ناکۆکیەکانی ناو بزووتنەوەی ئیسلامی بە جیابوونەوە و دروستکردنی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی کۆتاییهات

دوای ناکۆکیەکانی نێوان هەردوو باڵی بزووتنەوە و دوو هەوڵی سەرنەگرتوویان بۆ بەستنی کۆنگرەی هاوبەش، دواجار باڵی کامیلی حاجی عەلی جیابوونەوەی خۆیان و دروستکردنی حزبێکی نوێیان ڕاگەیاند. هەرچی باڵی عیرفان عەلی عەبدولعەزیزە، کۆنگرەی خۆیان لە شاری سلێمانی بەست. لەو بارەیەوە وتەبێژی حزبە نوێیەکە دەڵێت، لەبەر لاواز بوونی بزووتنەوەی ئیسلامی و خروقات لە کۆنگرەدا بڕیاریانداوە حزبی نوێ دروستبکەن و لە ماوەیەکی نزیکیشدا کۆنگرەی دروستبوونی حزبە نوێکەیان دەبەستن، لە بەرامبەریشدا وتەبێژی بزووتنەوە دەڵێت، جیابوونەوەیان کاریگەری نابێت و لە ئەمڕۆوە ئەوان بەشێک نین لە بزووتنەوە و ناتوانن ناوو لۆگۆ و مێژووی بزووتنەوە بەکار بهێنن.

هەرچەندە وا بڕیار بوو 30/9/2023 لەسەر ڕاسپاردەی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق، هەردوو باڵی بزووتنەوە بە سەرکردایەتی هەریەک لە كامیل حاجی عەلی و عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، کۆنگرەی دامەزراندنی حزب ببەست بۆ ئەوەی بەشداری هەڵبژاردنی هەرێمی کوردستان بکەن، بەڵام بە هۆی کێشەی ناو خۆییەوە کۆنگرە نەبەسترا، ئەمڕۆش جارێکی تر هەمان هەوڵدرا، بەڵام هەوڵەکە بە جیابوونەوەی نێوانیان کۆتایی هات و باڵی کامیلی حاجی عەلی جیابوونەوەی یەکجاریان ڕاگەیاند و بایکۆتی کۆنگرەی بزووتنەوەیان کرد.

حزبە جیابوەوەکە ناوی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامیە و کامیلی حاجی عەلی ڕابەرایەتی دەکات.

لەو بارەوەیەوە دکتۆر محەمەد بازیانی وتەبێژی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی بە ڕابەرایەتی کامیلی حاجی عەلی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"ئێمە گەڕاینەوە بۆ سەرەتا، بۆ ئەوحزبەی ناوی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامی بوو لە ساڵی ،1978 بەڵام بە واقعی ئێستاوە، ئێمە پێشتر چەکداربووین چەکمان بەدەستەوە بو، بەڵام لە ئێستادا حکومەت هەیە ئاسایش هەیە و پۆلیس هەیە، ئێستا حەرەکەکەمان چەکداری نییەو حەرەکەیەکی مەدەنیە بۆ ئەوەی بە فعلی ئەو پێگە گەورەییەی کە بزوتنەوە هەیبوو بێتەوە ناو واقعی حال، بۆ ئەوەی برایەتیشمان تێکنەچیت و تەشەنوج دروستنەبێت وامان بە باشزانی جیا ببینەوە، وە بەشیکی زۆر یان دەتوانم بڵێم هەمویان لە دامەزرێنەرانی ئەو حزبە لە ساڵی 78 ەوە لەناو ئەم تەرەفەن، ئێمە زۆر دەستمان درێژ کردوو شەڕمان لەسەر ڕابەرایەتی نەبوو بەڵام ئەوان دەستیان نەهێنایە پێشەوە بۆ ئەوەی یەک ڕیز بین."

دەشڵێت،"ئێستا ئەو بزوتنەوەی ئیسلامییە پێگەی هیچ نەماوە، لە موئتەمەرەکەدا هەوڵدرا دەمەزەرد بکرێتەوە و لە واقعی ئێستادا بێت، تەئسیراتی ئیجابی هەبێت، بەڵام بەداخەوە زۆر بچووک بۆوە."

لە بەرامبەردا دکتۆر عەبدوڵا وەرتی، وتەبێژی بزووتنەوەی ئیسلامی بە ڕابەرایەتی عیرفان عەلی عەبدولعەزیز، باس لە سەرکەوتنی حزبەکەی دەکات لە دوای کۆنگرەو دەڵێت"جیابوونەوەیان هیچ کاریگەریەکی لەسەرمان نابێت."

ڕایگەیاند،"جیابوونەوەیان هیچ کاریگەریەکی لەسەر ئێمە نابێت، کۆنگرەی ئێمە خەریکی کارەکانی خۆیەتی، پەیڕەوی ناوخۆمان قبوڵکرد، بەسەرپەرشتی کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق، وە دەنگدان بۆ ڕابەریش کرا و ئەندامانی کۆنگرە زیاتر لە 1400 بۆ 1500 کەس بەشداربوون ئەمڕۆ، زۆربەی ئەندامان هاتن، چونکە دوای ئەوەی زانیان کە ئەو برادەرانە ڕازی نین بە بزوتنەوەو دەیانەوێت حزبێکی نوێ ڕابگەیەنن زۆربەی هەرە زۆری ئەندامەکانی ئەوانیش بەشداری کۆنگرەکەی ئێمەیان کرد."

دەشڵێت، "ئەوان لە ئەمڕۆوە بۆیان نییە ئاڵا و لۆگۆ و ئاڕمی بزووتنەوە بەکار بهێنن، لەم میمبەرەوە ڕایدەگەیەنین دەرگامان واڵایە بۆ هەموو ئەندامان و کادیرانی بزووتنەوە کە بگەڕێنەوە ناو حزبەکەی خۆیان بگەڕێنەوە سەر کارەکانی خۆیان و درێژە بە خەباتی ئیسلامی و سیاسی و مەدەنی خۆیان بدەن، لە ڕێگەی بزوتنەووەی ئیسلامی کوردستانەوە."

بزووتنەوە لە ساڵی 1978 ەوە بە ڕابەرایەتی شێخ عوسمان عەبدولعەزیز لە ئێران دامەزراوە، لە سەرەتادا ناوی بزووتنەوەی پەیوەندیی ئیسلامی بوو، لە ساڵی 1992 ەوە بەشداری هەڵبژاردنەکانی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی کردووە و لە ڕووی پێگەی جەماوەریەوە لە ڕیزبەندی سێهەمدابوو، لە ڕابردوشدا جیابوونەوەی تری بە خۆیەوە بینیوەو هەریەک لە عەلی باپیر کە ئێستا سەرۆکی کۆمەڵی دادگەریە لەگەڵ چەند سەرکردەیەکی تر لەو حزبە جیا بوونەوە، لە ئێستاشدا بە هۆی ناکۆکی ناوخۆییەوە جارێکی تر جیابوونەوە دروستبوو.

هەرچەندە بزووتنەوە 12هەمین کۆنگرەی خۆیەتی کە لە مێژووی خۆیدا بیبەستێت، بەڵام بە پێی یاسای حزبەکانی حکومەتی عێراقی ساڵی 2015، دەبوو کۆنگرەی دامەزراندن ببەستن تا بتوانن بەشداری هەڵبژاردنەکان بکەن، بەڵام کێشەی ناوخۆیی لە ناو حزبەکە سەری هەڵدا، لەو بارەیەوە دکتۆر محەمەد بازیانی دەڵێت،"بە پێی قانوون مامۆستا عیرفان بۆی نەبوو خۆی کاندید بکا، بەڵام خۆی کاندید کرد و تەعنی یاسایی لێدرا لە قانونی ئەحزاب، وتیان ئەوە سەغلەم نییە و داوای کۆنگرەیەکی سەغلەمیان لێکردین، ئەخیرەن گەشتینە ئەوەی کۆنگرە بەیەکەوە بکەین و ڕازی بووین، بەڵام 30 مانگ کە هاتین بینیمان خروقاتێکی زۆر هەیە، دەبوو دەرگا سەعات 10 دابخرێت، بەڵام نەکرا، ناوی ئەو لیستەی هەبوو دەگەڕاین بەدوای ناودا ناوی ژمارەیەکی زۆر لە ئێمەی تیا نەبوو سڕابۆووە و ناوەکان دەرکرابوون، لە ئەوانیش ناوێکی زۆر زیاد کرابوون، بەدەر لەوەی بە چەکەوە خەڵک لە دەرگاکان وەستابوون کە ئەمە هەمووی خروقاتە، بۆیە لیژنە یاساییەکانمان لە بەغداد دوێنێ تەعنمان داوە لەو بارەیەوە."

دەشڵێت،"ئێمە بەناوی بزوتنەوەی ئیسلامی کار ناکەین بەناوی بزووتنەوەی یەکبوونی ئیسلامیەوە کار دەکەین ڕێگە قانونیەکان دەگرینە بەر و وە داوای کۆنگرەی دامەزراندن دەکەین."

ڕاشێگەیاند،"کەسێکیشمان هەڵبژاردووە و دامان ناوە ناوەکانمان ئامادەیە و لە بەیانی و دوو بەیانیەوە تەقدیمی دەکەین بۆ کۆمسیۆنی باڵی هەڵبژاردنەکان بۆ ئەوەی ئیجازەی فەرمیشمان هەبێت، هەرچەندە حزبەکە قەدیمە بەڵام ئیجازەی فەرمیمان دەبێت و بەشداری دەکەین لە هەڵبژاردنەکانی کوردستاندا."

وێڕای جیابوونەوەیان لە یەکتر، هەردوولا نیگەرانن لەو دۆخەی کە دروستبووە، دکتۆر عەبدوڵا دەڵێت،"پێمان خۆش نەبوو کە ئەو کارەیان کرد و حزبیان ڕاگەیاند، پێمان خۆش بوو بەیەکەوە لە هۆڵی کۆنگرە خۆمان بدەینە بەر نەشتەری ئەو قاعیدە جەماوەرییەی کە بزووتنەوە هەیەتی، بەڵام لە ئەمڕۆوە مادام ئەو کارەیان کرد مافی بەکارهێنانی ناوو لۆگۆو ئاڕم و مێژووی بزوتنەوەیان نییە."

هەرچی دکتۆر بازیانییە ڕایگەیاند،"بۆ ئەوان دوعای سەرکەوتنیان بۆ دەکەین، بەڵام بەو شیوازە ناچینە کۆنگرەیەک کە خروقاتی قانوونی هەبێت."

جێی باسە لە دەنگدانەکەدا عیفران عەبدولعەزیز بە 983 دەنگ وەک ڕابەری بزووتنەوەی ئیسلامی هەڵبژێردرایەوە و کامیلی حاجی عەلی تەنها 9 دەنگی هێناوە و 15 کەسیش دەنگیان سوتاندووە.