ئەکتەرێکی سویدی بە ڕەچەڵەک کورد: ئێستا تێدەگەم بۆچی بەلای باوکمەوە گرنگ بوو فێری زمانی کوردی ببم

دیمەنێک لە زننجیرە درامای ئێرن کارتەر کێیە

ئەو خانمە ئەکتەرە کوردەی کە زنجیرە دراما بەریتانییەکەی لە تۆڕی نێتفلێکسدا لە چەندین وڵات لە ناویاندا ئەمەریکاش بۆ ماوەیەکی درێژ زۆرترین بینەری هەبوو، داوا لە خانمانی کورد دەکات بەهێز بن و متمانەیان بەخۆیان هەبێت.

ئەڤین ئەحمەد، باوکی خەڵکی سلێمانییە و دایکیشی عەفرینییە، سەرباری ئەوەی خۆی لە سوید لە دایک بووە دەتوانێت بە هەردوو شێوەزاری کرمانجی و سۆرانی بدوێت و دەڵێت ئێستا دەزانێت بۆچی دایک و باوکی بۆیان گرنگ بوو کە فێری زمانی کوردی ببێت.

لە دیمانەیەکی تایبەتدا لەگەڵ ڕەڤین دۆسکی لە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ئەڤین باسی منداڵی خۆی کرد و گوتی لە دۆزی کورد تێنەدەگەیشتم " دایک وباوکم بەردەوام باسی کوردستانیان بۆ دەکردم و من دەمگوت بەڵام ئەوە کوێیە؟ چۆن بۆی بڕۆین؟ زۆر مێژوو و نەهامەتی هەبوو کە لە دایک و باوکمەوە هەستم پێدەکرد بەڵام نەمدەزانی چیین."

هەروەها گوتیشی بەلای باوکییەوە زۆر گرنگ بووە کە بە کوردی بدوێت " بیرمە باوکم پێی دەگوتین کاتێک لە قوتابخانەوە دەگەڕێنەوە بۆ ماڵەوە دەبێت بە کوردی قسە بکەن، ئەو کات تێنەدەگەیشتم بۆچی ئەوەندە گرنگە بەلایەوە، بەڵام ئێستا بێگومان تێدەگەم بەهۆی بارودۆخی کوردەوە بوو."

وێنەیەکی ئەڤین ئەحمەد بە منداڵی لەگەڵ کەسوکاری لە حەلەب کاتێک سەردانی ئەو شارەی کردووە

ئەو خانمە ئەکتەرەی کە جگە لە کاری نواندن نوسەریشە و چەندین خەڵاتیشی بەدەستهێناوە، دەشڵێت ڕاستە سەرنج ڕاکێشە کە ژنێکی کوردبیت و لە سوید لە دایک ببیت و ناسنامەی جیاوازت هەبێت بەڵام لە هەمانکاتیشدا جێی داخە " کە ناتوانم بە تەواوەتی پەیوەستبم بە ناسنامە کوردییەکەی خۆمەوە چونکە لێرە لە دایکبووم و گەورەبووم، جا ئەمە بارودۆخێکی ئاڵۆزە هیوادارم بتوانم شتی زیاتر لەسەر پاشخانە کوردییەکەم فێربم."

ئەڤین ئەحمەد لە ساڵی 1990 لە ستۆکۆلم لە دایک بووە و هەر لە منداڵییەوە خولیای کاری نواندن بووە. ئەو لە چەندین زنجیرە و فیلمدا بەشداری کردووە لە ، لەوانەدا Blue Eyes, The Rain, وSnabba Cash .

دووا ترینیان زنجیرە درامای " ئێرن کارتەر کێیە؟" (Who is Erin Carter) کە لە 24ی مانگی هەشت لە نێتفلێکس بڵاو کرایەوە و ناوبانگی ئەڤینی زیاتر دەکرد. زنجیرەکە باس لە چیرۆکی ژنێکی بەریتانی دەکات کە بە هۆکارێک لەگەڵ کچە بچووکەکەی لە وڵاتەکەی هەڵدێت و بە هیوای ژیانێکی نوێ لە شاری بەرشەلۆنەی ئیسپانیا نیشتەجێ دەبێت. بەڵام کێشە و کۆسپەکانی بەردەمی هەر بەوە کۆتاییان نایەت.

ئەڤین لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا بە دووری نازانێت ڕۆژێک لە فیلمێکی کوردیشدا بەشداری بکات بەڵام دەڵێت دەبێت پێشا ڕاهێنانێکی باشی قسەکردن بە کوردی بکات.

Your browser doesn’t support HTML5

ئەکتەری بەناوبانگ ئەڤین ئەحمەد لە ڕێگەی دەنگی ئەمەریکاوە چی بە ژنانی کورد دەڵێت؟