دکتۆر عەلی ئەلبەیاتی: کشانەوەی ئەمەریکا لە عێراق زیانی ئاسایشی و ئابوری دەبێت

دکتۆر عەلی ئەلبەیاتی

داوای کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان لە عێراق بۆتەوە بابەتێکی گەرموگوڕی نێوەندەکان لە عێراقدا.

داواکانی ئەمجارە لە پاش هێرشی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوانی ئەمەریکا بوو بۆ سەر بارەگایەکی هێزەکانی حەشدی شەعبی کە بووە مایەی کوژرانی یەکێک لە سەرکردەکانی ئەو هێزانە.

دکتۆر عەلی ئەلبەیاتی، چاودێری کاروباری عێراق، هیوادەخوازێت ئەو داوایانەی ژمارەیەک لایەنی عێراقی جەختی لێدەکەنەوە، داوایەک بن پەیوەست بن بە سەرەوەریی عێراقەوە.

هەر لەگەڵ دەستکردنەوە بەو داوایانە، شەقامی عێراقی بە شوێن وەڵامی ئەو پرسیارەوە بووە، ئایا ئەو داوایانە لە پێدوایستییەوە بووە بۆ گرنگیدان و پاراستنی سەروەریی عێراقە یان تەنها هەڵچوونێکی کاتییە لە بەرامبەر ئەو هێرشانەی دەکرێنە سەر میلیشیا توندڕەوەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران.

دکتۆر ئەلبەیاتی کە پێشتر ئەندام و وتەبێژی کۆمیسیۆنی مافەکانی مرۆڤ بووە لە عێراق دەڵێت "ئەگەر ئەمەریکا بۆخۆی نەگاتە ئەو ڕوانینەی کە کاتی هاتووە لە عێراق بکشێتەوە، ئەوا بە دڵنیاییەوە هیچ فشارێک کاریگەری ناکاتە سەر."

یەکێک لە بابەتەکانی تری پەیوەندی بەم بابەتەی ئەگەر و نەگەری کشانەوە هەیە ئەوەیە کە زۆربەی ئەو لایەنانەی لە عێراق ئەو داوایە دەکەن، هەر خۆیشیان فەرمانڕەوای سەرەکیین لە وڵاتەکەدا؛ هەربۆیەشە پرسیار ئەوەیە؛ ئەی ئەو داوایە لە کێ دەکەن؟
دکتۆر عەلی ئەلبەیاتی دەڵێت "جا ئەمە کێشەیەکی گەورەیە لە عێراقدا، نەزانینی ئەوەی ئەو داوایە لە کێ دەکرێت و لە هەمان کاتیشدا نەشزانرێت لەگەڵ کێدا ئەو دۆسێیە باس بکرێت، ئەوا هەڵوێستی دەوڵەتی عێراق زیاتر لاواز نیشان دەدات، هەربۆیە پێویستە لایەنە سیاسییە فەرمانڕەواکان خۆیان بگەنە ئەنجامێک لەسەر ئەوەی بەپێی دەستوری وڵاتەکە، بڕیار لەلای کێیە."

هێزە میلیشیاییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران، وەک زۆرێک لە عێراقییەکان ئاماژەی پێدەکەن، بوونەتە مەترسییەکی گەورە لەسەر ڕەوشی سیاسی و ئاسایشی عێراق.

لە سەروەختی خۆپیشاندانەکانی تشرینییەکاندا لە ساڵی 2019 و بەدواوە، خۆپیشاندەرانی باشور و ناوەڕاستی عێراق نەک هەر دژی ئەو میلیشیایانە وەستانەوە، بەڵکو کونوسوڵخانەکانی ئێرانیشیان ئاوردا لە شارەکانی وەک بەسرە و کەربەلا.

دکتۆر ئەلبەیاتی دەڵێت "بە دڵنیاییەوە لەم ڕەوشەی ئێستادا مانەوەی ئەمەریکا لە عێراقدا گرنگە، نەک هەر تەنها بۆ بارە ئاسایشییەکە، بەڵکو بۆ پاراستنی بواری ئابوریش زۆر گرنگە کە بە داخەوە بەهۆی فەرامۆشکردنێکی بێباکانە و گەندەڵی لایەنە سیاسییەکانەوە هێشتاش ئابوری وڵاتەکە پەیوەستە بە ئابوری ئەمەریکاوە؛ لە ڕووی ئاسایشیشەوە هێشتا هیچ متمانەیەک و دڵنیاییەکیش نییە کە هێزە عێراقییەکان بتوانن جڵەوی تەواوەتی ئەم دۆسێ هەستیار و گرنگە لە ئەستۆ بگرن، جا ئەگەر بگەڕێینەوە بۆ کشانەوەکەی ئەمەریکا لە 2011دا بینیمان چۆن دواتر سێ پارێزگای عێراق کەوتن، جا ئەگەر متمانەش هەبێت ئەوا زۆر سنوردارە."

ئەم چاودێرەی کاروباری عێراق ئاماژەش بە ڕۆڵ و دەستێوەردانەکانی وڵاتانی دراوسێی عێراق دەکات و دەڵێت "هێشتاش دەستێوەردانەکان لە کاروباری عێراقدا زۆرن و هیچ یەکێکیش لەو وڵاتانەی دەستێوەردان دەکەن جێی ئەو متمانەیە نین کە بتوانن سەروەری وڵاتەکە بپارێزن، چونکە مەخابن هێشتاش هەندێک لایەنی سیاسی هەن، هێندەی وابەستەی کارنامە دەرەکییەکانن، هێندە بەرژەوەندی گشتیی عێراقیان بەلاوە گرنگ نییە."

دکتۆر عەلی ئەلبەیاتی لەوبڕوایەدایە کشانەوەی ئەمەریکا لە ئێستادا دەبێتە هۆکارێک بۆ زۆربوونی ئەگەری پێکدادان لە نێوان لایەنە سیاسییەکانی وڵاتەکەدا لەسەر داهات و دەسەڵات و ئەگەرێکی زۆریشی دەبێت بۆ سەرهەڵدانەوەیەکی گەورەتری تێرۆریزم، دەشڵێت بەر لە کشانەوەی ئەمەریکا "پێویستە فەرمانڕەوایانی عێراق زەمینەی بۆ بڕەخسێنن، وەک تۆکمەکردنی دامەزراوە نیشتمانییەکان و بایەخدانێکی بەرچاو بە ئابوری وڵاتەکە و ڕێگەگرتن لە دەستێوەردانە دەرەکییەکان، دەشبێت چەک لە دەستی حکومەت و دامەزراوە ئاسایشییەکانی دەوڵەتی عێراقدا ببێت نەک ئەو هێزە میلیشیاییانەی لە دەرەوەی یاسادان، ئەمانەش ئەرکێک نین لە چەند هەفتەیەکدا بکرێن، کاتی زۆر زیاتریان پێویستە."

زۆربەی لایەنە سیاسییەکانی لە ئێستادا داوای چوونە دەرەوەی هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیش دەکەن، پێشتر لە ساڵی 2003دا لەگەڵ هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیماناندا گەڕاونەتەوە ناو عێراق و هەر بە پشتیوانی ئەو هێزانەش دەسەڵاتیان لە عێراقدا گرتۆتە دەست. زۆرێک لە عێراقییەکان دەڵێن "ڕێبەرانی ئەوڕۆی وڵاتەکەیان بە سواری تانکەکانی ئەمەریکا هاتوونەتە دەسەڵات، کەچی داوای چوونەدەرەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیش دەکەن."

واشنتۆن و بەغدا ڕێککەوتنی ستراتیژییان مۆر کردووە و بەپێی ئەو ڕێککەوتنە ئەو هێزانەی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیش لە عێراق ماونەتەوە و لەسەر داوای حکومەتی عێراقیشە.

دکتۆر ئەلبەیاتی دەڵێت "ئەم داوایانەی بۆ کشانەوەی ئەمەریکا و هاوپەیمانان دەکرێن زیاتر گوتارێکی سیاسی ئاڕاستەکراون، نەک پێداویستییەک بێت بۆ بەرز ڕاگرتنی سەروەریی عێراق."