پێشەوا هەورامی: حکومەتی هەرێم دەیەوێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت

وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەبارەت بەسەردانی وەفدی حکومەتی هەرێمی کوردستان بۆ بەغداد و کۆبوونەوەیان لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕایدەگەیەنێت، "لێکتێگەشتنی باش" هەبووە لە نێوان هەردوولادا و ئامانجی سەردانەکەش بە مەبەستی جەخت کردنەوە بووە لەسەر ئەنجامدانی هەڵبژاردن و ئامادەیی دەربڕین بووە بۆ هەر ئاسانکاریەک کە پێویست بێت حکومەتی هەرێم پێشکەشی حکومەتی ناوەندی بکات.

ڕۆژی چوارشەممە 8ی مانگی یازدەی 2023 شاندێکی حکومەتی هەرێمی کوردستان سەردانی بەغدادی کرد و لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کۆبوونەوە لەبارەی ئامادەکارییەکان بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان.

پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بە نسبەت شاندەکەی ئەمڕۆ لەسەر ڕاسپاردەی سەرۆک وەزیران چوونەتە بەغداد. حکومەتی هەرێمی کوردستان دەیەوێت هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا ئەنجامبدرێت، لەبەرئەوەی ئەو ئەرکە لەسەر کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقە."

وتیشی،"ئێمە دەمانەوێت هەماهەنگیەکی باش هەبێت لەگەڵ حکومەتی عێراق و کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقدا. شاندی هەرێم چوو بۆ ئەوەی ئامادەیی پیشانبدات بەوەی حکومەتی هەرێم ئامادەی هەموو ئاسانکاریەکە، کە هەڵبژاردن لە وادەی خۆیدا بکرێت و دوا نەخرێت."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ڕۆژی 25-2-2024ی وەک رۆژی ئەنجامدانی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە. بەڵام سەرباری دواکەوتنی هەڵبژاردنەکان بۆ چەندین مانگ، تا ئێستا دەنگدان لە مانگی دوو یەکلایی نەبۆتەوە بەهۆی ناکۆکی یەکێتی و پارتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکان.
یەکێتی نیشتیمانی کوردستان لە ڕێگەی دادگای فیدراڵیەوە داوای هەمواری 5 مادەی لە یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان کردووە، بەڵام تا ئێستا 4 جار بڕیاردان لەسەر سکاڵاکەی یەکێتی دواخراوە.

ئەو مادانەی یەکێتی داوای هەموار کردنەوەیان دەکات پێکهاتوون لە مادەکانی 1 ، 9 ، 15، 22، 36 کە دیارترینیان پرسی یەک بازنەیی و کورسی کۆتاکانە. یەکێتی دەڵێت ئەو مادانە لە بەرژەوەندی پارتیدان.
سەعدی ئەحمەد پیرە وتەبێژی یەکێتی لەسەر ئەم پرسە دوێنێ بە دەنگی ئەمەریکای ڕایگەیاند،"ئێمە سورین لەسەر دەعواکەمان لە بەغداد و چاوەڕێی ئەنجامەکەی دەکەین."

ئەو پێنج مادەیە پێشتر هەموار کراونەتەوە، بەڵام یەکێتی داوای کردووە هەموارەکان هەڵبوەشێندرێتەوە. پێشتر هەرێم بەسەر چوار بازنەی هەڵبژاردندا دابەشکرابوو، بەڵام لە ئێستادا یەک بازنەیە، وە ژمارەی کورسیەکانی پەرلەمانی کوردستان 105 کورسی بوو، بەڵام بە زیاد کردنی پێنج کورسی بۆ تورکمان و کورسیەک بۆ ئەرمەنیەکان ژمارەی کورسیەکان کرابوو بە 111 کورسی. هەروەها ژمارەی دەنگدەر بۆ هەر کورسیەک نادیارە لە هەرێمدا، بەڵام یەکێتی داوا دەکات وەک عێراق دیاری بکرێت کە ژمارەی دەنگدەر بۆ کورسیەک 100 هەزار دەنگدەرە، وە کورسی پێکهاتەکانیش بە یەکسانی هەموو ناوچەکانی هەرێم بگرێتەوە.

تا ئێستا پارتی و یەکێتی لەسەر ئەم پرسانە ناکۆکن، یەکێتی چاوەڕیی یەکلابوونەوەی ئەم مادانەیە لە ڕێگەی دادگای فیدڕالیەوە و تورکمانەکانیش لە هەفتەی ڕابردوودا ناڕەزایەتیان لە بەرامبەر داواکردنی کەمکردنەوەی کورسیەکانیان پیشاندا.

لە دوای کۆبوونەوەکەی دوێنێی پیرمام لە نێوانیان، یەکێتی و پارتی لێدوانی جیاوازیان لە بارەی هەڵبژاردنەکانەوەدا.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە لێدوانێکی میدیاییدا ڕایگەیاند،"هیوادارین" هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا بکرێت.

لەلایەن بەشێک لە شارەزایانی هەڵبژاردنەوە قسەکانی سەرۆکی هەرێم وا لێکدرایەوە کە ئەگەری ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا لاوازە.

ئارام جەمال سەرۆکی پەیمانگای کوردی بۆ هەڵبژاردن بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێم وایە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەوێتە سەر ئەنجامی بڕیارەکەی دادگای فیدراڵی. ئەگەر بڕیارەکە لە بەرژەوەندی لایەنی سکاڵاکار بێت واتە یەکێتی، پێدەچیت هەڵبژاردن بخرێتە مانگی 5. ئەگەریش لە بەرژەوەندی لایەنی سکاڵاکار نەبێت، ئەوە لە 25ی مانگی 2 هەڵبژاردن دەکرێت."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی سنور کەریم/ ‌هەڵبژاردن