ڕزگار حاجی حەمە: دواخستنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر هەڵبژاردن "موماتەڵە" نییە بەڵکو دادگا دەیەوێت بڕیارێکی دروست بدات

لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دواخستنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی سەبارەت بەو سکاڵایەی یەکێتی کە لەسەر یاسای هەڵبژاردنی هەرێم تۆماری کردبوو، "موماتەڵە" نییە. بەڵکو دادگا دەیەوێت بڕیارێکی "تەندروست"بدات و بەدواداچوونی زیاتر بکات لەسەر ئەو بابەتە.

ڕزگار حاجی حەمە، لێپرسراوی مەکتەبی هەڵبژاردنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"پێم وانیە دادگا موماتەڵە بە بڕیارەکەوە بکات، دیارە دەیەوێت بڕیارێک بدات تەندروست بێت، وردەکاری و بە دوادچوونی زیاتر بکا."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی 2 ی مانگی پێنجی 2023، لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە. یەکێتی داوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمان لەیەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ چوار بازنەیی و کورسی پێکهاتەکانیش بەسەر بازنەکاندا دابەش بکرێت.

ڕزگار حاجی حەمە دەڵێت،"ئەمڕۆ وادەی دادگایی کردن بوو، هەموو بەڵگەو داتاکان خرانە ڕوو، ئەو پرسیارانەی لە کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراقی کردبوو، لەسەر چۆنیەتی دابەشکردنی کوردستان بەسەر چەند بازنەیەکدا و کورسی کۆتاکان هەمووی وەڵام دراوەتەوە، دادگاش ماوەیەکی تری دیاری کردووە بۆ ئەوەی بڕیارێک بدات کە وردەکاری و بەدواداچوون بێت."

بە گوێرەی نوسراوێکی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق کە دوێنێ شەممە، 2ی مانگی 12 بڵاو کراوەتەوە، هەرێمی کوردستان بەسەر(سێ) بازنەی هەڵبژاردن دابەش دەکرێت و پارێزگای سلێمانی (چوار) کورسی کۆتای بەردەکەوێت.

ڕزگار حاجی حەمە دەڵێت، بڵاو کردنەوەی نوسراوەکەی کۆمسیۆن، وەڵامێک بووە بۆ پرسیارێکی دادگای فیدڕاڵی و کۆمسیۆنیش وەک پێشنیار وەڵامی داوەتەوە.

ئەو وتی،" کۆمسیۆن وەڵامێکی فەنییان داوەتەوە، هەرێم سێ پارێزگایە وپارێزگای زیاتری نییە و کۆتاکایش دابەش دەکرێن بەسەر سێ پارێزگاکەدا."

دادگای فیدڕاڵی عێراق، ڕۆژی 27ی مانگی یازدەی 2023، بۆ بڕیاردان و یەکلایی کردنەوەی سکاڵاکەی یەکێتی لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان دەستنیشانکردووە، کە ماوەی 7 مانگە تاوتوێی سکاڵاکە دەکات و چەندین جارە بڕیاردان لەسەری دوادەخات.

لە لێدوانێکی پێشتریدا بۆ دەنگی ئەمەریکا، عەبدول سەلام بەرواری، ئەندامی شاندی دانوستانکاری پارتی بۆ گفتووگۆکردن لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لەگەڵ لایەنەکان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"دادگای فیدراڵی عێراق دەیەوێت بڕیارێک دەربکات نەبێتە هۆی پەکخستنی هەڵبژاردن، بۆیە ڕەنگە هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە مانگی 2 ی ساڵی داهاتوو ئەنجام بدرێت."

سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان، ڕۆژی ڕۆژی 25 ی مانگی 2 ی ساڵی داهاتووی وەکو وادەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دیاریکردووە.

نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە ڕۆژی 7ی مانگی یازدە، دوای تەواوبوونی کۆبوونەوەی نێوان حزبەکەی لەگەڵ یەکێتی، هیوای خواست هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە وادەی خۆیدا ئەنجام بدرێت.