هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی ئەو هەواڵەی ئەنجومەنی ئاسایش ڕەت دەکاتەوە،کە باس لە تێوەگلانی ئەندامێکیان دەکات لەو تەقینەوەیەی کە لە 1ی ئەم مانگەدا لە سەر پردێکی شاری هەولێر ئەنجامدرا. ڕایگەیەنێت ئەو کەسە ئەندامی پارتە سیاسیەکەیان نییە و سکاڵای یاساییش تۆمار دەکەن.
ئەمڕۆ ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێم لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند تەقینەوەکەی 1ی مانگی نۆ لەلایەن کەسێکەوە ئەنجامدراوە کە سەر بە پەکەکەیە و ئەندامی تەڤگەری ئازادیە.
تارا حسێن، هاوسەرۆکی تەڤگەری ئازادی بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند، "بە هیچ جۆرێک دوورو نزیک نایناسین و ئەندامێتی نییە لە تەڤگەری ئازادیدا. ئێمە دەمانەوێت سکاڵای یاسایی تۆمار بکەین لەسەر ئەو تۆمەتەی ئاڕاستەی تەڤگەر کراوە، کە پارتێکی سیاسی فەرمیە و خاوەن مۆڵەتە لەسەر ئاستی عێراق. کاری نا یاسایی لە لایەن ئەندامانی ئێمەوە بەڕێوە نەچووە."
بە پێی بەیاننامەکەی ئەنجومەنی ئاسایش کە ئەمڕۆ 11ی 9 بڵاو کراوەتەوە،"تەقینەوەکە لە ڕێگەی بۆمبێکی دەستکردەوە دانراوە، بە کێشی نزیکەی یەک کیلۆگرام لە ماددەی BPETN بووە. بۆمبەکە لەلایەن کەسێکەوە دانراوە بەناوی (ز. ج. خ)ە و ئەندامی تەڤگەری ئازادیی سەر بە پەکەکەیە و دانیشتووی ناحیەی تەکیەی سەر بە قەزای چەمچەماڵە لە پارێزگای سلێمانی، بە مەبەستی ئەنجامدانی ئەو کردەیە هاتۆتە شاری هەولێر و گەڕاوەتەوە شاری هەولێر."
بەیاننامەکە دەشڵێت، "تۆمەتبار بە ماددەی دووەم بڕگەی سێ لە یاسای بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ دەرچووە و بۆ ئەم مەبەستەش، بە پێی تایبەتمەندی شوێنی ڕووداوەکە، فەرمانی دادوەر ئاڕاستەی لایەنی پەیوەندیدار کراوە لە شاری سلێمانی بۆ دەستگیرکردن و ڕادەستکردنی تۆمەتبار بە دەزگا ئەمنییەکانی شاری هەولێر تا ڕووبەڕووی یاسا بکرێتەوە."
هەرچی هاوسەرۆی تەڤگەری ئازادیە، بەیاننامە و ڤیدیۆکەی ئەنجومەنی ئاسایش بە سیناریۆ ناو دەبات و دەڵێت، "دەسەڵات بۆ بەلاڕێدابردنی ناڕەزایەتی خەڵک و لە بیربردنەوەی دۆخی بێ مووچەیی و خراپی دۆخەکە ئەم سیناریۆیانە دادەڕێژن."
تارا حسێن ڕایگەیاند، "پێمان وایە ئەمە هەر گرێدراوی ئەو پلان و سیناریۆیانەیە کە لە کەرکوک دایانڕشت، هەمان پلان و سیناریۆیە، چونکە ئێستا تەڤگەری ئازادی هیوای خەڵکە. ناڕەزایەتی خەڵکیش بەرامبەر دەسەڵات هەیە کە نەیتوانیوە مووچ و بوودجەو کێشەکانیان حەل بکات و کێشەی لەگەڵ عێراق هەیە و شکستی هێناوە. ناڕەزایەتی خەڵک ڕۆژ بە ڕۆژ زیاتر دەبێت بۆ بە لاڕێدا بردنی ناڕەزایەتیەکان ئەم سیناریۆیانە دروست دەکەن، بۆ ئەوەی ئاژاوە لە ناوچەکە هەبێت لە پێناو مانەوەی خۆیان لە دەسەڵات."
دەشڵێت،"پلانی داگیرکاری هەیە لە هەرێم بە تایبەت تورکیا و ئێران لە ناو خاکی هەرێمی کوردستان پلانی ئاژاوەیان هەیە.ئەوەی بەرگری لە خاک و بەهاکانی کۆمەڵگە دەکات ئازادیخوازان وە ئەندامانی تەڤگەری ئازادین. هەمیشە دەبینین لە ناو سیناریۆکانی دەسەڵاتدا ئەندامانی ئێمە بە ئامانج دەگیرێن، خەڵکانی نیشتیمانپەروەر ە ئازادیخواز ئەگەر ئەندامی ئێمەش نەبن دۆستی ئێمەن، بۆیە ڕووی تیرەکە لە ئازادیخوازانە."
Your browser doesn’t support HTML5