سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران داوای چەکداماڵینی حزبە دژبەرەکانی حکوومەتی ئێران لە هەرێمی کوردستان دەکات.
محەممەد باقری ڕۆژی شەممە، 7ی مانگی دە لە دیدارێکی لەگەڵ عەبدولئەمیر شەممەری، وەزیری ناوخۆی عێراق، گواستنەوە و چەکداماڵینی تەواوەتی ئەو حزبانەی لە خاکی عێراق بە بەشێک لە ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان دوو وڵاتەکە ناوبرد.
سەرۆکی ئەرکانی گشتی هێزە چەکدارەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران لە رێوڕەسمێکدا بە ئامادەبوونی وەزیری ناوخۆی عێراق، گوتی "بێگومان لە چەند هەفتەی ڕابردوودا حکومەتی عێراق و سەرجەم ئەو بەرپرسە ئازیزانەی لەوێ کاردەکەن هەوڵیاندا و گروپەکان لە بارەگا و قەڵاکانی خۆیانەوە لە نزیک سنورەکەمان گواسترانەوە، بەڵام ڕێککەوتنی سەرەکیمان تەنها بۆ گواستنەوەی تەکتیکی ئەو گروپانە و گواستنەوەیان بۆ خاڵێکی دوورتر لە سنوورەکان نەبووە، بەڵکو چەکداماڵینی تەواوەتییان مەبەستی سەرەکی ئێمە بووە."
دەسەڵاتدارانی بەغدا لەماوەی ڕابردوودا ڕایانگەیاند حزبە کوردییەکانی دژبەری ئێرانیان لە سنوورە هاوبەشەکانی هەرێمی کوردستان و ئێران، گواستووەتەوە بۆ کەمپەکانی دوور لە سنوورانە.
دەسەڵاتدارانی کۆماری ئیسلامی ئێران و عێراق لە مانگی3ی ساڵی 2023 ڕایانگەیاند کە بە نیازن لە رێگای واژۆکردنی ڕێککەوتنێکی ئەمنی سنوورەکانی هەرێمی کوردستانی عێراق زیاتر بپارێزن.
حکومەتی ئێران ڕایگەیاند بەغدا پابەند بووە بە چەکداماڵینی حزبە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆن لە هەرێمی کوردستانی عێراق و داخستنی بنکە و بارەگاکانیان و گواستنەوەیان بۆ شوێنەکانی تر پێش 19ی مانگی نۆ.
هەر لەم چوارچێوەیەدا، سەرچاوەیەکی نزیک لە حزبە کوردییەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران کە داوایکردوە ناوەکەی بڵاو نەکرێتەوە، ڕۆژی شەممە بە پەیامنێری دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندوە کە زانیاریان بەدەستگەیشتووە کە عێراق لەسەر داوای ئێران بڕیاری دەستگیرکردنی بۆ چەندین ئەندامی سەرەکی حزبە کوردییەکانی دژبەری ئێران دەرکردووە.
ئێران داوای ڕادەستکردنی نزیکەی 22 کەس لە سەرکردەو فەرماندەکانی حزبە کوردییەکانی دژبەری کۆماری ئیسلامی کردووە، بەشێک لەو سەرکردانە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستانن، بەڵام بەشێکی تریان لە ناوچە جیاجیاکانی هەرێمن و شوێنی مانەوەیان نادیارە.
کۆماری ئیسلامی بانگەشەی ئەوە دەکات کە بوونی حزبە چەکدارەکانی ئۆپۆزسیۆنی کورد لە نزیک سنووری دوو وڵات هەڕەشەیەکی ئەمنییە بۆ سەر ئێران و چەندین جاریش بەو بیانووە هێرشی کردووەتە سەر بنکە حزبە کوردییەکانی ئێران لە عێراق.
لایەنە کوردییەکان ئەو تۆمەتانەیان ڕەتکردۆتەوە و دەڵێن هەرگیز خاکی عێراقیان بۆ ئەنجامدانی چالاکیی سەربازی دژ بە کۆماری ئیسلامی ئێران بەکارنەهێناوە.