پاراستنی ئاسایش و ڕێگەگرتن لە هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا، گرنگترین تەوەرەکانی وتووێژی نێوان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرەک وەزیری عێراق بوو.
ڤیکتۆریا نۆلاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا لە سەردانەکەی ڕۆژی چوارشەممەیدا بۆ بەغدا لەگەڵ محەمەد شیاع سودانی، سەرەک وەزیری عێراق کۆبووەوە.
سودانی لەو کۆبوونەوەیەیدا، جەختی کردووەتەوە لەوەی "حکومەتی عێراق بە ڕژدی وابەستەیە بە پاراستنی سەقامگیریی ئاسایش لە وڵاتەکەدا و هەروەهاش پاراستنی نێردە دیپلۆماتییەکان و بنکەکانی هێزەکانی هاوپەیمانان."
هێرشی میلیشیاکان بۆ سەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و بنکەکانی هاوپەیمانانی نێونەتەوەیی لە عێراق و لە سوریاشدا لەوەتای شەڕی حەماس – ئیسرائیل دەستیپێکرد لە سەرەتای مانگی 10ی ڕابردوودا، بە شێوەیەکی بەرچاو زیادیان کردووە.
ئەو هێزە میلیشیایانە وەک سەرچاوە ئاسایشییەکانی عێراق ئاماژەیان پێکردووە "سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن" یانیش لەژێر کاریگەرییەکانی دەسەڵاتدارانی ئێراندا جموجۆڵ دەکەن.
عەقیل ئەلتائی، ژەنەراڵی خانەنشین و پسپۆڕی ئاسایشیی دەڵێت ئەوەی میلیشیاکان دەیکەن هەمیشە یەکێک بووە لە پرسە هەستیارەکانی ڕووبەڕووی حکومەتە یەک بە دوا یەکەکانی وڵاتەکە بووەتەوە و دەشڵێت "بە دڵنیاییەوە چارەسەرکردنی ئەم پرسە هەستیارە بە تەنها بە حکومەتێکی بەهێز و تۆکمەی عێراقیی دەکرێت کە میکانیزمە دیپلۆماتییەکانی بۆ بەکاربهێنێت نەک هەڕەشە و گوڕەشەکردن؛ چارەسەرکردنی ئەم پرسە پێویستی بە دۆستایەتییەکی بابەتیانەش هەیە لەگەڵ ئەمەریکادا تا وەک عێراق بتوانین سوود لە ئەزموون و زانیارییەکانیش وەربگرین بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەم دیاردەیە کە بووەتە مەترسی بۆسەر ئاسایش و سەروەری وڵاتەکەمان."
شێرکۆ ڕەئوف، نوسەر و ڕۆژنامەوان وەک ئاماژەی پێدەکات جموجۆڵی میلیشیاکانی سەر بە ئێران کەوتووەتە سەر پەیوەندییەکانی نێوان ئێران و ئەمەریکا؛ دشڵێت "لە ساڵی 2005ەوە هەموو حکومەتەکانی عێراق بەڵێنی پاراستنی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکایان داوە، بەڵام هەرچ کاتێک کێشە لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا دروست بووبێت، جا ئەو کێشەیە بە هەر ئەندازەیەک بووبێت ئەوا کاریگەریی لەسەر عێراق هەبووە، بەتایبەتیش وەک دەزانین لە ساڵی 2003وە تاران کاریگەرییەکی زۆری هەیە بەسەر زۆربەی لایەنە سیاسییەکانەوە، بە شیعە و سوننە و کوردیشەوە، هەربۆیەشە لەوبڕوایەدا نیم هیچ حکومەتێکی عێراقی بتوانێت هاوسەنگیی ڕابگرێت لە نێوان ئەمەریکا و ئێراندا، هەروەهاش ناتوانێت ڕێگری بکات لە هێرشی میلیشیاکان بۆسەر بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا لە کاتێکدا پەیوەندییەکانی تاران و واشنتۆن خراپ بێت."
بەڕێز ڕەئوف لەوبڕوایەدایە هیچ حکومەتێکی عێراقی بەمەی ئێستای سودانییشەوە ناتوانن ڕێگە لە جموجۆڵ و هێرشەکانی ئەو هێزە میلیشیاییانە بگرن بەڵام دەتوانن تا ئەندازەیەک ژمارەی هێرشەکان کەم بکەنەوە وەک دەڵێت "حکومەت دەتوانێت پەیامی خۆی بگەیەنێت بە لایەنە شیعە توندڕەوەکانی خاوەنی هێزی میلیشیایین لەناو حەشدی شەعبیدا، وەک حزبوڵا، گروپەکەی قەیس خزعەلی و کەتایبەکانی تریش کە لەژێر فرمانی سەرکردەی هێزە چەکدارییەکانی عێراقدا نیین، حکومەت دەتوانێت پێیان بڵێت ئەو هێرشانەیان کەم بکەنەوە چونکە کاریگەری دەکاتە سەر پەیوەندییەکان لەگەڵ ئەمەریکا و وڵاتانی ڕۆژئاواش، بەڵام نەک سودانی، هیچ حکومەتێک ناتوانێت کۆتایی بهێنێت بەو هێرشانە."
زۆرێک لە سەرچاوەکان باسیان لەوە کردووە، ئەو هێرشانەی میلیشیاکانی سەر بە ئێران ڕەهەندی تریشیان هەن و هەر ئەوەندە نییە لە نێوان ئێران و ئەمەریکادا سنوردار بێت.
شێرکۆ ڕەئوف هاوڕایە و دەڵێت "ئەم هێرشانە ڕەهەندی تری نێونەتەوەییان هەیە و کاتێک پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و ئێران خراپ دەبێت، کاریگەرییەکانی لە عێراق و سوریا و یەمەن و لوبنان و شوێنی تریشدا دەبینرێن، چونکە ئەمە دەبێتە بەشێک لە سەربازگە ڕۆژهەڵاتییەکەی ڕوسیا سەرکردایەتی دەکات؛ ئەو سەربازگە ڕۆژهەڵاتییە کە ئێران بەشێکە لێی، هەمیشە کار لەسەر ئەوە دەکات لە بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا و جیهانی ڕۆژئاوا بدات بەتایبەتیش کاتێک بەرژەوەندییەکانی سەربازگە ڕۆژهەڵاتییەکە و جیهانی ڕۆژئاوا پێکدادەدەن."
ژەنەراڵ ئەلتائی وەک ئاماژەی پێدەکات، میکانیزم هەن تا ڕێگە بگیرێت لەو هێرشانەی میلیشییاکانی سەر بە ئێران "ئەمە دەکەوێتە سەر سووربوون و بەڕێوەبەرایەتییەکی بەهێزی حکومەتی عێراق، هەروەهاش سیاسییەکان و پەرلەمانی عێراق کە بڕیارێکی ئاشکرا و ڕاشکاوانە بدەن سەبارەت بەو دیاردەیە. لەگەڵ ئەمانەدا پارێزگارییەکی تەواوەتی لە بەرژەوەندییەکانی عێراق بکرێت چونکە پەیوەندییەکان لەگەڵ وڵاتاندا لەسەر بنچینەی بەرژەوەندییەکانە نەک دۆستایەتی؛ دەشبێت ئەو پەیوەندییانە لە ژوورە داخراوەکاندا نەمێننەوە بەڵکو پێویستە خەڵکیش ئاگاداری ئەو پەیوەندیانە بێت و چیی دی بە نهێنی نەمێننەوە جا لەگەڵ ئەمەریکادا بێت یان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ."
کۆماری ئیسلامی ئێران هەمیشە نکوڵی دەکات لەوەی دەستی هەبێت لەو هێرشانەی دەکرێنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق و لە سوریاشدا.
ڤیکتۆریا نۆلاند، جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، لە میانەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق، سەردانی شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانیشی کرد و لەوێش لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و هەروەها لەگەڵ سەرۆکی کابینەی 9ی هەرێمدا کۆبووەوە.
لە کۆبوونەوەکەیدا لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمدا، وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە "لە کۆبوونەوەکەیاندا، پەیوەندییەکانی نێوان ئەمەریکا و عێراق و هەرێمی کوردستان، ڕەوشی سیاسی و ئاسایشیی عێراق، پەیوەندییەکانی بەغدا و هەولێر و هەروەهاش ڕەوشی ناوخۆی هەرێمی کوردستان، تاووتوێ کراون."
لە ڕاگەیەندراوەکەشدا ئاماژە بەوە کراوە "هەردوولا جەختیان لە گرنگیی پاراستنی ئاسایش و سەلامەتیی نێردە دیپلۆماتییەکان و هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق کردەوە و هاوڕابوون کە دەبێت لایەنە پەیوەندیدارە عێراقییەکان ڕێکاری پێویست بگرنەبەر بۆ وەستاندنی ئەو هێرشانە."
لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا بەهۆی خراپی پەیوەندییەکانی نێوان پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتمانی کوردستان، ڕەوشی سیاسی لە هەرێمدا ئاڵۆز بووە. لە کۆبوونەوەکەی ئەمڕۆ چوارشەممەی نێوان جێگری وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا و سەرۆکی هەرێمدا ڕەوشی سیاسیی هەرێمیش باسکراوە، وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی سەرۆکایەتی هەرێمدا هاتووە "ههردولا تهبايى و لێكگهيشتنى لايهنه سياسييهكان بهتايبهتى پارتى و يهكێتييان له ههرێمى كوردستان و لهسهر ئاستى عێراق به پێويست زانى."
خانم نۆلاند، لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی کابینەی نۆی هەرێمیشدا کۆبووەوە.
حکومەتی هەرێمی کوردستانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "بیروڕایان لەبارەی دوایین گۆڕانکاری و پەرەسەندنەکانی دۆخی عێراق و ناوچەکە و پەرەپێدانی پەیوەندی دوولایەنە ئاڵوگۆڕ كردوە."
وەک لە ڕاگەیەندراوەکەی حکومەتی هەرێمدا ئاماژەی پێکراوە، چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان بەغدا و هەولێر تەوەرێکی تری وتووێژەکان بووە "هەردولا هاوڕابون لەسەر ئەوەی پێویستە حکومەتی فیدراڵ ڕێز لە مافە دەستورییەکانی هەرێمی کوردستان بگرێت و نابێت بەغدا وەک هاوڵاتییەکی پلە دوو، ڕەفتار لەگەڵ خەڵکی هەرێمی کوردستان بکات."