ململانێکانی پارتی و یەکێتی لەسەر پێشنیارەکەی کۆمسیۆن بە دیاریکردنی کۆتایی مانگی پێنج بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان قوڵتر دەبنەوە. یەکێتی یاسا کۆنەکەی هەڵبژاردن و پارتیش هەر گۆڕانکاریەکی نوێ لە یاساکەدا بە دژایەتی بنەما دەستوریەکانی عێراق لەقەڵەمدەدەن، ئەمە سەرەڕای ئەوەی هەردوولا جەخت لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەکەنەوە.
ڕۆژی چوارشەممە، 10-1-2024، موهەنەد فازل عەباس، یاریدەدەرى سەرۆکى فەرمانگەى هەڵبژاردن بۆ کاروبارى تەکنیکى لە کۆمیسیۆنى باڵاى سەربەخۆى ھەڵبژاردنەکانى عێراق، نووسراوێکى ئاراستەى سەرۆکى ئەو فەرمانگەیە کرد و تێیدا پێشنیاری ڕۆژی 30-5-2024ی کردووە بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەکانی هەرێمی کوردستان.
بەرپرسانی پارتی دەلێن نیگەرانن لە پێشهاتەکانی پەیوەست بە هەڵبژاردن، بەڵام یەکێتی دەڵێت پشتگیری لە بڕیاری دادگای فیدڕاڵی دەکەن لەمبارەوە.
هاوار محەمەد، وتەبێژی دەزگای هەڵبژاردنی پارتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ڕوانگەی پارتییەوە ئێمە بە نیگەرانیەوە دەڕوانینە ئەم پرسە، چونکە وەکو کۆمسیۆن ڕایگەیاندبوو بە هۆی پارەدارنەکردنی کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردن پرۆسەکەیان دواخستووە. ئێمە هیوادارین ڕەهەندی سیاسی لەپشت ئەم بابەتە نەبێت، بتوانین لە نزیکترین کات هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان ئەنجام بدەین."
وتیشی، "لە ڕوانگەی یاسایی و دەستوری دامودەزگا ناوەندیەکان توانای ئیجبارکردنی هەرێمی کوردستانیان نیە، وە ناتوانن فشار بخەنە سەر هەرێمی کوردستان، بەڵام بەداخەوە ئەوەی ئێمە تێبینی دەکەین ئێستا لە عێراقدا دۆخێک دەگوزەرێت کە دۆخێکی نەخوازراوە، وە دوورە لە پابەند بوون بە بنەما یاسایی و دەستوریەکان ئەگینا ناکرێت لە تەواوی ئەو سێکتەرانە حکومەتی ناوەندی مامەڵەی پێ لەگەڵ هەرێم دەکات هاوتا و یەکانگیرنین لەگەڵ بنەما و مامەڵەی حکومەتێکی فیدڕاڵی کە بە پێی یاسا و دەستور ئیش بکات."
سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی 2ی مانگی پێنجی 2023، لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە. یەکێتی داوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمان لەیەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ چوار بازنەیی و کورسی پێکهاتەکانیش بەسەر بازنەکاندا دابەش بکرێت.
تا ئێستا دادگای فیدراڵی سکاڵاکەی یەکێتی نیشتمانی یەکلایی نەکردووەتەوە. وا بڕیارە رۆژی 21ی مانگ دانیشتنێک لەمبارەوە ئەنجامبدات.
ڕزگار حاجی حەمە، بەرپرسی دەزگای هەڵبژاردنی یەکێتی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئەگەر سکاڵاکەی یەکێتی نایاسایی بێت دادگای فیدراڵی ڕەتی دەکاتەوە. ئێمە داوای شتێکمان کردووە کە پێمانوایە ناعەدالەتی تیایە. یاسا کۆنەکە پێچەوانەی دەستوری عێراقە، ئەوەی ئێمە داوامانکردووە حەق و ڕەوایە، چونکە لە ماوەی 31 ساڵی ڕابردوو هیچ کۆتایەکی مەسیح و کلدان و ئاشور لە سنوری سلێمانی نوێنەرایەتی نەبووە بە تورکمانیشەوە، ئێمە پێمان باشترە لە هەموو پارێزگاکان پێکهاتەکان نوێنەرایەتی خۆیان هەڵبژێرن."
وتیشی،"ئێمە پابەند دەبین بە هەموو بڕیارێک کە دەربچیت لەسەر سکاڵاکەمان لە لایەن دادگای فیدڕاڵیەوە. وەک یەکێتیش هیچ کێشەیەکمان نییە لەسەر ئەو وادەیەی کە کۆمسیۆن دیاری کردووە، ئێمە ئامادەکاری خۆمان کردووە و پلان و بەرنامەی خۆمانمان هەیە."
پارتی دەڵێت هەر گۆڕانکارییەک لە یاسای هەڵبژاردننەکانی هەرێم پێچەوانەی دەستوری عێراقە و دوای بڕیاری دادگا هەڵوێستی خۆی ڕادەگەیەنێت.
هاوار محەمەد وتی، "دادگای عێراق بە پێی مادەی 93ی دەستوری عێراقی بۆی نییە لێکۆڵینەوە لە بابەتێکدا بکات، لە ناوەخنی یاسایەکدا بکات، کە هیچ پێچەوانەیەکی دەستوریی تێدانییە و تاوتوێکردنی یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان لە دادگای فیدراڵی بە پێی ماددەی 93ی دەستوری عێراق خاڵەکە یەکانگیرنییە لەگەڵ بنەما ئاسیی و دەستوریەکان. "
وتیشی،"ئێمە چاوەڕێی بڕیارکەی دادگای فیدڕاڵین و پێش ڕووداوەکان ناکەوین. ئەو ماوە زۆرەی کە دوایدەخەین جێگەی تێبینی و پرسیاری هەموولایەکمانە و هەموومان نیگەرانین وە چاوەڕوانین دادگای فیدڕاڵی لۆژیکیانە و بابەتانە بڕیار بدات، بەشێوەیەک بێت کە ڕەهەندی سیاسی لە پشت نەبێت، لەگەڵ ئەوەشدا ئامادەین بۆ هەڵبژاردن و باوەرڕمان بە خۆمان هەیە کە سەرکەوتنی گەورە تۆمار دەکەین."
Your browser doesn’t support HTML5