عەلی عەباس: بۆردومانەکان ترس و دڵەڕاوکێی لەناو میلیشیاکاندا دروستکردووە

ئەمەریکا بۆردومانکردنی بنکە و بارەگاکانی هێزە میلیشیاییەکانی سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران لە سوریا و عێراقدا دەستپێکردووە دوای ئەو هێرشەی میلیشیاکانی کەتائیبی حزبوڵا کە بەشێکە لەو هێزەی بە موقاوەمەی ئیسلامی خۆی دەناسێنێت، لەناو خاکی شانشینی ئوردندا کردیە سەر بنکەیەکی هێزەکانی ئەمەریکا و 3 سەربازی ئەمەریکایی لەو هێرشەدا کوژران و زیاتر لە 30 سەربازیش بریندار بوون.

عەلی عەباس، چاودێر و چالاکوانی عێراقی لە بەغداوە بە بەشی کوردی دەنگی ئەمەریکا ڕادەگەیەنێت " هەر لەگەڵ دەستپێکردنی بۆردومانەکانی ئەمەریکا بۆسەر بنکەکانی میلیشیاکان لە ڕۆژهەڵاتی سوریا، دەنگی فڕۆکەی بێفڕۆکەوان بە ئاسان لە ئاسمانی بەغدادا دەبیسترا، هەربۆیە دەزانرا هەر ئەمشەو لە بارەگا و بنکەکانی میلیشیاکانیش دەدرێت لەناو عێراقدا."

بەڕێز عەباس، دەڵێت هێرشە ئاسمانییەکانی شەوی هەینی، ناوچەکانی عەکاشات و ئەلقائمی گرتۆتەوە لە پارێزگای ئەنبار لە ڕۆژئاوای عێراق و دەشڵێت "سەرچاوەکان لە ئەلقائم دەڵێن زیاتر لە 20 موشەک لە بارەگای هێزەکانی حەشدی شەعبی دراوە و باس لە کوژرانی زیاتر لە 10 کەسیش دەکەن لە بارەگای سەرکردایەتی هێزەکانی حەشدی شەعبی لە پارێزگای ئەنبار."

یەحیا ڕەسول عەبدوڵا، وتەبێژی سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی عێراق لە ڕاگەیەندراوێکی هاوکاتی بوردومانەکاندا دەڵێت "شاری ئەلقائم و ناوچەکانی ڕۆژئاوای عێراق بە فڕۆکەی ئەمەریکایی بۆردومانکراون و ئەم بۆردومانانەش لە کاتێکدایە عێراق تێدەکۆشێت بۆ دڵنیابوون لە ئاسایش و سەقامگیریی ناوچەکە. ئەم هێرشانە بە پێشێلکردنی سەروەریی عێراق دادەنرێت و مەترسیشن بۆ ڕاکێشانی عێراق و ناوچەکە بۆ ڕەوشێکی کەس هیوا بە ئەنجامەکەی ناخوازێت و ئەو بەرەنجامانەش کارەسات دەبن بۆ عێراق و ناوچەکەش."

کۆشکی سپی دەڵێت "بەر لەو هێرشە ئاسمانیانە، حکومەتی عێراق ئاگادارکراوەتەوە."
عەلی عەباس، ئاماژەش بەوە دەکات "بێگومان ئەم هێرشانەی ئەمەریکا ترس و دڵەڕاوکێیەکی گەورەی لەناو هێزە میلیشیاییەکاندا دروستکردووە و تەنانەت بەر لە بۆردومانەکان زۆربەی هەرە زۆری بارەگاکانی هێزەکانی حەشدی شەعبی داخران و چۆڵیان کردووە و ناشزانرێت سەرکردەکانیان لە کوێن، هەروەهاش کەتائیبی حزبوڵا پاشەکشەی کرد و لە ڕاگەیەندراوێکدا داوای لە چەکدارەکانیشی کرد تەنانەت ئەگەر ئەمەریکا هێرشیشی کردنە سەر، ئەوا ئەگەر ناچار بوون بەرگری لە خۆتان بکەن."

لایەنی نوجەبا کە ئەمیش بەشێکە لەو بەرەیەی بە موقاوەمەی ئیسلامی ناودێر دەکرێت دەڵێت "وەک موقاوەمەی ئیسلامی درێژە بە هێرشکردنە سەر بنکەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانانیش دەدات."
لە دوای ئەو هەڵوێستەی نوجەبا ڕایگەیاند، وەک دەگوترێت کەتائیبی حزبوڵا چوونە دەرەوەی لە بەرەی موقاوەمەی ئیسلامی ڕاگەیاند.
عەلی عەباس، چاودێر و چالاکوان دەڵێت "لەوبڕوایەدام ئەوە هەنگاوێکی تاکتیکی بێت و پەیوەندی بە ناوخۆی موقاوەمەی ئیسلامییەوە هەبێت، لەو ڕوانگەیەوەی هەموو بڕیارێکی موقاوەمەی ئیسلامی لە کۆماری ئیسلامی ئێرانەوەیە، چونکە ئەمانە لەلایەن تارانەوە پێکهێنراون و بەرنامەڕێژییەکانیان لە ئێرانەوەیە، هەربۆیە هەر جموجۆڵێکی دەیکەن بە سەرپەرشتی ئێرانە، هەربۆیە بە کارێکی چەواشەکارانەی دەبینم."