بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەو دەنگۆیانە ڕەت دەکاتەوە کە هێزی پێشمەرگە بەرەو کەرکوک جوڵێنرابێت و ڕایگەیاند، هێزەکانی پێشمەرگە تەنیا "ئیحتیاتی" خۆیان وەرگرتووە و ئەو جوڵانەی هێزەکانی پێشمەرگەش لە ناوچەی پردێ، وەک ئامادەکاری لە ئەگەری هێرشی داعش و "قۆستنەوەی" خراپی دۆخی کەرکوک ناو دەبات. ئەمە لە کاتێکدایە پێشتر فەرماندەی میحوەری پردێ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو،"پلانمان هەبووە هێز بەرەو پردێ جووڵە پێبکەین."
عەبدولخالق باپیری، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێشمەرگە جوڵەی پێنەکراوە بەرە پردێ و کەرکوک، بەڵام ئیحتیاتی خۆیان وەرگرتووە."
وتیشی،"هێزی پێشمەرگە خەتی تەماسی هەیە لەو ناوچانە، داعش هەیە لەو میحوەرانە، کاتێک حاڵەتێکی نا ئاسایی دروست دەبێت ئەو پێشمەرگانەی لە ناوچەکەن خۆیان دەخەنە حاڵەتی ئامادەباشیەوە بۆ حالەتی ئیحتیات، هەموو وەحداتی عەسکەری حەزەراتی خۆیان دەکەن و دەبێت تەواجوداتی خۆیان بسەلمێنن، خوا نەکات حاڵەتێکی لە ناکاو دروست ببێت یان داعش ئیستیغلالی ئەو دۆخە بکات."
ڕۆژی یەکشەممە 4/9/2023 نوری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری پردێی هێزی پێشمەرگە، لەسەر دروستبوونی گرژی و ئاڵۆزیەکانی کەرکوک و جوڵاندنی هێزی پێشمەرگە بەرەو کەرکوک، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پلانمان هەبوو بەرەو کەرکوک بڕۆین، بەڵام هەندێک بەرپرسی دڵسۆزی عێراق دەستوەردانیان کرد و داوای دان بەخۆداگرتنیان لێکردین."
ئەمەش ببینە فەرماندەی میحوەری پردێ: پلانمان هەبوو بەرەو کەرکوک جوڵە بکەین بەڵام هەندێک بەرپرسی دڵسۆزی عێراق جوڵەی پێڕاگرتین
لە لایەکی ترەوە، سەرچاوەیەک لە وەزارەتی پێشمەرگە، کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای گوت،"پێشمەرگە بێ پرسی وەزارەت جوڵەی پێکراوە."
بەڵام، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە ڕەتی دەکاتەوە و دەڵێت،"پێشمەرگە جوڵە ناکات بەبێ پرسی وەزارەتی پێشمەرگە."
دوای ئەوەی ڕۆژی یەکشەممە دۆخی خۆپیشاندانەکانی کەرکوک بەرەو ئاساییبوونەوە چوو، بەڵام ڕۆژی دووشەممە جارێکی تر دەستی پێکردەوە و خۆپیشاندەران داوای سزادانی بکوژان و تەقەکەرانی خۆپیشاندانەکان دەکەن. بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەش ڕایگەیاند،"حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق لە سەر خەتن بۆ چارەسەر کردنی ئەو کێشەیە."
وتیشی،"ئەوەی لە کەرکوک ڕوویداوە دۆخێکی خراپە، کە ڕێ لە هەڵوێستی کورد بگرن، یان خەڵکێک بێت خۆپیشاندان بکات ڕێگری لێبکات، ئەوە شتێکی خراپە و ئێمە دژی ئەوەین."
ڕۆژی شەممە 2ی مانگی 9، دژی داخستنی ڕێگەی نێوان کەرکوک_هەولێر لەلایەن لایەنگرانی حەشدی شەعبی و لایەنە عەرەبی تورکمانییەکانەوە، بەشێک لە دانیشتوانە کوردەکەی کەرکوک خۆپیشاندانیان ئەنجامدا و بارگرژی ڕوویدا، 4 خۆپیشاندەر گیانیان لەدەستداو 15 خۆپیشاندەری تریش برینداربوون.