جارێکی تریش پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان کۆبوونەوەی خۆیان دەکەن و بەپێی ڕاگەیەندراوی دوای کۆبوونەوەکەیان بڕیاردراوە "کۆبوونەوەکان لە ئایندەدا بەردەوام بن."
ژمارەیەک لە سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان بەوە کردووە لەو کۆبوونەوەیەی ڕۆژی سێشەممەی هاوینەهەواری پیرمامدا، بافڵ و قوباد تاڵەبانی لە شاندی یەکێتی و نێچیرڤان و مەسرور بارزانیش لە شاندی پارتی کۆبوونەوەیەکیان کردووە لە ژوورێکی داخراودا و هیچ زانیارییەکیش نەدراوە لەسەر وردەکاریی وتوێژە هاوبەشەکەی نێوان دوو براکەی زۆنی سەوز و دوو ئامۆزاکەی زۆنی زەردیش.
پارتی و یەکێتی لە ناکۆکییەکی قوڵدان و ڕکابەرییەکی لە مێژینەش هەیە لە نێوانیاندا، لەم چەندان ساڵەی ڕابردوودا، ئەم دوو لایەنە هاوپەیمانە ستراتیژیەی پێشوو، دەیان کۆبوونەوەیان هەبووە بەڵام لە هیچ یەکێک لەو کۆبوونەوانەدا ئەنجامێکی ئەرێنی نەهاتۆتە ئاراوە کە بگوترێت تەمی ئەو ناکۆکی و ڕکابەرییەی ئاسمانی هەرێمی کوردستانی عێراقی گرتووە دەبات بەرەو ڕەوینەوە.
لە ئێستادا هەروادێ و هەژموونی زیاتری بەغدا بەسەر هەرێمەوە دەبینرێت بەتایبەتیش لە دۆسێی سەربەخۆیی ئابوری هەرێمدا و بێ لەوەش بڕیارەکانی دادگای باڵای عێراق توانایی و هێزی هەرێمی کەمتر کردونەتەوە بە ئەندازەیەک هەرێم بۆ تێپەڕاندنی کار و ئەرکەکانی خۆی، چاوی لە بەغدایە. چاودێر دەڵێن، قەوارەی هەرێمی کوردستان لەبەردەم مەترسیدایە، نەک هەر بەهۆی بەغداوە بەڵکو بەهۆی لێکەوتەکانی ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە.
ئایا سەرکردایەتی سیاسی کورد، پارتی و یەکێتی، تیگەیشتنیان هەیە بۆ هەستیاریی ئەم ڕەوشەی ئێستای هەرێم و عێراق و ناوچەکەش؟
مەسعود عەبدولخالق، سەرۆکی دەزگای ستاندەر، لەوبڕوایەدایە هەردوولایەن لە هەستیاری تەواوەتی ڕەوشەکان تێگەیشتوون و دەڵێت "پارتی و یەکێتی تا ڕادەیەک لەو مەترسیانە تێگەیشتوون کە بەهۆێ عێراق و ڕووداوەکانی تری ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستەوە لەسەریانە و لە پەیوەندی بەو ڕەوشەشەوە گەلێک ئاگاداری و هۆشداری توندیش دراون بە هەردوولایان."
شوان محەمەد، سەرنوسەری سپی میدیا دەڵێت "پارتی و یەکێتی دواکەوتوون لەوەی بتوانن وەڵامدانەوەیان هەبێت بۆ بارودۆخی ئەمڕۆی هەرێم و عێراق و ناوچەکە؛ هەرێم خۆی، قەوارەکەی هەڕەشەیەکی گەورەی لەسەربوو بەتایبەت لەلایەن شیعەکانی سەر بە ئێران و میلیشیاکانی، هاوکات لەلایەن تورکیا و ئێرانیشەوە؛ ئەمە بێ لەوەی هەرێم خۆیشی لە دۆخێکدایە ئیرەیی پێنابرێت."
بەڕێز محەمەد، جەخت دەکاتەوە لەوەی وەک دەڵێت "بەڵێ کۆبوونەوە پێویستە، بەڵام پارتی و یەکێتی کاتە زێڕینەکەیان لەدەستداوە و دەمێک ساڵە پارتی و یەکێتی ڕێز لە کات ناگرن و ڕووداوەکان پەلکێشیان دەکەن بە دوای خۆیاندا، هەربۆیە کۆبوونەوەکەی ڕۆژی سێشەممەیان لە کاتێکی بەسەرچوودا کراوە و ئەگەر بڕیارێکیشی تیادا بدرێت ئەوا لەوانەیە بڕیارێکی ئیفلیج بێت و بەپێی زانیارییەکانیش پارتی و یەکێتی نەگەیشتوونەتە ڕێککەوتنێکی کۆنکریتی و بە هەمان شێوە نەشگەیشتوونەتە ئەوەی بایکۆتی یەکتر بکەن."
سەرنوسەری سپی میدیا دەشڵێت "پێویستە لە خۆمان بپرسین ئایا ئەگەر پارتی و یەکێتی ڕێکبکەون لە بەرژەوەندی خەڵکدا دەبێت؟! بەشێکی کەم لە بەرژەوەندی خەڵکدا دەبێت و ئەوەی ئەو دوو هێزە دەیکەن ئەوەیە ڕەوشەکەیان نەگاتە بارگرژیی؛ ئەم دوو هێزە هەموو ڕێککەوتنێکیان لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندایە."
ئەم ڕەوشەی ئێستا لە هەرێم هەیە وەک بەڕێز عەبدولخالق ئاماژەی پێدەکات زیانێکی زۆری داوە لە پارتی و دەڵێت "پرسی هەناردەی نەوت و پرسی بودجە و موچە و بڕیارەکانی تری دادگای فێدراڵی؛ ئەوەی ئێستا هەیە؛ یەکێتی وەک پێشتر خۆی نەداوەتە دەست پارتی و ئەوەی پارتی دەیەوێت بەگوێی بکرێت، هەربۆیە پارتی دیموکراتی کوردستان لەم ماوەیەدا زیانێکی زۆری لێکەوت و سەرکردایەتی یەکێتیش چونکە زۆر بەهێز نییە نەیتوانیوە وەبەرهێنان لەو زیانانەدا بکات و بیانکاتە سوودێک بۆ خۆی."
هاوکاتی ئەو کۆبوونەوەیەی ڕۆژی سێشەممەی نێوان پارتی و یەکێتی، پرسیارگەلێک هاتنە ئاراوە سەبارەت بە خۆپیشاندانی مامۆستایان و فەرمانبەران لە زۆنی سەوزدا و ئایا چارەنوسی خۆپیشاندانەکان و داواکاری خۆپیشاندەران چییان بەسەردێت؟
شوان محەمەد جەخت دەکاتەوە لەوەی هەموو داواکارییەکانی خۆپیشاندەران ڕەوان؛ بەڵام دەشڵێت بە باشی دەزانێت لە ئاوەها ڕەوشێکی وەک ئێستادا خۆپیشاندانەکان ڕابگیرێن وەک دەڵێت "چونکە لەم ڕەوشەدا، کاریگەرییە نەرێنییەکانی بەسەر کۆمەڵگەوە دەردەخات و کەمتریش سوودی هەیە ئەگەر بەردەوام بێت."
بەڕێز محەمەد ئاماژەش دەکات بە نابەرپرسیارێتی پارتی و یەکێتی لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا، وەک دەڵێت "هیچ باکیان نییە بەوەی خوێندن هەبێت یان نەبێت، هیچ باکیان نییە بەوەی ڕێگاوبانەکانمان پۆلیسی هاتوچۆی لێبێت یان نەبێت، هیچ باکیان نییە پزیشکەکانمان لە نەخۆشخانەکان بن یان نا؛ پارتی و یەکێتی تەنها باکیان بە دوو شتە؛ هێزێکی ئاسایشی پارێزگارییان لێبکات، هەروەهاش ڕەوڕەوەی ئابورییان بڕوات کە دەروازەکان و هەندێک دامەزراوەن."
زۆربەی خۆپیشاندانەکان لە زۆنی سەوز دەکرێن و هەندێک لە سەرچاوەکان لە زۆنی زەردەوە دەڵێن لایەنێکی سیاسی خۆپیشاندەران هاندەدات تا دژی حکومەتی هەرێم خۆپیشاندان بکەن، ئەڵبەت مەبەست لەو لایەنەش یەکێتی نیشتمانی کوردستانە.
سەرۆکی حکومەتی هەرێم لە 25 ی مانگی دە ڕایگەیاند رەنگە"هەندێک لایەن" یاری بە هەستی مامۆستایان بکەن. ئەو وتی، " ئەوانەی كە ئێستا هانی مامۆستایان دەدەن كە نەیەنەوە بۆ پۆلەكان و قوتابخانەكان، دەیانەوێت تۆڵەی ئەوانەی مووچەكانیان بڕیوە لە قوتابییەكان بكەنەوە كە ئەمە بەهیچ جۆرێک شیاو نییە."
هەروەها گوتیشی " منیش دەنگی خۆم دەخەمە پاڵ دەنگی ئەوان كە پێویستە هەموو ماف و شایستە داراییەكانی ئەوان دابین بكرێت. بەڵام پێویستە ڕووی ڕەخنەكانمان لەو لایە بێت كە هۆكارە بۆ بڕین یان دواخستنی مووچەكانیان. حكومەتی هەرێم هۆكار نییە، حكومەتی هەرێم زۆر بە پەرۆشە بۆ ئەوەی بە زووترین كات مووچەكانیان بۆ دابین بكات، بەردەوامیش دەبین بۆ ئەوەی داوای ئەو مافەی مامۆستایان و هەموو فەرمانبەرانی تری خەڵكی كوردستان بكەین."
حکومەتی هەرێم دابین نەکردی مووچەکان دەخاتە ئەستۆی حکومەتی ناوەندی لە بەغدا.
شوان محەمەد دەڵێت "جێگەی داخە تا ئێستا نەتوانراوە ئەو خۆپیشاندانانە گشتگیر بکرێن و نەتوانراوە فەرمانبەران و توێژەکانی تر تێکەڵی بن، نەتوانراوە لە زۆنی سەوز دەربازبێت و بچێتە ناوچەکانی هەولێر و دهۆک لە زۆنی زەرد. ماوەی 9 ساڵە ئەم خۆپیشاندانانە ئاوەهان، هەربۆیەشە لە ئێستادا بارە نەرێنییەکانی لەسەر کۆمەڵگە زیاترن، بارە نەرێنییە دوورمەوداکەی، بەو مانایەی ئەو منداڵانەی ناچنەوە خوێندنگەکانیان، ئەوا یان لە ماڵ دەمێننەوە، یان لە بازاڕەکاندا دەسوڕێنەوە یانیش لەوانەیە لە چەند مزگەوتێکدا دووچاری توندڕەوی بن، یان سبەی دەڕوات بەرەو دەستەیەکی نەخوێندەوار؛ جا دەشبێت بڵێم کە یەکێتی و پارتی هەر باکیان پێی نییە."
سەرنوسەری سپی میدیا، داواش لە مامۆستایان دەکات تا بگەڕێنەوە پۆلەکانی خوێندن و دەشڵێت "هەموو داواکانیان ڕەوان و کەسانی سەربەخۆ و ڕێکوڕەوانی تیادایە، بەڵام لەناویشیاندا هەن کە هێزە سیاسییەکان بەکاریان دەهێنن بۆ دژایەتیکردنی یەکتر؛ هەربۆیە کاتیەتی مامۆستایان بە بەرپرسانە لەگەڵ باوکی قوتابییەکان و لەگەڵ قوتابییەکانیشدا دەست بکەنەوە بە کاری خۆیان، لەو سۆنگەیەوەی کە کۆمەڵگە خۆی بەرپرس بێت بەرامبەر بە کۆمەڵگەکەی خۆی، دەستەبژێری کۆمەڵگە بەرپرس بێت، چونکە پارتی و یەکێتی لە ئاستی هەرە نزمی بەرپرسیارێتیدان لە بەرامبەر کۆمەڵگەدا و هەربۆیە پێویستە دەستەبژێری کۆمەڵگەکەمان هەست بەو بەرپرسیارێتییە بکات لە بەرامبەر کۆمەڵگەکەیدا و بەرامبەر ژیانی شارستانی کۆمەڵگەکەی."
خۆپیشاندانی مامۆستایان و وانەبێژان بەردەوامە و خۆپیشاندەرانیش سوورن لەسەر داواکانیان و داواش دەکەن، پێویستە حکومەت چارەسەری خێرا بدۆزێتەوە بۆ ئەو کێشانەی ڕووبەڕووی بواری پەروەردە دەبنەوە لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا.
سەبارەت بە پرسی کۆبوونەوەی چوارقۆڵی، سەرۆکی دەزگای ستاندەر دەڵێت "ئەو دانیشتنە خێزانییە لەبەر هەندێک هۆکارە، وەک ئەو بابەتانەی پەیوەندییان هەن بە خێزانەکانەوە، لەوانە داهاتەکان، پرسی تری دارایی و هەندێک کێشەی ناو حکومەت؛ دەرفەت هەبووە تا ڕادەیەک لێکنزیکبوونەوە هەبووبێت لە نێوانیاندا بەڵام زۆرتر وەها پێدەچێت نەگەیشتبنە ڕێککەوتن، چونکە یەکێتی نیشتمانی لە جەمسەرێکی ستراتیژی زۆر جودادایە بە بەراورد لەگەڵ ئەو جەمسەرەی پارتی دیموکرات تیایدایە لە ناوچەکەدا."
مەسعود عەبدولخالق دەڵێت "لە دانیشتنە خێزانییەکاندا ئەگەر میللەت تەرازوو بێت بۆ هەڵسەنگاندن، ئەوا چ بگەنە یەک یان نەگەنە یەک لە هەردوو باردا زیانە و تەنانەت ئەگەر ڕێکیش بکەون ئەوا میللەت سودێکی ئەوتۆی لێنابینێت، وەک لە قورئاندا هاتووە ( و تعاونوا علی الاثم و العدوان) ئەڵبەت مەرج نییە هەموو هاوکارییەک باش بێت؛ زیانەکە لەو ئەگەر و نەگەری ڕیککەوتنەدا دوو سەرەیە، ئەگەر ڕێکبکەون ئەوا میللەت زیان دەکات، ئەگەر ڕێکیش نەکەون ئەوا نیشتمان زیان دەکات؛ بەڵام ئەو دوو لایەنەی فەرمانڕەوای هەرێم، ئەگەر ڕێککەوتنێکی یەکلاکەرەوەی نیشتمانیانە بکەن، ئەوا بێگومان سوودێکی ئیجگار گەورەی دەبێت و ڕەوشی هەرێمی کوردستانیش دەگۆڕدرێت، بەڵام مەخابن ئەو جۆرە ڕێککەوتنە دوورە و ڕێککەوتنەکان ڕێککەوتنی خێزانەکانە هەربۆیە چاوەڕوانی گۆڕانکارییەکی گەورە ناکرێت لە ئاکامی ڕێککەوتنیان، چونکە کاتیی دەبێت و کورتخایەنیش دەبێت."