پارتی نیگەرانە، زیاتر خەمی دەنگی نێو خۆی کوردی کەرکوکیان هەیە. چونکە هێشتا کۆمەڵێک دەنگی خۆڵەمێشی هەن کە خۆیان یەکلا نەکردووەتەوە، هەستیارن بەرامبەر دۆخی کەرکوک بە تایبەتی دوای ڕووداوەکانی 16 ئۆکتۆبەر."

ئەو شیکەرەوە سیاسیە پێی وایە لە نزیک بوونەوەی وادەی هەڵبژاردنەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک ململانێکان توند تر دەبنەوە، نەک لە نێو لایەنە کوردییەکان، بەڵکولە نێو لایەنەکانی تری پاریزگاکەش.

ئەو نیگەرانیە لە نێو شارێکی هەستیاری وەک کەرکوک کە هەریەک لە نەتەوە جیاوازەکان بە شاری خۆیانی دەزانن و لە دوای 2003 ەوە ئەو پرسە نەتەوەییە یەکلا نەبووەتەوە کە چ لایەنێک بتوانێت کۆنتڕۆڵی ئە و شارە بکات.

لەو بارەیەوە لەتیف فاتیح فەرەجیش دۆخەکە بە مەترسیدار ناودەبات، بە تایبەتی چارەنووسی شارەکە و ئەو هەموو گۆڕانکارییانەی لە دوای سەرنەگرتنی ڕیفراندۆمەوە لە 25 ئەیلول ڕوویداوە، هەروەها گەڕانەوەی سوپای عێراق و میلیشیا شیعەکان لە 16 ئۆکتۆبەری هەمان ساڵدا بۆ کەرکوک، کە هاوکێشەی هێزەکانی لە کەرکوکدا بە تەواوەتی گۆڕیوە، لەو بارەیەوە دەڵێت " لە دوای ئەو بەروارانەوە، دەسەڵاتی کەرکوک لای عەرەبی سونەیە، لای ڕاکان جبوری پارێزگارە، هیچ هێزێکی کوردی بەوانەی لە کەرکوکدان و بەوانەش لە دەرەوەن و دەیانەوێت بگەڕێنەوە، دەسەڵاتێکی وەهایان نەماوە."

بە پێی کارنەمەی حکومەتەکەی سودانی، کە لە مانگی دەی 2022 دا لە بەغدا و بە ئامادەبونی 253 پەرلەمانتار دەنگی لەسەر دراوە، هەموو حزبە کوردستانییەکان لە کەرکوک، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین، مافی چالاکی سیاسییان هەیە و پێویستە بارەگاکانیان چۆڵبکرێن.