نەوەی نوێ کە چاوی لە پۆستی پارێزگاری کەرکوک بوو نەیتوانی کورسییەکیش لە پارێزگاکە بەدەستبهێنێت

سەرەڕای "تەحەدا"کانی نەوەی نوێ بۆ بەدەستهێنانی چەند کورسیەک و بانگەشەی بەدەستهێنانی پۆستی پارێزگار یان یەکلا کردنەوەی ئەو پۆستە لەلایەن ئەوانەوە، بەڵام جوڵانەوەکە شکستێکی چاوەڕواننەکراوی بۆ جەماوەرەکەی تۆمار کرد و نەیتوانی هیچ کورسیەکی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک بباتەوە.

چاودێرێکی سیاسی لە کەرکوک هۆکاری ئەم شکستە بۆ ئەوە دەگێڕێتەوە کە جوڵانەکە تێڕوانینێکی ڕوونی بە کوردەکانی کەرکوک نەدا لەسەر پرسی ناسنامەی شارەکە و زیاتر سەرنجی خستە سەر زەقکردنەوەی کەمی خزمەتگوزاری.

کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق دوێنێ 19ی مانگی دوازدەی 2023 ئەنجامی بەرایی هەڵبژاردنەکانی ڕاگەیاند کە پێکهاتبوو لە %94.4ی کۆی دەنگی جیاکراوەی بەشداربووان لە هەڵبژاردندا.

نەوەی نوێ لە پارێزگای کەرکوک 5 کاندیدی هەبوو، بەڵام هیچیان نەیانتوانی دەنگی پێویست بۆ بەدەستهێنانی یەکێک لە 15 کورسییەکانی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک کۆبکەنەوە.

بە گوێرەی داتاکانی کۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆیهەڵبژاردنەکانی عێراق، کۆی دەنگی سەرجەم کاندیدەکانی جوڵانەوەکە 24 هەزار و 620 دەنگە. لەنێوان کاندیدەکانی جوڵانەوەکە، هیمداد شاهین وتەبێژی نەوەی نوێ و سەرۆکی لیستەکە بەتەنها 17 هەزار و 202 دەنگی هێناوە و بەمەش بووەتە پێنجەمی سەر ئاستی پارێزگای کەرکوک، بەڵام نەیتوانیوە کورسییەکی ئەنجومەنی پارێزگا بباتەوە.

لەتیف فاتیح فەرەج، چاودێری سیاسی لە کەرکوک، ڕایگەیاند، "خەڵک لە کەرکوک دەیەوێت دەست و پەنجە لەگەڵ هێزێکدا نەرم بکات کە بتوانێت داکۆکی لێبکات. ڕەنگە گومانیان هەبێت لەوەی کە نەوەی نوێ ناتوانێت داکۆکیان لێبکات."

وتیشی،"خیتابی نەوەی نوێ لە ئاست تموحی خەڵکی کەرکوکیەکان نەبوو، بەو پێیەی کێشەی کەرکوکیەکان بریتی نییە لە کێشەی ئاوو کارەبا و بەنزین، بۆیە شکستیان هێنا."

لە گەرمەی بانگەشە بۆ هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکاندا، هەریەکە لە شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکە، هیمداد شاهین، وە ئومێد محەمەد، تاکە پەرلەمانتاری ئەو حزبە لە کەرکوک، بانگەشەی ئەوەیاندەکرد لیستەکەیان بە لایەنی کەمەوە چوار کورسی ئەنجومەنی پارێزگای کەرکوک دەباتەوە.

لە ڕۆژی 5ی مانگی 12 لە یەکێک لە بەرنامەکانی کەناڵیNRT، شاسوار عەبدولواحید، سەرۆکی جوڵانەوەکە، بە "تەحەداوە" ئاماژەی بەوەدا، ئەوان 4 کورسییان مسۆگەر کردووە و پێدەچێت بتوانن کورسی پێنجەمیش بەدەستبهێنن.

هەوڵەکانی دەنگی ئەمەریکا بۆ گەیشتن بە وتەبێژی نەوەی نوێ بێئەنجام بوون.

هەریەک لە تەها ئەحمەد، ئەندامی ئەنجومەنی باڵای نەوەی نوێ، و ڕێبوار ئاوڕەحمان، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق لەسەر لیستی نەوەی نوێ، ئامادەنەبوون لێدوان بدەن تا ئەنجامی کۆتایی دەنگەکان ڕادەگەیەندرێت.

کۆمسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق تا ئێستا وادەی ڕاگەیاندنی ئەنجامی دەنگی تایبەت و کۆتایی هەڵبژاردنەکانی دیارینەکردووە.

ئەمڕۆ کۆمسیۆن لە ڕاگەیێندراوێکیدا بانگهێشتی چاودێران و بریکارەکانی هاوپەیمانيەتەكان و لايەنەسياسيەكان و میدیاکان کرد بۆ ئەوەی چاودێری پرۆسەی هەژماردن و جياكردنەوەى دەستی سەرجەم پارێزگاکانی عێراق بکەن. پرۆسەکە بەیانی لە ناوەندی وردبینی سەر به ئۆفيسى ھەڵبژاردنەكانی ھەولێر ئەنجامدەدرێت.

لەتیف فاتیح فەرەج پێیوایە،"خەڵک تا ئێستا لە کەرکوک دەترسێت کە هێزی مەدەنی هیچی بۆ ناکات." ئەو چاودێرە بە دەنگی ئەمەریکای وت، "پێشتر گۆڕانیش هێزی گەورە بوو، بەڵام لە کەرکوک دەنگی نە دەهێنا. خەڵك هێزێکی دەوێت ئاسایش و پۆلیسی هەبێت بۆ ئەوەی هەرچی بەرام بەری کرا بڕوات شکاتی لێبکات و داکۆکی لێبکات."

لە دوای ڕاگەیاندنی ئەنجامە بەراییەکان، نەوەی نوێ ڕووبەڕووی هەڵمەتێکی گەورەی تەنزئامێز و ڕەخنەیەکی زۆری بووەوە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان.

بەشێک لە هاوڵاتیان بە تەنزەوە باس لە شکستی جوڵانەوەکە دەکەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی بەشیک لە چاودێران جوڵانەوەکە تۆمەتبار دەکەن بەوەی گوایە بووەتە هۆکاری لەدەستدانی دەنگی کورد و پەرتەوازەیی کورد لەو شارە.

بەڵام فاتح سەنگاوی، بەرپرسی سەنتەری توێژینەوە و ڕاپرسی (RSC) لە نوسینێکدا ئاماژەی بەوە کرد، نەوەی نوێ و ئیسلامیەکان بە هیچ شێوەیەک نەبوونەتە هۆکاری لەدەستچوونی دەنگی کورد.

فاتح سەنگاوی دەڵێت، "دوای‌ راگه‌یاندنی‌ ئه‌نجامه‌ به‌راییه‌كان و به‌هه‌موو سیناریۆكان لیستی مەشخەڵی کەرکوک و نەوەی نوێ نه‌بوونەتە هۆی لەدەستدانی کورسی کورد لە کەرکوک و له‌ هیچ دۆخێكدا ژماره‌ی كورسیه‌كانی كورد له‌ کەرکوک زیادیان نه‌ده‌كرد."

Your browser doesn’t support HTML5

ڕاپۆرتی سنور کەریم/ نەوەی نوێ