هەندێک لە میدیا عێراقیەکان لە دوێنێوە هەواڵی دەستگیرکردنی "پلەدارێکی سەرۆکایەتی کۆماریان" بە تۆمەتی بارزگانیکردن بە ژنی لەشفرۆشەوە بڵاو کردووەتەوە و بەپێ سۆشیاڵ میدیای نزیک لە هەندێک لایەنە شیعیەکان، دەستگیرکراوەکە برای چاودێرێكی سیاسی نزیک لە پارتی دیموکراتی کوردستانە. بەڵام ئەو چاودێرە بە دەنگی ئەمەریکای راگەیاند، "دەستگیرکراوەکە برام نییە و شیعەکان بە مەبەست وەکو برای من بڵاویان کردووەتەوە، تا لەکەدارم بکەن."
دوێنێ سێشەممە، 28ی مانگی 11، هەندێک لە میدیا و سۆشیاڵ میدیای نزیک لە هەندێک لە هێزە شیعیەکان بڵاویان کردەوە، گوایە ئەفسەرێک لە سەرۆکایەتی کۆمار بە ناوی محەمەد مستەفا باجەلان لە هۆتێلی ریم ئەل بەوادی لەناوچەی سەعدونی بەغدا لە لایەن هێزە ئەمنییەکانەوە دەستگیرکراوە بە تۆمەتی بەڕێوەبردنی باندی لەشفرۆشی و بازرگانی بە مرۆڤەوە. میدیا عێراقییەکان هەروەها وتیان کە ئەم "ئەفسەرە" برای چادێری سیاسی عیماد باجەلانە.
عیماد باجەلان لە میدیا عێراقییەکان وەک چاودێرێکی سیاسی نزیک لە پارتی دەردەکەوێت و زۆر جار بەوە تۆمەتبار دەکرێت کە بەرامبەر بە هێزە شیعەکان زمانێکی زبر بەکاردەهێنێت.
باجەلان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەو کەسەی گوایە لەسەر بارزگانیکردن بە ژنی لەشفرۆشەوە دەستگیرکراوە، نە ئەفسەرە لە سەرۆکایەتی کۆمار و نە برای منیشە. بەڵام لە یەک عەشیرەتین."
وتیشی،"ڕووداوەکە چوارساڵ لەمەوبەر ڕوویداوە، بەڵام هەڵدانەوەی ئەم دۆسیەیە و ناوهێنانی لە سۆشیاڵ میدیای لایەنە شێعیەکان بە برای من، بۆ لێدانە لە نا و و ناوبانگی من، چونکە من لە ڕێگەی میدیا عەرەبیەکانەوە، گەندەڵی هێزە شیعەکان دەدرکێنم و توڕەم کردوون."
لە میدیا عێراقییەکان عیماد باجەلان بەردەوام دەکەوێتە گفتوگۆی توندی سیاسی لەسەر ناکۆکیەکانی نێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی عێراق. هەندێک جاریش لە دەرکەوتنەکانیدا دەیەوێت بەشێوەی جیاوازی پەیامی سیاسی بگەیەنێت؛ بۆ نمونە لە یەکێک لە چاوپێکەوتنە تەلەفزیۆنیەکاندا ساڵی ڕابردوو دەردەکەوێت کە بە ئامێری تەمبور یەکێک لە گۆرانییە ڕەسەنەکانی عەرەبی دەژەنێت.
لە مانگی 6ی ئەمساڵ، ئەو چاودێرە سیاییە لە ڕێگەی میدیا عەرەبیەکانەوە نوری مالیکی سەرۆکی دەوڵەتی یاسای بە "سەرپەرشتیار و پارێزەری گەندەڵی" لە عێراق تۆمەتبار کرد. ئەم وتانە کاردانەوەی لە بەغدا دروستکرد، تا لە ڕۆژی 24ی ئەو مانگە مەکتەبی سیاسی پارتی ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕایگەیاند، "وتەکانی عیماد باجەلان سەبارەت بە بەڕێز مالیکی گوزارشت لە ڕاو بۆچوونی پارتیمان ناکات و ڕای شەخسی خۆیەتی."
عیماد باجەلان دەڵێت، "لەسەر گۆڕەپانی سیاسی و ڕاگەیاندنی عێراقی کاریگەریم هەیە، دەنگم دەگاتە ناوەڕاست و خوارووی عێراق و ئابڕووی هەندێک لایەنی شیعەم بردووە، بۆیە هاتوون دۆسیەی دەستگیرکراوێکی چوارساڵ لەمەوبەریان زیندوو کردۆتەوە و کردوویانە بە برای من، تا بمشکێنن."
ئەمڕۆ سەرۆکایەتی کۆماری عێراق ڕاگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە و ڕەتیکردەوە تۆمەتبارەکە ئەفسەر بووبێت لە لیوای 2ی پاراستنی سەرۆکایەتی کۆمار.
لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی کۆماردا هاتووە، "ماڵپەڕەکانی هەواڵ و بەشێک لە سەکۆکانی سۆشیاڵ میدیا توشی سەرسوڕمانی کردین کاتێک کەسێکیان وەک ئەفسەری لیوای 2ی پاراستنی سەرۆکایەتی کۆمار ناوبردووە و گرتەی ڤیدیۆییان بڵاوکردۆتەوە، لە کاتێکدا هیچ کەسێک بەو باوەوە ئەفسەر نییە لە سەرۆکایەتی کۆمار. دەستگیرکراوەکە ناسنامەی ساختەی پێبووە و پێشتر ڕەوانەی لایەنە پەیوەندیدارەکان کراوە و ڕێوشوێنی یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر، هەروەها گرتە ڤیدیۆییە بڵاوکراوەکەش نوێ نییە و دەگەڕێتەوە بۆ ماوەکانی ڕابردوو."
لەو بارەیەوە عیماد باجەلان وتی، "ڕووداوی دەستگیرکردنی محەمەد مستەفا چوار ساڵ لەمەوبەر ڕوویداوە، تەنها لەبەر ئەوەی لە عەشیرەتەکەی منە و خزمیشم نییە، لایەنە شیعیەکان ئەم دۆسیە کۆنەیان هەڵداوەتەوە و بۆ لەکەدار کردنم، بەڵام من پاشەکشە لە بیرو و ڕاکانم ناکەم."
ئەمە لە کاتێکدایە چەند میدیایەکی عێراقی و سەرچاوەی شیعەکان لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان گرتەیەکی ڤیدیۆییان بڵاوکردۆتەوە کە گوایە دیمەنی ئەو کاتەیە کە تۆمەتبارەکە دەستگیرکراوە و دەڵێن لەکاتی دەستگیرکردنیدا لەلایەن هێزە ئەمنیەکانەوە هەوڵی داوە ناسنامە ئەفسەریەکەی قوتبدات. هەروەها دانپێدانانی ژمارەیەک ژنیان بڵاوکردەوە گوایە ژنی "لەشفرۆشن" و "ئەفسەرەکە" بازرگانی پێوەکردوون.
هیچ کامێک لە سەرچاوە عێراقییەکان ناوی ئەو هێزە ئەمنییەیان نەهێناوە کە گوایە "ئەفسەرەکەی" دەستگیرکردووە و هیچ سەرچاوەیەکی ئاسایشی شارەکەش لەسەر ئەم بابەتە ڕاگەیێندراویان بڵاونەکردووەتەوە.
Your browser doesn’t support HTML5