هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخموور: قوربانیانی هێرشە درۆنییەکەی کۆیە خێزانێکی کەمپی مەخموورن کە بۆ مەڕداری چووبوونە ڕانیە

لە ئەنجامی هێرشی فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوان لە ناحیەی چنارۆکی سەر بە قەزای کۆیە کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی تریش بریندارە. هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخمووریش بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند ئەو کەسانەی کراونەتە ئامانج لە یەک خێزانن و "خەڵکی سڤیلن."

سەرلەبەیانی ڕۆژی سێشەممە 17ی مانگی دەی 2023 لە ناوچەی گەشتیاری چنارۆکی سەر بە قەزای کۆیە، ئۆتۆمبێلێک لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانەوە کرایە ئامانج و بەهۆی هێرشەکەشەوە کەسێک گیانی لەدەستدا و کەسێکی تریش برینداربوو.

هاوکار عەلی گوتەبێژی تەندروستی کۆیە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "دوو کەس بە برینداری گەیەندراونەتە نە خۆشخانەی فریاکەوتنی کۆیە، بەڵام یەکێکیان بەهۆی سەختی برینەکەیەوە گیانی لەدەستداوە، کە لە ڕەگەزی نێرە و شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە بووە. ئەوەی تریشیان ژنە و بریندارە."

بە پێی زانیارییەکان، ئەو کەسەی گیانی لە دەستداوە ناوی دلۆڤان سەلیمە و لە دایک بووی ساڵی 1996ە.

بەدران پیران، هاوسەرۆکی شارەوانی کەمپی مەخموور بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "سەرنشینانی ئۆتۆمبێلەکە دانیشتووی کەمپی مەخموورن و خەڵکی باکوری کوردستانن، ئەندامی یەک خێزانن و پێکهاتوون لە دایک و کوڕێک و دوو کچ. شۆفێری ئۆتۆمبێلەکە کە کوڕەکەیانە و تەمەنی نزیکەی 27 ساڵ دەبێت، لە هەرێمی کوردستان لە دایکبووە. یەک ئەندامی تریش بریندارە و دوانەکەی تریش سەلامەتن."

پیران ڕاشیگەیاند، "ئەو خێزانە سڤیلن و مەڕدارن. لە نزیک شارۆچکەی ڕانیە خەریکی مەڕدارین. ئەمڕۆ لە کاتی گەڕانەوەیان بۆ کەمپی مەخموور لەلایەن فڕۆکەی بێ فڕۆکەوانی تورکیەوە کراونەتە ئامانج."

دەنگی ئەمەریکا بۆ پشتڕاستکردنەوەی زانیاریەکان، پەیوەندی کرد بە هەر یەک لە عەمید عەلی عەبدوڵا بەڕێوەبەری پۆلیسی کۆیە، بەڵام پەیوەندیەکە بەردەست نەبوو. هەرچی لیوا حەیدەر بەڕێوەبەری ئاسایشی کۆیەشە ئامادە نەبوو لێدوان بدات لەو بارەیەوە.

ئەمە لە کاتێکدایە ڕۆژی سێشەممە لە ڕاگەیێندراوێکدا دوای هێرشەکە، دەزگای دژه تیرۆری سەر بە ئەنجومەنی ئاسایشی هەرێمی کوردستان ڕایگەیاند، "فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی سوپای تورکیا ئۆتۆمبێلێکی چەکدارانی پەکەکەی لە نزیک گوندی کانی کەند لە قەزای کۆیەی سەر بە پارێزگای هەولێر کردە ئامانج و، بەهۆیەوە کەسێک کوژراو و کەسێکی دیکەش بریندار بوو."