داهاتووی ڕێکخراوی حەماس چیدەبێت دوای هێرشەکانی بۆ سەر ئیسرائیل؟

شرۆڤەکاران دەڵێن، هێرشە لەناکاوەکەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، هێرشێکی ورد و پلان بۆ داڕێژراو بوو لە کاتێکدا ئەو گروپە چەکدارە فەلەستینییە توانای هەبووە بەردەوامبێت لەگەڵ مەترسییەکانی پەرەسەندنی زیاتر.

حەماس پشتی بە جبەخانەیەکی زۆری مووشەکەکان بەستووە بۆ بەکارهێنانی دژی ئیسرائیل بەڵام پرسیار لەوەدا تا چەندێک دەتوانێت دژ بە دەوڵەتێکی وەکو ئیسرائیل بەردەوام بێت.

عەبدوڵا حیجاب شارەزای سیاسەتی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست پێی وایە ئەمجارەیان ئیسرائیل بە یەکجاری هەڕەشەی حەماس لەسەر خۆی ناهێڵێت و دەڵێت " لەگەڵ ئەوەی حەماس هەوڵی داوە هەموو توانای خۆی بەکاربهێنێت بۆئەوەی هێزی خۆی نیشان بدات و بەشێوەیەک هێرشە بکات کە هەم بتوانێت دەستکەوتی سەربازی هەبێت و هەمیش زیاتر بتوانێت بارمتە بگرێت و دەستکەوتی سیاسی بەکاریانبهێنێت، بەڵام پێدەچێت لێکدانەوەکەیان هەڵەبێت چونکە ئیتر ئێستا ئیسرائیل هەموو هەوڵی خۆی دەدات بۆ ئەوەی بە یەکجاری هەڕەشەی حەماس لەسەر خۆی لاببات."

بەڕێز حیجاب لە لێدوانەکەیدا بۆ دەنگی ئەمەریکا گوتیشی "بەوەناچێت ئەو شەرە زوو کۆتایی پێبێت و دوور نییە چارەنوسی فەلەستینییەکان، حەماس وغەززەش یەکلایی بکاتەوە. بەشێوەیەک یەکلایی بکاتەوە کە ئیتر حەماس نەتوانێت نە دەسەڵاتی سیاسی بەدەستبێنێت و نە لە ڕووی هێزەوە دەوری بمێنێت."

هەندێک لە شرۆڤەکاران پێیان وایە کە ئێران دەستێکی زۆری هەبووە لەم پلانەدا دژ بە ئیسرائیل.

بەڕێز حیجاب دەشڵێت " ئیسرائیلییەکان و فەلەستینییە مەدەنییەکان قوربانی شەڕێکن کە ئایەتوڵڵاکان لە ئێراندا پارەیان بۆ دابین دەکەن و چەکیان بۆ دابین دەکەن. پێناچێت شەپۆلی نوێی توندوتیژی بەم زووانە کۆتایی پێبێت. لەگەڵ دەوڵەتی ئیسلامی لە ئێران، ئاشتی لە ناوچەکەدا نامێنێت."

لە یەکەم ڕۆژی هێرشەکەی حەماسدا لە کاتێکدا ئەمەریکا و یەکێتی ئەوروپا ئیدانەی هێرشەکانی حەماسیان دژ بە هاووڵاتیانی ئیسرائیلی کرد ڕۆژی ،7ی مانگی دە ناسر کەنعانی، گوتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی کۆماری ئیسلامی ئێران هێرشەکانی حەماسی بۆ سەر ئیسرائیل بە "درێژەی سەرکەوتنەکان لە لوبنان و سوریا" ناوبرد.

بەڵام ڕۆژی دووشەممە ئێران ڕەتی کردەوە دەستی هەبووبێت لەو هێرشەدا.

سێت فرانتزمان، پەیامنێری ڕۆژنامەی ئۆرشەلیم پۆست حەماس بە ڕێکخراوێکی هاوشێوەی داعش و ڕێکخراوە تیرۆرستە توندڕەوەکانی تر دادەنێت و دەڵێت ئەم هێرشەی حەماس هێرشەکەی داعشی دژ بە ئێزدییەکان لە ساڵی 2014 بیر دەخاتەوە "‌هێرشەکەی حەماس زۆر لە هێرشەکەی ساڵی 2014ی داعش بۆ سەر شەنگال دەچوو، کە داعش هێرشی کردە سەر ئێزیدییەکان، و ئەوانیش دەچوونە ناو کۆمەڵگاکانەوە هەموو پیاوەکانیان کۆمەڵکوژ دەکرد و ژن و منداڵەکانیان دەڕفاند، هەروەها بێرێزیی و سوکایەتییان بە تەرمەکان دەکرد، کە لە ڕاستیدا بینیومانە حەماسیش هەمان کار دەکات. کەواتە، پێموایە زۆر ڕوونە. ئایدۆلۆژیای حەماس و تیرۆریستان تاوانی جەنگی خراپن، تاوانی دژ بە مرۆڤایەتین."

بەڵام دەڵێت سروشتی ئەم ڕێکخراوە تاوانکارییەی هاوشێوەی داعشە بە شێوەیەکە کە " هۆکارێک هەندێک وڵات کە لە ڕاستیدا تەنانەت هاوپەیمانی ڕۆژئاواشن ساڵانێکی زۆرە پشتیوانی حەماس دەکەن و هەوڵ دەدەن بۆ ئاساییکردنەوە و بە دامەزراوەییکردنی ئەو گرووپە و ڕێگەدان بە بەڕێوەبردنی غەززە وەک ئەوەی دەوڵەتێکی ئاسایی و نزیکە لە جۆرێک لە دەوڵەت، بەڵام بەداخەوە لە ڕاستیدا ڕێکخراوێکە کە ڕقی فاشیستی توندڕەوی ڕاستڕەوی توندڕەوی پەروەردە کردووە و ئەمەش ڕێکخراوێکی دڕندەیی سێکسییە، ڕێکخراوێکی شۆڤێنیستییە، ڕێکخراوێکی جینۆسایدە. پێویستە ڕوون بێت کە لە 7 ی10 دا ڕێک ئەوەیان کرد."

فرانتسمان لە وتووێژەکەیدا لەگەڵ بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا گوتیشی "ئەمە هێرشێکی جینۆساید بوو. وە نەک تەنها هاوشێوەی داعشە، بەڵکو هێرشەکانی پێشووتر لەگەڵ گروپە تیرۆریستییەکانی تردا بینیومانە، جا ئەلقاعیدە بێت یان بۆکۆحەرام، یان تەنانەت گروپەکانی وەک ئەحرار شەرقیە و ئەم گروپانە لە سوریا، وەک ئەوانەی هێرشیان کردە سەر عەفرین یان... ئەوانەی کە هێڤرین خەلەفیان کوشت و هێرشی نزیکەی هاوشێوەیان دژ بە ژنانی کورد لە سوریاش ئەنجامدا."

حەماس ڕایگەیاند 5000 موشەکی ئاڕاستەی ئیسڕائیل کردووە، لە ئۆپەراسیۆنێکدا کە ناویناوە " ئۆپەراسیۆنی لافاوی ئەل ئەقسا."
سەرکردەی حەماس، ئیسماعیل هەنییە، ڕۆژی شەممە بەڵێنیدا بەردەوام بێت لە " شەڕەکە بۆ ئازادکردنی خاکەکەمان و زیندانییەکانمان لە زیندانەکانی داگیرکاردا."

نەتەوە یەکگرتووەکان دەڵێت لە سەرەتای دەستپێکردنی شەڕەکەوە لە ڕۆژی شەممە، زیاتر لە 123000 کەس لە ناوخۆی غەزەدا ئاوارەبوون. سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەنتۆنیۆ گۆتیرێش بە توندی سەرکۆنەی " هێرشەکەی حەماسی کرد بۆ سەر ئیسڕائیل " و داوای " هەوڵی دیپلۆماسی کرد بۆ دوورکەوتنەوە لە ململانێیەکی بەرفراوانتر."