هێرشی سەر کێڵگە غازییەکان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی سوریا

ئێوارەی ڕۆژی پێنجشەممە، ڕێکەوتی 25ی مانگی یەکی 2024 ، هێرش کرایە سەر کێڵگەی غازی کۆرمۆر لە سنووری شارۆچکەی چەمچەماڵ لە هەرێمی کوردستان. بەهۆیەوە بۆ ماوەیەکی کورت کارکردن لە کێڵگەکە ڕاگیرا و بووە مایەی بڕانی وزەی کارەبا لە ناوچەیەکی فراوانی هەرێمی کوردستان. هەر بۆ ڕۆژی دوایی هێرشکرایە سەر کیڵگەی غازی کۆنیکۆ لە ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە دێرزوری سوریا.

دەپرسین:

ئایە هاوکاتی هێرشی سەر ئەم دوو کێڵگە غازییە بە پلانە یان ڕێکەوتە؟

بۆچی کەس بەرپرسیارێتی خۆی لە هێرشەکەی سەر کێڵگەی کۆرمۆر ڕانەگەیاندووە؟

لەبەر چی ژێرخانی ناوچەکە دەکرێتە ئامانج؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە دەکەین بە میوانداری:

کامەران عوسمان، ئەندامی تیمی عێراقی ڕێکخراوی (سی پی تی)ئەمەریکایی.

کامیل قەزاز، بریکاری وەزارەتی کارەبای حکومەتی هەرێمی کوردستان.

دکتۆر جاویدان کەمال، نوێنەری پەیەدە لە هەرێمی کوردستان.

Your browser doesn’t support HTML5

هێرشی سەر کێڵگە غازییەکان لە هەرێمی کوردستان و ڕۆژهەڵاتی سوریا

کامەران عوسمان:

"ئێمە وەک تیمی(سی پی تی) ئەمەریکایی لەساڵی ٢٠٠٦وە چاودێری بۆردومان و هێرشەکانی تورکیا دەکەین لە هەرێمی کوردستان، ئەوەی ئێمە تێبینیمان کردووە ئەو دوو وڵاتە بە پلان دەیانەوێت ئەو شوێنانە بە ئامانج بگرن کە کۆڵەکەی ئابورین و تەنانەت کەسانی بازرگان و سەرمایەدارانیش بە ئامانج دەگرن، هێرشەکردنە سەر کۆرمۆر لە پێنجشەممەی ڕابردوو شتێکی نوێ نەبوو، لەماوەی دوو ساڵی ڕابردوو یانزە جار هێرشکراوەتە سەر کۆرمۆر، تەنانەت ئەو دوو وڵاتە بزنسی بچوکی هاوڵاتیانیشیان بە ئامانج گرتووە، بۆ نمونە لە ئۆپراسیۆنی چنگی هەڵۆی تورکیا لە ساڵی ٢٠٢١ پڕۆژەی ئاوی (بازف) کە ئاوی بۆ دە گوندی بەرواری باڵا دابین دەکرد ئەو پڕۆژەیە بە ئامانج گیرا، هەر لە هەمان ساڵدا پڕۆژە گەشتیارییەکانی بە ئامانج گرت، هەر بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە ٢٢ هەزار زەوی کشتوکاڵی لەو ناوچانەدا سوتاند، لە ساڵی ٢٠٠٧وە تا ئەم ساڵ یەک ملیۆن و هەشت سەد هەزار دۆنم زەوی بەهۆی بۆردومانەکانی تورکیا و ئێرانەوە سوتاون،١٨٠ گوند بەهۆی ئەو بۆردومانانەوە چۆڵکراون، لە ئێستاشدا ٦٠٠ گوند لەژێر مەترسی چۆڵکردندان، بۆیە تورکیا و ئێران بە ئەنقەست ئەو شوێنانە بۆردومان دەکەن کە بڕبڕەی پشتی ئابورین و دەبێتە هۆی ئیستقرارییەتی سیاسی."

"ئێمە هیچ زانیاریمان نیە کە ئەو هێرشەی کۆرمۆر کێ ئەنجامی داوە، بەڵام بەدڵنیایی ئەگەر گروپەکانی سەر بە ئێران یان سەر بە تورکیاش ئەنجامیان دابێت دەستێکی هەرێمی تێدایە بەتایبەت لەم کاتە هەستیارەدا، لەساڵی ٢٠٢٢شدا ٧٠٠ کورەی هەنگەوانی بەخێوکردنی هەنگ کە بزنسی بچوکی هاووڵاتیانە لە قەزای ئامێدی لەلایەن تورکیاوە بە ئامانج گیراون."

"ئەگەر ئەمە چارەسەر نەکرێت دەکرێت لە داهاتوو پڕۆژەی گەورەی ئابوری و وێستگەی گەورەی بەکارهێنانی کارەباش بە ئامانج بگیرێت هیوادارین نەگاتە ئەو قۆناغە."

"لە ساڵی ٢٠٢٣ ئێران ١٠١ بۆردومانی کردووە، تورکیا ١٥٤٨ بۆردومانی کردووە، هەر وەکو چۆن شکایەت لە ئێران دەکرێت لەسەر هێرشەکەی هەولێر ئاواش پێویستە شکایەت لە تورکیا بکرێت، دەبێت حکومەتی هەرێم بە هەماهەنگی لەگەڵ بەغداد لەڕێگای دیپلۆماسیەوە ئەم سکاڵایانە تۆمار بکات کە لەو بۆردومانانەدا تاوانی جەنگیش ئەنجام دراوە بۆ نمونە لە مانگی ٩ی ساڵی ٢٠٢١ لە دەڤەری بەرواری باڵا ئێمە خۆمان چوینە نەخۆشخانە و شاهێد حاڵبوین کە بریندارەکانی بۆردومانەکەی تورکیا لەو ناوچەیە بە غازی قەدەغەکراو بریندار ببوون."

کامیل قەزاز:

"هەر وەک کاک کامەران باسی کرد ئەو یانزە جارەی لەم دوو ساڵە هێرشکراوەتە سەر کۆرمۆر هیچ جارێک وەک ئەمجارە نەبووە، ڕەنگە ئیتر بیانەوێت مەترسیەکە بکەنە جدی، لەو جارانەی پێشتر ئێمە زیانێکی ئەوتۆمان نەکردووە، کە ببێتە هۆی ئەوەی بەرهەمهێنانی غاز بوەستێت و نزیکەی ٢٨٠٠ مێگاوات کارەبا لەسەر شەبەکەی ئێمە نەمێنێت، ئێمە تائێستا دووربوین لەو هێرشانە بەڵام خوا بکات نەیەن بەلای ئێمەدا و بیر لەئێمە نەکەنەوە،چونکە ئەوان ئەوان ژێرخانی ئابوری هەرێمییان مەبەستە ، چونکە کارەبا بەشێکە لە وزە، وزەش بەشێکە لە ئابوری و ئابوریش بەشێکە لەسیاسەت بۆیە بەدووری نازانین سبەی کەرتی کارەباش ببێتە ئامانجێک لە ئامانجەکانی ئەو هێرشانە، من ئەوکات لە وێستگەی بێجی دەوامم دەکرد، کاتێک ئەمەریکا لە ڕژێمی بەعسی دا دای لە وێستگەکانی کارەبا و هەموو عێراقی تاریک کرد، چونکە کارەبا خوێنبەری ئابوری و ژیانە، لەبەر ئەوە ئەگەر بیانەوێت بیری لێبکەنەوە کارەبا یەکێک دەبێت لە ئامانجەکان خوا بکات ئێمە نەگەینە ئەو ڕۆژە، ئێمە وەزارەتێکی خزمەتگوزارین نە ئەمنین و نە سیاسیین بۆیە دەبێت ئەنجومەنی وەزیران خۆی بێتە سەر خەت و هێرشکردنە سەر وێستگەکانی کارەبا بە ڕێگای دیپلۆماسی چارەسەر بکات چونکە ئەوە پێشهاتێکی نوێیە سەبارەت بە ئێمە."

"ئەوەی هەیە ئێستا ناتوانین داهات بۆ چاککردنەوەی وێستگەکانمان بخەینە کار، بۆیە هەموو هەوڵێک دەدرێت بۆ کۆکردنەوەی داهات بۆ موچەی فەرمانبەرانی هەرێم ئەوە وایکردووە کە ئێمە نەتوانین بەپێی پێویست کارەبا بدەین بە خەڵک."

"بەپێی ڕوپێوییەکی یۆنامی و ڕێکخراوێکی ئیسپانی نرخی یەک کیلۆوات کارەبا لە هەرێم ١٥٦ دینار لەسەر حکومەت دەکەوێ، بەڵام بە ٣٠-٣٥ دینار دەدرێتەوە بە هاووڵاتیان بە نرخی پاڵپشتیکراو."

دکتۆر جاویدان کەمال:

"دەوڵەتی تورک ئەوەی نەشاردووەتەوە بە ئاشکرا کە جگە لە کوشتنی هاووڵاتیانی سڤیل ئامانجی بە ئامانج گرتنی ژێرخانی ئابوری ڕۆژئاوای کوردستانە لەپێناو لەناوبردنی ئەو دەسەڵاتەی لەو ناوچەیەدا هەیە، هێرش دەکاتە سەر وێستگەکانی کارەبا و تەنانەت ئاشی نانیش، لەو ماوەیەی ڕابردوو تورکیا لە وێستگەی کارەبای عەین ئەسەدی دا، نزیکەی ٥٠٠ گوندی بێ کارەبا کرد، کە بووە هۆی وەستانی هەموو خزمەتگوزارییەک و گەیاندنی بە هاووڵاتیان ئەمەش تەنها لەبەرئەوەی دەسەڵاتی خۆسەری لەناو ببات.

ئەم هێرشانەی سەر ژێرخانی ئابوری لە ڕۆژئاوا دەتوانین پەیوەندیداری بکەین بە هێرشەکانی سەر هەرێمی کوردستانیشەوە کە ئەمە پلانێکی گشتگیری دوژمنانی کوردە لە هەریەک لە (سوریا و تورکیا و ئێران) تەنانەت بەشێک لە فشارەکانی بەغداد بۆ سەر هەرێم دەچێتە چوارچێوەی ئەو پلانەوە، بۆیە دەبێت ئێمە وەک کورد هێرشەکانی سەر ڕۆژئاوای کوردستان و هەرێمی کوردستان بەیەک چاو سەیر بکەین ئەوان ئامانجییان لەناوبردنی گەلی کوردە لە هەر چوار پارچەی کوردستان."