ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێمی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، ئەو لیوایەی هێزی پێشمەرگە کە لەگەڵ لیوایەکی سوپای عێراق دا تێکەڵ دەکرێت و دوو لیوای هاوبەشیان بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێڵی پێشمەرگە و سوپا لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لێ دروست دەکرێت، دەخرێتە سەر سوپای عێراق و هیچ پەیوەندییەکی بەهێزی پێشمەرگەوە نامێنێت.
فەریق جەبار یاوەر، ئەمینداری پێشووی وەزارەتی پێشمەرگەی حکومەتی هەرێم، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەرکی پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوان پێشمەرگە و سوپا لە ناوچە کێشەلەسەرەکان سپێردراوە بە دوو لیوای پێشمەرگە و سوپا کە هێزێکی هاوبەشییان لێ دروست دەکرێت. هێزە هاوبەشەکە سەر بە وەزارەتی بەرگری عێراق دەبێت و پەیوەندی بە پێشمەرگەوە نامێنێت."
لە 16 ی مانگی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017ەوە، لە پارێزگای نەینەواوە تا پارێزگای دیالە ناوچەیەکی بەرفراوانی نێوان هێڵی پێشمەرگە و سوپای عێراق هێزی هیچ لایەکیانی تێدایە نییە. ئەو ناوچانە بە بۆشایی ئەمنی و شوێنی چالاکی داعش ناسراون.
بە ڕێککەوتنی هاوبەشی نێوان وەزارەتی پێشمەرگەو وەزارەتی بەرگری عێراق، هێزێکی هاوبەش لە پێشمەرگە و سوپا بۆ پڕکردنەوەی ئەو ناوچانە پێکهێنراون. هێزەکە لە دوو لیوا پێکهاتوون، لیوایەکیان پێشمەرگە و لیواکەی تریان سەربازی عێراقین. بڕیارە لە سەرەتای مانگی 12ەوە هێزە هاوبەشەی کە پێکهێنراوە دەستبەکاربن و دواتر مەشق و ڕاهێنانیان پێبکرێت.
لیوا عەبدولخالق تەڵعەت، نوێنەری هەردوو وەزارەتی پێشمەرگە و ناوخۆی هەرێم لە فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "بەو دوو لیوا هاوبەشە پێکهێنراوە بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان پێشمەرگە و سوپا پڕ دەکرێنەوە."
وتیشی،"لە چەند ڕۆژی داهاتووداهێزە هاوبەشە پێکهێنراوەکە پێداویستییەکانیان بۆ دابین دەکرێت و ئامادە دەکرێن بۆ بەجێهێنانی ئەرکەکانیان."
ڕۆژی پێنجشەمە، وەزارەتی پێشمەرگە ڕاگەیەنراوێکی بڵاوکردووەتەوە و ئاگاداری سەرجەم ئەو ئەفسەر و پێشمەرگانەی کردووەتەوە کە سەر بە لیوای 20 ی پێشمەرگەن و لەگەڵ لیوایەکی سوپای عێراق دا تێکەڵ دەکرێن بۆ پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی ناوچە کێشە لەسەرەکان، پەیوەندی بەو جێگایانەوە بکەن کە بۆیان دیاریکراوە.
لە نێوان ئەو دوو لیوا هاوبەشەی پێشمەرگە و سوپای عێراق، یەکێکیان لە سنوری قەزای دوبس لە ڕۆژهەڵاتی کەرکوکەوە تا ناوچەی سحێلا ئەرکی پڕکردنەوەی بۆشاییە ئەمنییەکانی نێوان هێڵی پێشمەرگە و سوپای پێ سپێردراوە. لیواکەی تریشیان لە سنوری قەزای خورماتووی پارێزگای سەڵاحەدینەوە تا ناوچەی خانەقینی پارێزگای دیالە ئەرکی پڕکردنەوەی بۆشاییەکانی پێ سپێردراوە.
فەریق جەبار یاوەر دەڵێت، "هەر لیوایەکیان لە 3700 ئەفسەر و پێشمەرگە پێکدێت. فەرماندەی لیوایەکیان پێشمەرگە و فەرماندەی لیواکەی تریان پلەداری سوپای عێراق دەبێت. فەرماندەی فەوج و پۆستەکانی تریش بە یەکسانی دابەش دەکرێن."
ڕێککەوتنی وەزارەتی بەرگری عێراق و وەزارەتی پێشمەرگە بۆ پڕکردنەوەی بۆشایی ئەمنی نێوانیان لە ناوچە کێشە لەسەرەکان لەکاتێکدایە، ئەو ناوچانە بە جێگەی چالاکی داعش ناسراون و ناو بە ناو داعش لەو ناوچانەوە هێرش دەکاتە سەر هێزەکانی عێراق و هێزە کوردییەکان.
Your browser doesn’t support HTML5