ئاری هەرسین: چالاکی دەزگا هەواڵگریەکان لە هەموو دنیادا دژی نەیارەکانیان بوونی هەیە، هێشتا هەرێم لەو ئاستەدا نییە کە مرۆڤ توشی شۆک ببێت

ئەندامانی حزبە ئۆپۆزسیۆنە کوردەکانی ئێران و تورکیا لە هەرێمی کوردستان دەکرێنە ئامانج و پەنجەی تۆمەت بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی ئەو دوو وڵاتە درێژ دەکرێت. بەپرسانی حزبە کوردییەکانی هەرێمیش دەڵێن چالاکی دەزگا هەواڵگریەکان لە هەموو دنیادا دژی نەیارەکانیان بوونی هەیە و هەرێم پەناگەیەکی ئارامە بۆ کوردان.

ئاری هەرسین، کادری پێشکەوتووی پارتی دیموکراتی کوردستان لە بارەی بە ئامانجگرتنی ئەندامانی حزبە کوردیە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و تورکیا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "وەک چۆن دەزگا هەوالگریەکان لە ناو وڵاتانی پێشکەوتوو چالاکی دژی نەیارە سیاسیەکانیان دەکەن، هەمان ئەو دیاردەیە لە هەرێمی کوردستانیش بوونی هەیە."

ڕۆژی پێنج شەممە 16ی ئەم مانگە تەقە لە سوهراب ڕەحمەتی ئەندامی حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران کرا و بە سەختی بریندار کرا. سوهراب کە بە یەک گولە پێکرابوو لە ئێستادا تەندروستی جێگیرە. هەروەها ڕۆژی 18ی مانگی 9 لە ئەنجامی هێرشی چەکداریکدا بۆسەر نوسینگەی نوێنەرایەتی کۆنگرەی نەتەوەیی کوردستان- کەنەکە دەنیز جەودەت ئەندامی و نوێنەری کەنەکە تیرۆر کرا. دوای هێرشەکانیش پەنجەی تۆمەت بۆ دەزگا هەواڵگریەکانی ئێران و تورکیا درێژکرا.

ئاری هەرسین دەڵێت، "ئەو هەوڵەی دراوە لە هەولێر بۆ هێرشکردنە سەر ئەو کادرەی پێشووی دیموکرات شتێکی بچوکە، ژیانی هەموو کەس بە قیمەتە، بەڵام بە بەراورد لەگەڵ وڵاتانی دیکە، کاری لەو شێوەیە لە هەرێم کەمترە. لە نیۆرک لە سەعاتێکدا چەند کەس دەکوژرێت. لەم بیست بۆ سی ساڵە مافیا لە سوید ئەوەندە بەقوەت بووە بە ڕۆژی ڕوناک خەڵک دەکوژرێت، هێشتا هەرێم لەو ئاستەدا نییە کە مرۆڤ توشی شۆک ببێت."

وتیشی،"ئێمە دەوڵەتێکی سەربەخۆ نین و لە بەغداد پێمان دەڵێن بابەتی ئەمنی حکومەتی ئیتیحادی ڕێکی دەخات، لەبەر ئەوە ئەگەر تەعدا بێت بۆ هەرێمی کوردستان تەعداشە بۆ سەروەری عێراق، بابەتەکە گشتیە و تایبەت نییە بەس بە هەرێمی کوردستانەوە، ئێمەش ئەو قوەتەمان نیە هەم لە ڕووی عەسکەریەوە هەم لە ڕووی دارایی و موخابەراتیەوە تا بتوانین ڕووبەڕووی ئەو دەستگا هەواڵگریانە ببینەوە کە سەدان ساڵ ئەزمونیان هەیە."

حزبی دیموکراتی کوردستانی ئێران لەدوای ڕووداوەکە، لەڕاگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوە کردووە کە سۆهراب ئەندامێکی چالاکی حزبەکەیان بووە و هەروەها ئەندامی سەندیکای پارێزەرانە و پارێزەری چەند کەیسێکی هەستیاریش بووە، لەوانە دۆسیەی تیرۆرکردنی قادر قادری فەرماندەی حزبی دیموکرات و موشەکبارانی بنکە و بارەگاکانی حیزبی دیموکرات لە کۆیە و چەندی دۆسیەیەکی تری هەستیار.

لە ڕاگەیەنراوەکەدا هاتووە، "پێشووتر لەلایەن ناوەندە ئەمنیەکانی کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە هەڕەشە لەو ئەندامەیان کراوە، بۆیە داوا دەکەن لە دەزگا ئەمنیەکانی هەولێر تاوانبارانی بدۆزنەوە و بەسزای خۆیان بگەیەنرێن."

مەسعود عەبدولخالق چاودێری سیاسی پێی وایە چیتر هەرێمی کورستان ئارام نییە بۆ کوردانی حزبە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران و تورکیا و تەنانەت خەڵکی هەرێمی کوردستانیش.

مەسعود عەبدولخالق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "زۆر روونە ئەوەی ڕوودەدات لە هەولیر و سلێمانی دەستی وڵاتانی ئیقلیمیە، هەردوو شار بۆ کوردانی پارچەکانی تر ئەمانیان نییە، ڕەنگە لە وڵاتانی ئەوروپا یان شارەکانی دیکەی عێراق ئاسایشیان زیاتر پارێزراوبێت."

دەشڵێت،"هۆکارەکەی لاوازی حزبەکانە بەتایبەت هەردوو حزبی دەسەڵات، بۆ خۆپاراستن پەنا دەبەنە بەر هێزی ئیقلیمی ئەویش بە دڵی خۆیان لەهەرێم دەست بۆ ئەو تیرۆرانە دەبەن، لەم ماوەیە دەنیز ئاشکرایە کێ تیرۆری کرد کەچی نەیانوێرا ئاشکرای بکەن، کە بڵێن تیرۆر کراوە یان بکوژەکە ئاشکرا بکەن، دیارە ناتوانن بڵێن، درۆنی تورکیا لە هاوڵاتی کورد دەدات دەبێت لە نەخۆشخانە بڵێن تەقینەوە بووە."

کوشتن و تەقەکردن تەنها دیاردەی هێرشی سەر ئەندامانی ئەو حزبانە نییە، هێرشی درۆنی تورکی و کوژرانی چەندین چالاکی سیاسی و خەڵکی مەدەنی لە هەرێم و هێرشە درۆنیەکانی ساڵی ڕابردووی ئێران بۆ سەر بنکەو بارەگاکانی حزبە کوردیەکانی ئێران و کوژرانی چەندین ئەندامی ئەو حزبانە کردەی سەربازی بەردەوامی هەردوو وڵاتن لەسەر هەرێمی کوردستان.

موسا باباخانی لە 6 ی 8ی 2021، سیامەند شابۆیی لە 12ی 7 ی 2023، دوان لەو ئەندامانەی حزبە سیاسیەکانن کە لە هەولێر کوژران و لە 7ی 7ی 2023 یش لە قەلادزێ دوو ئەندامی تری هەمان حزب کوژران.

بەسام عەلی کادیری پێشکەوتووی پارتی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"هەرێمی کوردستان بەردەوام پەناگەیەکی ئارام بووە بۆ ئەوانەی لە ناوخۆی عێراق کێشەیان هەبووە، ئەوانەش کە لە پارچەکانی تری کوردستانەوە هاتوون و پەنابەری سیاسی بوون."

وتیشی،"ئەوان وەک پەنابەری سیاسی با بمێننەوە لە هەرێمدا، بەڵام پابەندی یاسا نێودەوڵەتیەکان بن و ئەگەر لە خاکی هەرێمی کوردستانەوە ببنە مەترسی بۆ خاکی دراوسێ، هەرێم توشی ئەو هێرشانە دەبێت کە لە ڕابردوو و لە ئێستاشدا دەکرێنە سەر هەرێم، بۆ ئەوەی مڕاعاتی قەوارەی هەرێم بکرێت، دەبێت ئەو کەسانەی پەنابەری سیاسین، ڕێزی یاسا نێودەوڵەتیەکان بگرن تاکو هەرێمی کوردستان ڕووبەڕووی ئەو هێرشانە نەبێتەوە کە دەکرێتە سەری."