کۆماری ئیسلامی ئێران سزای زیاتر لە 7 ساڵ زیندانیکردن بەسەر چالاکوانێکی کورددا دەسەپێنێت

دەزگای دادوەری ئێران سزای زیاتر لە حەوت ساڵ زیندانی کردن و لێدانی 75 قامچی سەپاندووە بەسەر چالاکوانێکی کورددا.


تەها ڕەسوڵیان چالاکوانێکی خەڵکی شاری پیرانشار (خانێ) لەلایەن لقی یەکەمی ددگای شۆڕشی ئیسلامی مهابادەوە سزای حەوت ساڵ و سێ مانگ زیندانی کردنی بەسەردا سەپێندراوە.


تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان کە پشت بە زانیارییەکانی چالاکوانانی نێو ئێران دەبەستێت دەڵێت تۆمەتەکانی کە ئاستەی کراوە بریتیی بوون لە "هەوڵدان بۆ تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی لە ڕێگای ئەندامبوونەوە لە حزبێکی ئۆپۆزیسیۆنی کورددا"، پیلانگێڕی بە مەبەستی تاوانکاری دژ بە ئاسایشی ناوخۆ" و "بانگەشەی دژ بە حکوومەت".


ڕێکخراوی هەنگاو بۆ مافەکانی مرۆڤ دەڵێت " بە تۆمەتی 'ئەندامەتی لە حزبی دیموکراتی کوردستان' و 'هەوڵی تێکدانی ئاسایشی نیشتمانی'، سزای ٧ ساڵ و ١٠ مانگ بەندکردنی بەسەردا سەپاوە."
هەنگاو دەشڵێت جگە لەو سزایانە بە بەڕی10 ملیۆن تمەن سزای دارایشی دراوە.


ئەم چالاکوانەی کە هونەرمەندێکی ناوسراویشە لە شارەکەدا، پێشتر لە مانگی پێنجی ئەمساڵدا لە دۆسێیەکی تردا بە تۆمەتی " تێکدانی ئاسیشی گشتی" لەلایەن لقی 102ی دادگای تاوانەکانی پیرانشار بە سەرۆکایەتی دادوەر ڕەزا قارەمانی سەعاتڵوو سزای سێ مانگ زیندانی کردن و لێدانی 40 قامچی درابوو و تۆڕی مافەکانی مرۆڤ دەڵێت پاشان سزاکە بە سزای دارایی گۆڕاوەتەوە.


تەها ڕەسوڵیان لە 18 ی مانگی یەکی ساڵی 2018 لەلایەن هێزەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران بەبێ فەرمانی دادگا لە پیرانشار دەستگیرکراو پاشان ڕەوانەی نەغەدە کرا. تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردپا دەڵێت ئەو کاتە بە دانانی بارمتەی پێنج ملیار تمەن هەتا کاتیی دادگاییکردنی ئازاد کرا.