نرخی کڕینی 10 نان بە بڕیارێکی دەسەڵاتداران لە هەرێمی کوردستانی عێراق دەکرێت بە یەک هەزار دینار لە کاتێکدا 3 موچەی ساڵی 2023 نەدراوە.
ئیدریس مەسعود، نانەوایەکی گەنجە لە شاری هەولێر پایتەختی هەرێمی کوردستانی عێراق، نەک هەر ناڕەزایی دەربڕی بەرامبەر بەو بڕیارە، بەڵکو ڕەخنەیشی گرت لەو چاکسازیانەی کابینەی نۆی هەرێم ڕایگەیاندبوون. وەک بەرەنجامێکیش، ئیدریس دەستگیر دەکرێت و ڕۆژی دواتر ئازاد دەکرێت.
نرخی نان هەرزان دەکرێت بەڵام هێشتا نازانرێت ئایا نانەواکان، ئارد و سوتەمەنی بە چەند دەکڕن و چەندێکیش پارە دەدەن بە ئەلیکتریک و ئاو و کرێی شوێنەکانیان و کرێی کارکردن و باجی جۆراوجۆر و هەروەها خەرجییەکانی تری پێویستن بۆ درێژەدان بە دابینکردنی بژێوی ژیانیان.
ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر دەڵێت بیر لە هەموو ئەو بابەتانە کراونەتەوە و کاریشیان لەسەر دەکرێت. لە لێدوانە ڕۆژنامەوانییەکەیدا، خۆشناو ئاماژەی بەوە کرد "ئەو بڕیارە حکومەت لە پێناو ئەوەدایە کە هەموو خەڵکی هەرێم لێی سوودمەند بن، بەڵام دەزگاکانی ڕاگەیاندن ئەو بابەتەیان بەلاڕێدا بردووە. پێشوەخت کار لەسەر داواکارییەکانی نانەواخانەکان کراوە و پێدوایستییەکانی تریش بە نرخێکی کەمتر لە بازار بۆیان دابین دەکرێت."
دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین، هاوڕایە لەگەڵ ئەوەی ناڕەزاییەکان لە هەرێمی کوردستاندا فرە ڕەهەندن و دەشێت خوێندنەوەی جیاواز بکرێت بۆ هەر یەکێک لەو ڕەهەندانە، بەڵام ڕووداوی نانەواکەی هەولێر وەک دەڵێت "دیارە ڕەهەندی ناوخۆیی تیادا زاڵە، لەو ڕوانگەیەی هەرێمی کوردستان لە بارودۆخ و قەیرانێکی گەورەی ناوخۆییدا دەژی، ئەو نادادپەروەرییە کۆمەڵایەتییەی لە هەرێمدا هەیە و ئەو دابەشبوونە چینایەتییەی دروستکراوە، وەهایان کردووە کۆمەڵگەی کوردی لە دۆخێکی ئاڵۆز و قەیراناویدا بژی."
دکتۆر کامەران ئاماژەش بەوە دەکات " ئیدریس مەسعود، بە هەرچ شێوازێک ڕای خۆی دەربڕیبێت، بریتییە لە دەربڕینی ڕای زۆرینەی خەڵکی لە هەرێمی کوردستان دەربڕی، چونکە ئەوە ڕێک ئەو دۆخە ڕاستەقینەیەیە کە هەرێمی کوردستانی تیادا دەژی."
ڕێبین فەتاح، نوسەر و لێکۆڵەر باس لەوە دەکات بڕیاری هەرزانکردنی نان و ناڕەزایەتییەکانیش لەسەر ئەو بڕیارە وەک دەڵێت "نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە کە پرۆسەی دروستکردنی بڕیار لە هەرێمی کوردستاندا، هەر لە سەرەوە دەدرێت، بەبێ ئاگاداری و ڕاوێژکردن لەگەڵ ئەو خەڵکانەی پەیوەندییان بە بڕیارەکەوە هەیە. لەو دۆخەدا بەردەوام چاوەڕوانکراوە، ئەو بڕیارەی دەدرێت، لەگەڵ لانیکەمی بەرژەوەندییەکانی خەڵکانی پەیوەندیدار بە بڕیارەکە یەکنەگرێتەوە. وەک ئەوەی لە دۆسیەی بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی نان دەرکەوت، کە حکومەتی هەرێم بە گشتی و حکومەتی خۆجێی هەولێر بە تایبەت کەمتوانا بوون لە ڕەچاوکردنی زیان و بەرژەوەندییەکانی خاوەن نانەواخانەکان کە لە بڕیارەکە دەکەوێتەوە."
ڕێبین، بەڵگە دەهێنێتەوە بۆ ڕوانینەکەی و دەڵێت "گردبوونەوەی ناڕەزایەتی ژمارەیەک لە خاوەن نانەواخانەکان، هەرچەند سەرەتا لەلایەن حکومەتی خۆجێی هەولێرەوە وا لێکدرایەوە، گوایە "بۆ شێواندنی دۆخەکەیە"، بەڵام کار ڕاگرتنی 610 نانەواخانە لە هەولێر لە ڕۆژی دواتردا، سەلماندی قەبارەی ناڕەزایەتی و نیگەرانییەکە زۆر بەرفراوانتر و جددییە و ئەوەش بەتاڵکردنەوەی ئەو تۆمەتە بوو کە لە حکومەتی خۆجێی هەولێرەوە بۆ بەشدارانی گردبوونەوەکە لە ڕۆژی یەکەمەوە داتاشرا بوو."
بەڕێز فەتاح، باسیش لەوە دەکات کە پێویستە لەسەر کاردانەوەی خەڵکیش هەڵوەستە بکرێت و دەڵێت "ئەگەر بە سادەیی بڕیارەکە وەربگرین، لە بەرژەوەندی خەڵکە، کاتێک خەڵک بە نرخی کەمتر نان دەکڕێت؛ بەڵام لەبەرئەوەی پەیوەندییەکی ناسروشتی لە نێوان خەڵک و حکومەتدا هەیە؛ بەکورتی چونکە ناوەندی دروستکردنی بڕیارەکە، متمانەی هاووڵاتییانی لەدەستداوە، لەبەرئەوە خەڵک بەبێ ڕەچاوکردنی زیان و بەرژەوەندی خۆی، ڕاستەوخۆ پاڵپشتییان بۆ خاوەن نانەواخانەکان دەربڕی و ئەو پەیامە ڕادەگەیەنن کە ئێمە ڕازین بە نرخی زیاتر نان بکڕین! ئەو پەیامەیش نیشاندەری ئەو ڕاستییەیە، کە یەکەم: بڕیاری کەمکردنەوەی نرخی نان، بڕیارێکی ئەوتۆ نییە کە قورسایی سەرشانی هاووڵاتییان کەم بکاتەوە؛ دووەم: متمانەی خەڵک بە حکوومەت لەوپەڕی لاوازییدایە، بەڵکو هاووڵاتییان بڕیار و تێگەیشتنێکی پێشوەختەیان بۆ دروستبووە، کە هەنگاو و بڕیارەکانی حکوومەت بەگشتی لە دژی بەرژەوەندییەکانی هاووڵاتییانە، چونکە لە بنەڕەتدا تێگەیشتنێکی پێشوەختەی بۆ دروستبووە، ئەوەی کە هەیە، حکوومەتێکی دژە خەڵکە."
دکتۆر کامەران دەڵێت "ئەگەر کەسێک بە تەنها و بەو شێوەیە ڕای خۆی دەربڕیبێت و ئەو کاریگەرییە گەورەیەی هەبووبێت لەسەر کۆمەڵگەی کوردستان، تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانی هەژاند و پاڵپشتیی خەڵک بۆ ئەو کوڕە گەنجە؛ جا ئەگەر بێتوو هەموو خەڵک پێکەوە ڕای خۆیان دەرببڕن، ئەوا دەبێت چ بەرەنجامێکی لێبکەوێتەوە؟!"
دکتۆر کامەران مەنتک، پسپۆڕی زانستە سیاسییەکان لە زانکۆی سەڵاحەدین لەوبڕوایەدایە لایەنی دەسەڵات و لایەنە سیاسییەکانیش لە هەرێمدا ئاگادارن لەوەی کۆمەڵگەی کوردی لە چ قەیرانێکدا دەژی، بەڵام وەک دەڵێت "هەر ڕووداوێک لە هەرێمی کوردستاندا ڕووبدات دەکرێتە بابەتێکی سیاسی و ململانێی حزبی و هەمووی لە پێناو بەرژەوەندی خۆیاندا بەکاریدەهێنن، چەندان ڕاگەیەندراو لەسەر ئەو گەنجەی هەولێر بڵاوکرانەوە؛ هەرچۆنێک بێت نابێت ئەوەشمان بیر بچێت کە ژمارەیەک پارێزەر، خۆبەخشانە چوونە پێشێ بۆ داکۆکی لەو نانەوایەی هەولێر، هەربۆیە دەتوانم بڵێم حکومەت کارێکی باشی کرد کە زوو ئازادی کرد، حەکیمانە مامەڵەی لەگەڵ ئەو دۆسێیەدا کرد چونکە دەیزانی ئازاد نەکردنی خراپتر دەکەوێتەوە وەک لە ئازادکردنەکەی."
ڕێبین فەتاح، نوسەر و لێکۆڵەر ئاماژەش بە دۆسێی متمانەی نێوان خەڵک و دەسەڵات دەکات و وەک دەڵێت متمانە لە ئاستێکی زۆر لاوازدایە بەتایبەتیش کاتێک سەیری لێکەوتەکانی بڕیارەکەی حکومەت دەکرێت، دەڵێت "ئەوەی پیشانداین کە بڕیارەکە نەک هەر توانای دروستکردنەوەی متمانەی لە نێوان خەڵک و دەسەڵاتی سیاسی بە گشتی نییە، بەڵکو نامتمانەیی زیاتر کرد، کاتێک بە ڕوونی بۆ خەڵک ڕوون بوویەوە، بڕیارەکە هەڵگری کۆمەڵێک گرفتە و لانیکەم خزمەت بە بەرژەوەندییەکانی توێژێکی بەرفراوان لە کاسبکاران و کرێکاران ناکات کە داهاتی ڕۆژانەیان لەسەر نانەوایی و نانەواخانەکانە."
ڕێبین دەڵێت ئەم قەیرانی متمانەیە، هەروا بە سانایی چارەسەرناکرێت چونکە کێشە و قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان زۆرن و بەسەر یەکیشدا کەڵەکە بوون و دەشڵێت "بۆ هیچ کابینەیەکی حکوومەت هەرچەندیش بە بەرنامە و پلانەوە کاربکات، ئاسان نییە بەخێرایی و بەزوویی بتوانێت قەیرانە کەڵەکەبووەکان تێپەڕ بکات. لە پێش هەموو قەیرانەکانیشەوە، قەیرانێک کە زۆر بەدەگمەن ئاماژەی بۆ دەکرێت قەیرانی متمانەیە و زۆر لە قەیرانی ئابووری کاریگەرتر و مەترسیدارترە. بەسادەیی کاتێک هاووڵاتییان متمانەیان بە دەسەڵاتی سیاسی نەبوو، پاسا و بیانووی زۆر هەیە، بۆ ڕەتکردنەوە."
دروستکردنەوەی متمانە کار و هەنگاوی گەورەی دەوێت، وەک ڕێبین فەتاح دەڵێت "بە گەڕانەوە بۆ خەڵک و بەشداریی هاووڵاتییان لە دروستکردنی بڕیاردا، شەفافیەت، فراوانکردنی پانتایی ئازادی ڕادەربڕین و پابەندێتییە بە سیستەمێکی دیموکراتییانە لە کۆی پرۆسەی سیاسی و حوکمڕانی، بەدەر لە هەر دۆخێکی خۆسەپێنی و بەدەر لە هەر ڕەفتارێکی بە کەمبینینی خەڵک و کەڵەگایی بەسەر کۆمەڵگاوە."
بۆ ئامادەکردنی ئەم ڕاپۆرتە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا، چەند جارێک پەیوەندی کرد بە پێشەوا هەوارمی، وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، بەڵام وەڵامی پەیوەندییەکان نەدرانەوە.