ئەندامێکی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، بڕیاری دوور خستنەوەی مەسعود حەیدەر لە بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق، "جێبەجێکردنی ماددەیەکە لە یاسای بودجە و پێناچێت هیچ هۆکارێکی تر هەبێت لە پشت دورخستنەوەکەی، چونکە مەسعود بە وەکالەت ئەو پۆستەی بە ڕێوە دەبرد."
بە پێی بڕیارێک کە لە ڕۆژی 30ی مانگی 11ی ئەمساڵ لە وەزارەتی دارایی عێراقەوە دەرچووە و واژۆی تەیف سامی وەزیری دارایی عێراقی لەسەرە، بڕیاردراوە بە دوورخستنەوەی دکتۆر مەسعود حەیدەر لە پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراقدا.
دکتۆر نەرمین مەعروف، ئەندامی لیژنەی دارایی لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "پێم وانییە هیچ هۆکاريک هەبێت جگە لەوەی ئەو بە وەکالەت لەو پۆستەبوو."
وتیشی،"بڕیارەکە، بڕیاری جێبەجێکردنی یاسای بودجەیە."
لە بڕیارەکەدا هاتووە، "پاڵپشت بە مادەی ( 71) لە یاسای بودجەی گشتی بە ژمارە (12) بۆ ساڵی (2023) و لە پێناو بەرژەوەندی ئیشو کار، بڕیارماندا بەهەڵوەشاندنەوەی دەسەڵاتەکانی بەڕێز ( مەسعود حەیدەر) بریکاری وەزارەتی دارایی بەپێی فەرمانی وەزارەتی ژمارە (190/1368) لە بەرواری 12/1/2023 )."
دەنگی ئەمەریکا لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی کرد بە مەسعود حەیدەر، سەبارەت بە هۆکاری بڕیاری دوورخستنەوەی لە پۆستەکەی و ناوبراو بە بێ ئەوەی زانیاری زۆر پێشکەش بکات، وتی "پرسیار لە وەزیری دارایی بکەن سەبارەت بە بڕیارەکە."
بەڵام ناوبراو ئەمڕۆ لە چاوپێکەوتنێکدا لە کەناڵی ڕوودا دەرکەوت، هەرچەندە پێشتر لێدوانی میدیایی ڕەتکردۆتەوە.
لە چاوپێکەوتنەکەدا مەسعود حەیدەر چەند جارێک وتی بڕیاری ناردنی بودجەی هەرێمی کوردستان لە لایەن بەغدا "سیاسییە و بەسیاسی کراوە،" بەڵام هیچ ئاماژەیەکی نەکرد بە ئەگەری دوورخستنەوەی لە پۆستەکە.
تەیف سامی وەزیری دارایی حکومەتی عێراقە و لای بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەوە ناسرواوە کە هەڵوێستەکانی بەرامبەر بە هەرێمی کوردستان توندن و ڕێککەوتنەکانی نێوان شاندەکانی حکومەتی هەرێم و سەرۆک وەزیرانی عێراق جێبەجێ ناکات.
قوباد تاڵەبانی، جێگری سەرۆک وەزیرانی حکومەتی هەرێمی کوردستان، لە لە چوارهەمین کۆڕبەندی ئاشتی و ئاسایشی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست (مێپس 2023) کە ڕۆژی 20ی مانگی ڕابردوو لە زانکۆی دهۆک بەڕێوەچوو، سیاسەتی وەزارەتی دارایی عێراقی بە مەرکەزی وەسفکرد و ڕایگەیاند، "ئەمڕۆ بەربەستی بەردەم ئێمە ئەوەیە کاتێک لەگەڵ سەرۆک وەزیرانی فیدڕاڵی و حیزبە سیاسییەکانی عێراق دادەنیشین پێماندەڵێن، 'ئێوە ڕاست دەڵێن. بابەتی موچەی فەرمانبەران دەىیت جیابکرێتەوە نەبێتە بەشێک لە ململانێ سیاسییەکان'، گوتیشی "بەڵام کە دەچێتە سەر قۆناغی جێبەجێکردن، وەزیری دارایی دەڵێت 'نەخێر بەگوێرەی ئەم مادەیە و ئەم لێکدانەوەیەی یاسا، من بە جۆرێکی تر دەیکەم.' بۆیە ئەمە کلتورێکە لە ناو وەزارەتێک و سیستەمێکی بەڕێوەبردن کە دەبێت بگۆڕێت."
بەڵام دکتۆر نەرمین وتی، "بەپێی مادەی 71ی یاسای بودجە پێویستە هەموو پۆستە باڵاکان کە بە وەکالەت ئەبران بەڕێوە تا کۆتا ڕۆژی مانگی یازدە کۆتاییان پێبێت."
ماددەی 71، لە یاسای بودجەی عێراق دەڵێت،"حکومەت پابەندە بە کۆتاییهێنان بە سەرجەم ئەو دەسەڵاتانەی بە وەکالەت بەڕێوە دەبرێن تا رێکەوتی 30/11/2023 و دەبێت فەرمانگە پەیوەندییدارەکان، هەموو ئەو دەرماڵە و دەسەڵاتانە رابگرن.
ماددە دەشڵێت "ئەگەر هاتوو کەسەکە دوای ئەو رێکەوتە بەردەوام بوو لە کارەکەی، دەبێت هەموو دەسەڵاتە کارگێڕی و شایستەکانیان لێ بسەندرێتەوە."
بڕیاری دوور خستنەوەی مەسعود حەیدەر دوای ئەوەدێت کە ڕێکەوتی 14ی مانگی 11 ی 2023، دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاری دورخستنەوەی محەمەد حەلبوسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراقی لە پۆستەکەی ڕاگەیاند، ئەمەش بە تۆمەتی ساختەکردنی داوای دەستلەکارکێشانەوەی پەرلەمانتار لەیس دلێمی.