ئومێد خۆشناو بۆ VOA: ڕەوەندی کوردی ناشڤێڵ هۆکاری سەرەکی پرۆسەی دەستەخوشکی هەولێر و ناشڤێڵ بوون

ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر و جۆن کووپەر شارەوانی ناشڤێڵ

لە ڕێوڕەسمێکدا بە فەرمی شاری هەولێری پایتەختی هەرێمی کوردستان بوو بە دەستەخوشکی شاری ناشڤێڵی ویلایەتی تەنسی ئەمەریکا و ڕۆژی شەممە لە ڕێوڕەسمێکی تایبەتدا بە ئامادەبوونی جۆن کووپەر سەرۆکی شارەوانی ناشڤێڵ و پارێزگاری هەولێر ئومێد خۆشناو ڕێککەوتننامەی دەستەخوشکییەکە واژۆ کرا.

ئومێد خۆشناو لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا لە شاری ناشڤێڵەوە ڕایگەیاند ڕەوەندی کوردی لە ناشڤێڵ هۆکاربوو بۆ ئەنجامدانی ئەم پرۆسەیە " ژمارەیەکی زۆری ڕەوەندی کوردستانی لێرەیە و ئەو ڕەوەندەش بووە هۆکاری ئەوەی ئەو لۆبییەیان دروستر کرد، دواتر ئێمە چووینە نێو ئەو وردەکارییەی ئەوان هەڵسەنگاندن بۆ هەولێر بکەن و ئێمە بۆ ناشڤێڵ و پاشان شاندی ئەوان هاتنە هەولێر و شاندی ئێمەش بۆ ناشڤێل، بەڵام هۆکاری سەرەکی بوونی رەوندی کوردستانی بوو لەم شارە."

جۆن کووپەر سەرۆکی شارەوانی ناشڤێل لە تویتێکدا ڕایگەیاندووە بە فەرمی هەولێر و ناشڤێڵ شاری دەستەخوشکن "ئەم هاوبەشییە مێژووییەی دەستەخوشکییە، تیشک دەخاتە سەر ئاڵوگۆڕی ڕۆشنبیری و پەروەردەیی، شەفافیەت لە حکومەتدا، و دروستکردنی پەیوەندی بەردەوام لە نێوان خەڵکی هەولێر و ناشڤێل."

پارێزگاری هەولێر لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتیشی " لە ڕووی کارگێڕی هەردوو شارەوە لە ڕووی پارادیپلۆماسییەوە پەیوەندی ئەکتەرە نادەوڵەتییەکان دەستکراوەتر دەبن و پەیوەندی و هەماهەنگی جۆر بە جۆریان دەبێت لە بوارەکانی زانیاری، هونەر، کولتور ، یاسا، چاودێری تەندروستی،کارگێڕی و خوێندنی باڵا، تەکەنەلۆجیا و وەرزش و تەنانەت بازرگانی و حکومڕانی خۆجێیی. هەمو ئەمانەش دەبنە هۆکاری ئەوەی لەو ڕێگایەوە دەتوانرێت پەیوەندییەکان فراوانتر و چاکتر بکرێن."

ئەم پرۆسەیە لە ساڵی 2014 وە کاری لەسەر کراوە بەڵام لە ساڵی ڕابردووەوە پرۆەکە جدی تر کاری لەسەر کرا و تا لە ڕۆژی شەممە 9 ی مانگی نۆ واژۆ کرا. یەکێک لە ڕێکخەرانی ئەم پرۆسەیە دلمەن یاسین ئەندامی دەستەی شارە خوشکەکانی ناشڤیل بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "شارەوانی پێشووی ناشڤێڵ بیل پورسێڵ یەکێک بوو لە چەند کەسێک کە لە سەرەتاوە ئەم بیرۆکەی لە ساڵی 2014 هێنایە گۆڕێ. بەڵام پاشان بەهۆی شەڕی داعش و پاشانیش پەتای کۆرۆنا بیرۆکەکە هەتا ساڵی ڕابردوو ڕاگیرا."

دیلمەن یاسین یەکێک لە چالاکوانەکانی کۆمەڵگەی کوردی لە ناشڤێڵ گوتیشی " هیوادارم هەردوو کۆمەڵگەکانمان سودی لێببینن و پێکەوە کاربکەن بۆ بەردەوامبوونی ئەم هاوبەشییە."

لە مانگی پێنجی 2023 ژمارەیەک لە بەرپرسانی ناشڤێل بە سەرۆکایەتی جۆن کووپەر سەرۆکی شاروانی شارەکە سەردانی هەولێریان کرد. پاش گەڕانەوەیان بڕیاریان دا هەولێر شارێکی گونجاوە بۆ دەستەخوشکی ناشڤێڵ بە تایبەتی لە کاتێکدا نزیەکی دەیان هەزار کورد لە شاری ناشڤێل نیشتەجێن و لە ناو کوردەکاندا بە "کوردستانی بچووک" ناسراوە.

هەولێر دەیەم شاری دەستەخوشکی ناشڤێڵە و یەکەم شارە لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە دیلمەن یاسین دەڵێت ئەم پرۆسەیە " دەبێت پردێک لە نێوان کۆمەڵگەکانمان و دەرفەتیشە بۆ ئاڵوگۆڕکردنی کولتوری، ئەکادیمی و هاوبەشی بازرگانی."