هاوکاتی ئاڵۆزبوونی ئاسایشی ناوچەکە سودانی سەردانێکی لەناکاو بۆ هەولێر ئەنجام دەدات

سەرۆک وەزیرانی عێراق محمەد شیاع سودانی لەمیانەی سەردانەکەی ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممەیدا بۆ هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەرپرسانی حکومی و حزبیدا کۆبووەوە.

لەگەڵ گەیشتنی سەرۆک وەزیراندا بۆ هەولێر دەزگای دژە تیرۆری هەرێمی کوردستان بڵاوی کردەوە کە فڕۆکەخانەی هەریر لەلایەن گرووپە چەکدارەکانەوە کراوە بە ئامانج.

ئەوەش لە کاتێکدایە پێشتر سودانی هەوڵیدا گرووپە چەکدارەکان قائیل بکات هێرشە سەربازییەکانیان بۆ هێزەکانی ئەمەریکا لە هەرێمی کوردستان و عێراق ڕابگرن، بەڵام لە هەوڵەکانیدا شکستیهینا.

سەرچاوەیەکی باڵای عێراقی کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند "گرووپە چەکدارە شیعەکان نیگەرانن لە ئەدای سەرۆک وەزیرانی عێراق کە دەخوازێت عێراق لەم شەڕە (ئیسرائیل و حەماس) بە دوور بگرێت و باڵانس ڕابگرێت."

هەروەها گوتیشی "بۆمبارانی ئەمشەوی فڕۆکەخانەی هەریر پەیام بووە هەم بۆ سودانی و هەم بۆ پارتیش چونەکە ئەوان پێیان وایە ئەم دوو لایەنە گفتوگۆیان لەگەڵ ئەمەریکاییەکان هەیە."

پاش گەیشتنی بۆ هەولێر سودانی لە هاوینە هەواری پیرمام لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان کۆبووەوە و نوسینگەی سەرۆک وەزیرانی عێراق لەو بارەیەوە دەڵێت سودانی لەگەڵ سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان لە هاوینە هەواری سەلاحەدین کۆبووەوە و " لە دیدارەکەدا بیروڕا و تێڕوانینەکان ئاڵوگۆڕکران و باسی پرسە گشتییەکانمان کرد لەسەر ئاستی نیشتمانی، و باس لە بەدواداچوونی دیارترین دۆسییەکان کرا لە رووی جێبەجێکردن لە کارنامەی حکومەت، جگە لە باسکردنی دوایین پێشهاتە ئەمنی و سیاسییەکان لەسەر ئاستی ناوچەکە و ئەو ڕووداوە کارەساتبارانەی لە کەرتی غەززە ڕوودەدەن و ئەو دوژمنکارییەی زایۆنی دەیکاتە سەر رۆڵەکانی گەلی فەلەستینی."

سەردانەکەی سودانی هاوکاتە لەگەڵ ناکۆکییەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی ناوەندی لە بەغدا لەسەر بەشە بودجەی هەرێمی کوردستان لە کاتێکدا مامۆسایان لە پارێزگاکانی سلێمانی و هەڵەبجە بەهۆی نەدانی مووچەکانیان بایکۆتی هۆڵەکانی خوێندیان کردووە و حکومەتی هەرێمیش، حکومەتی عێراق بە نەناردنی مووچە تۆمەتبار دەکات.

لە کۆبونەوەکەی ئێوارەی پێنجشەممەدا جگە لە مەسعود بارزانی سەرۆکی پێشووی هەرێمی کوردستان، هەر یەک لە نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردسان و مەسرور بارزانی سەرۆک وەزیرانی هەرێم ئامادە بوون.