ئاوات شێخ جەناب: تا ئەندازەیەکی زۆر تێگەیشتنی هاوبەش لە نێوان هەرێم و بەغدا هەیە لەسەر چۆنیێتیی چارەسەرکردنی کێشەی مووچەی مووچەخۆران  

شاندێکی دارایی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی وەزیری دارایی ئاوات شێخ جەناب ئەمڕۆ لە بەغدا لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و سامی تەیف وەزیری دارایی حکومەتی ناوەندی کوبووەوە.

پاش کۆبونەوەکە ئاوات شێخ جەناب لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا باسی لە کۆبونەوەکەیان لەگەڵ لیژنەی دارایی پەرلەمان و وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵی کرد و گوتی تا ئەندازەیەکی زۆر تێگەیشتنێکی هاوبەش هەیە لەسەر چۆنیێتیی چارەسەرکردنی کێشەکانی مووچەی مووچەخۆران و جیاکردنەوەی لە "خەرجیی کردەیی و دوورخستنەوەی لە کێشە سیاسییەکان."

گوتیشی " هەردوولامان هاوڕا و هاوهەڵوێست بووین لەسەر ئەوەی پێویستە کێشەکانی مووچەخۆرانی هەرێم بە یەکجاری چارەسەربکرێت."

ئاماژەی بەوەش کرد کۆبونەوەکە نزیکەی چوار کاتژمێری خایاندوو و کۆبونەوەیەکی " زۆر دۆستانە و برایانە بوو " و " هەنگاوێکی گرنگیش و ستراتیژیش بوو" بۆ پەیوەندییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم.

وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان سەبارەت بە ناردنی 700 ملیار دیناری دووهەم لەلایەن حکومەتی فیدرالێیەوە گوتی ''هیچ رێگرییەک و هیچ جۆرە ویستێکمان لەلایەن وەزیری دارایی عێراق بەمەبەستی نەناردنی ئەو 700 ملیار دینارە نەبینی، ئەوەی لەلایەن سەرۆکی لیژنەی دارایی، ئەندامانی لیژنەکە و وەزیری داراییەوە هەستمان پێکرد، وەڵامدانەوەیەکی دۆستانەی هاونیشتمانییانە بوو".

ئەمەش ببینە ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق: پێنەدانی پارە بە دۆلار لە بانکەکاندا پێچەوانەی بڕیاری بانکی ناوەندیە

فەرمانگەی راگەیاندنی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەیاننامەیەكدا دەڵێت بە پێی راسپاردەی سەرۆكایەتی ئەنجومەنی نوێنەران، لیژنەی دارایی بە سەرۆكایەتی عەتوان عەتوانی سەرۆكی لیژنەكە و بە ئامادەبوونی سەرجەم ئەندامانی، ڕۆژی چوارشەممە دانیشتنێكی ئەنجام دا و "تیایدا میوانداری وەزیری دارایی حکومەتی فیدراڵ تەیف سامی و وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان ئاوات شێخ جەناب و سەرۆكی دیوانی چاودێریی و سەرۆكی دیوانی سەرۆكایەتی وەزیرانی هەرێم و شاندی یاوەری کرا بۆ بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی یاسای بودجەی گشتی فیدراڵی و داهاتە نەوتی و نانەوتییەكان لە هەرێم، جگە لە دۆسیەی ئەو قەرزانەی پێیدراوە."

هەر لە بەیاننامەكەدا هاتووە، جێگری سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران شاخەوان عەبدوڵا لە میانی دانیشتنەكەدا، جەختیكردەوە "لەسەر ئەوەی كە ئەنجومەن پشتگیری لە هەموو ئەو ڕاسپاردانە دەكات كە لەلایەن لیژنەی داراییەوە وەرگیراون بۆ گەیشتن بە ئەنجامە بەبەرهەمەکان، ئەمەش ئاماژەیە بۆ پەرۆشی لیژنەكە بۆ چارەسەركردنی كێشە هەڵپەسێردراوەكانی ئەم دۆسیەیە بە شێوەیەك كە دڵنیابێت لە گەیشتن بەو ئامانجانەی لەگەڵ داخوازیییەکانی خەڵکیدا بگونجێت."

بەپێی بەیاننامەكە، سەرۆكی لیژنەی دارایی رایگەیاندووە " گرفت هەیە سەبارەت بە جێبەجێكردنی بڕگەكانی بودجەی پەیوەست بە هەرێمی كوردستان، كە پێویستی بە هەوڵی هاوبەش هەیە، و ئاماژەی بە گرنگی دانیشتنەكە كرد بەمەبەستی گەیشتن بە ئەنجامی هەمەلایەنە."

لە بەیاننامەکەدا ئاماژە بەوەش کراوە وەزیری دارایی فیدراڵی تەیف سامیی لە کۆبونەوەکەدا ڕایگەیاندووە " لە ناردنی پارە و جێبەجێکردنی پڕۆژەکان بەپێی یاسای کارگێری دارایی و بودجە کاردەکەن، بەپێی ئەو یاسایانەش هەژمارێک کرایەوە بۆ ئەوی هەرێم داهاتەکانی تێدا دابنێت، بەڵام تا ئێستا هیچ بڕە پارەیەکی تێدا دانەنراوە."

ڕۆژی چوارشەممە 11ی مانگی دە، حکومەتی هەرێمی کوردستان لە کۆبونەوەی ئەنجومەنی وەزیراندا ڕایگەیاند ئەوەی لەسەر حکومەتی هەرێمی کوردستانە جێبەجێ کراوە و ئیتر ئەرکی حکومەتی فیدڕاڵە، مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم لە ڕێگەی دامەزراوە فەرمییەکانی حکومەتی هەرێم، وەک شایستەی دارایی خۆیان دابین بکات.

لە ماوەی چەند مانگی ڕابردوو چەندین شاندی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدایان کردووە بۆ چارەسەرکردنی کێشە داراییەکانی نێوان بەغدا و هەرێم. لە 14ی مانگی نۆ شارنێکی باڵای هەرێم سەردانی بەغدای کرد. شاندە باڵاکەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێکهاتبوون لە مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیران، قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکوەزیران، ئاوات شیخ جەناب وەزیری دارایی، رێبەر ئەحمەد وەزیری ناوخۆ، ئومێد سەباح سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رەحیم سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، و پێشەوا هەورامانی گوتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

دوای ئەو سەردانە حکومەتی عێراق بڕیاری دا مانگانە 700 ملیار قەرز بداتە حکومەتی هەرێم و هەرێمیش دەڵێت ئێمە داوای قەرزی شەش مانگمان کردووە.