وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکا دەڵێت بەشداری سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت لە کۆنفڕانسی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ گۆڕانی ژینگە، بۆ بەدیهێنانی چەند ئامانجێکە "کە گرنگترینیان ڕاکێشانی سەرنجی کۆمپانیا وەبەرهێنەرەکانی بواری ژینگەیە بۆ هەرێمی کوردستان، بە ئامانجی سەوز کردنی هەرێمی کوردستان."
عەبدولڕەزاق خەیلانی، وتەبێژی دەستەی ژینگەی هەرێمی کوردستان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەموو هەوڵیکی ئەو وەفدانە بۆ ئەوەیە سەرنجی ئەو کۆمپانیایانەی کە وەبەرهێنان دەکەن یان ئەو وڵاتانەی دەیانەوێت پرۆژە بکەن، بهێندرێنە هەرێمی کورستان و هەندێک پرۆژەی ژینگەیی ئەنجام بدەن."
وتیشی، " مەبەستمانە خۆمان بگونجێنین لەگەڵ گۆڕانکاریەکانی کەش و هەوا لە جیهاندا."
دوێنێ پێنجشهممه 30-11-2023 هەریەک لە نێچيرڤان بارزانى، سەرۆكى هەرێمى كوردستان و مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان لەسەر بانگهێشتى فەرميى سەرۆكى ئيمارات گەشتنە دوبەی بۆ بەشداريكردن له كۆنفرانسى COP28ی نەتەوە يەكگرتووەكان بۆ گۆڕانى كەشوهەوا.
ئەمڕۆ سەرۆکی حکومەت مەسرور بارزانی لە لاپەڕەی خۆی لە رۆڕی کۆمەڵایەتی ئێکس نوسیویەتی، "هەڕەشەکانی گۆڕانی کەشوهەوا سنوورەکان ناناسێت، بۆیە دەبێت بەیەکەوە کار بکەین بۆ بەرەنگاربوونەوەیان." هەروەها ئەو ئاماژەی بە مەترسی گۆڕانی کەشوهەوا بۆ سەر مرۆڤایەتی کردووە و دەلێت، "حکومەتی هەرێم پابەندە بە هەڵگرتنی بەرپرسیارێتی خۆی و بەشداریکردن لە هەوڵە نێودەوڵەتییەکان."
بەڵام پسپۆڕێکی بواری ژینگە کۆنفڕانسەکە بە گرنگ نابینێت و دەڵێت،"ئەم جۆرە سەردانانە سودێکی ئەوتۆیان نییە بۆ هەرێمی کوردستان لە ڕووی ژینگەییەوە."
دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت، پسپۆڕی ژینگە و مامۆستای زانکۆ بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کۆنفڕانسەکان بۆ هەرێمی کوردستان ئەو سودەی نییە و بابەتەکە بۆتە تەقلیدی."
وتیشی،"ئەم کۆنفڕانسانە بۆ وڵاتانی پێشکەوتوو پیشەسازیەکان کاریگەری باشیان هەیە لەسەر ناوچەکانیان کە هەوڵی کەمکردنەوەی ماددە گازی و پیسکەرەکان دەدەن لە ژینگەو لە خاکدا، بەلام لە کوردستان ئەو سود و کاریگەریانەیان نییە."
بە گوێرەی ئەم پسپۆرە ژینگەییە، شارەکانی هەرێمی کوردستان و بە تایبەت ناوەندی شارەکان ژینگەیان خراپە و سلێمانی و دهۆکیش بە "پیسترین" پارێزگاکانی هەرێم ناو دەبات.
دکتۆر عەبدولموتەلیب ڕەفعەت ڕایگەیاند، "هەرێمی کوردستان بە بەراورد بە عێراق ناوچەیەکی پاکترە بەڵام ناڵین ژینگەیەکی پاکە. بە پێی داتاکان پارێزگای سلێمانی و پارێزگای دهۆک پیسترین پارێزگاکانی هەرێمی کوردستانن. هەموو پارێزگاکان بە ڕیژەی دیاری کراو مادە پیسکەرەکان تیایدا بەرزە."
بەگوێرەی ڕێکخراوی نەتەوەیەکگرتووەکان، دیاردەی گۆڕانی کەشوهەوا قەیرانێکی بەپەلەی جیهانییە کە سنووری وڵاتان تێدەپەڕێنێت و پێویستی بە هاوکاری نێودەوڵەتی و هەوڵی یەکگرتووی هەمووان هەیە، بە هەموو تاکەکان و هەموو تەمەن و پسپۆڕی و وڵاتێکەوە.
نەتەوە یەکگرتووەکان دەیەوێت لە ڕێگەی ئەم کۆنفرانسە ساڵانەیە سەرکردەکانی جیهان کۆبنکاتەوە بۆ ئەوەی پرسەكانى تايبەت به گۆڕانى كەشوهەوا و چۆنيەتيى ڕووبەڕووبوونەوەى لێكەوتەكانى و ڕۆڵى حکومەتەکان له كەمكردنەوەى مەترسييەكانيدا تاوتوێ بکەن.