سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندیکردن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ڕایدەگەیەنێت، سەرەڕای هەوڵەکانی دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراق بۆ کردنەوەی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانی و بە پێچەوانەشەوە، بەڵام هەوڵەکان بێ ئەنجام بوون و ڕاشیگەیاند، کێشە زیاتر "سیاسیە" وەک لەوەی تەکنیکی بێت.
زەهرە ئەلبەچاری، سەرۆکی لیژنەی گواستنەوە و پەیوەندیکردن لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"کاروباری فروکەخانە لای دەسەڵاتی فرۆکەوانیە، لە ڕاستیدا پەیوەندی هەیە لە نێوان ئەوان و تورکیادا، بەڵام، دەسەڵاتی فرۆکەوانی تا ئێستا لەمڕووەوە ئەنجامی باشی بەدەست نەهێناوە."
وتیشی،"داخستنی ئاسمانی تورکیا بە ڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی سلێمانیدا، مەسەلە سیاسییە زیاتر لەوەی تەکنیکی بێت."
ڕۆژی 2-4-2023 تورکیا سەرجەم گەشتەکانی بە ڕووی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیدا داخست، ڕۆژی 5-4-2023 وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی تورکیا ڕایگەیاند، ڕاگرتنی گەشتەکانیان بە ڕووی سلێمانیدا تا مانگی تەمووز بەردەوام دەبێت و هۆکارەکەشی بۆ "زیادبوونی چالاکیەکانی پەکەکە لە سنوری سلێمانی گێڕایەوە و ئاماژەی بەوەداوە ڕێکخراوەکە دزەی کردووەتە ناو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانیەوە و مەترسی لەسەر ئاسایشی فڕۆکەوانی دروست کردووە."
هەر لە ساڵی پاردا تورکیا جارێکی تر راگرتنی گەشتەکانی لەگەڵ فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانی تا وەکو 3-1-2023 درێژکردەوە، رۆژی 21-12-2023 ش ڕاگرتنی گەشتەکانی تا 22-6-2024 درێژکردەوە.
سەرچاوەیەکی بەرپرس لە شاری سلێمانی، کە نەیویست ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،"بە تاکید هۆکاری درێژکردنەوەی ماوەی داخستنی فڕۆکەخانەی سلێمانی سیاسیە، دەسەڵاتی فڕۆکەوانی عێراقی و ڕاوێژکارانی ئاسایشی نیشتیمانی چەند جارێک سەردانی فڕۆکەخانەی سلێمانیان کردووە، فڕۆکەخانە هیچ کێشەیەکی یاسایی نییە تەنها کێشەکە سیاسیە."
وتیشی،"ئەوەی ئێمە ئاگاداربین چەندین جار لەلایەن حکومەتی هەرێم و حکومەتی عێراقەو هەوڵ دراوە بە مەبەستی کردنەوەی، بەڵام تا ئێستا قەناعەتی کردنەوەی دروست نەبووە."
هەرچەندە ئەو سەرچاوە بەرپرسەی کە ئامادە نەبوو ناوی بڵاو بکرێتەوە، ئاماژەی بە قەبارەی زیانەکانی داخستنی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی سلێمانی نەدا، رایگەیاند،"زەرەری داخسنەکەی گەورەیە" بۆ شاری سلێمانی.
لە سەردەمی ڕیفراندۆم لە ساڵی 2017 حکومەتی تورکیا هەمان هەڵوێستی بەرامبەر هەردوو فڕۆکەخانەی سلێمانی و هەولێر گرتە بەر، بەڵام ئەمجارە تەنها بەرامبەر فڕۆکەخانەی سلێمانیە.