مونا قەهوەچی: دوا خستنی هەڵبژاردن بە مانای لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و لێدانە لە دەستکەوتەکان

مونا قه‌هوه‌چی سكرتێری پێشووی په‌رله‌مانی هه‌رێمی كوردستان-عیراق

سکرتێری پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان و جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، دوا خستنی بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم، دڵەڕاوکێ و نیگەرانی لای خەڵکی هەرێمی کوردستان دروستدەکات، چونکە دوا خستنی هەڵبژاردن بە مانای لاوازکردنی قەوارەی هەرێم و لێدانە لە دەستکەوتەکان. وتیشی ئێمە وەک پێکهاتەی تورکمان گەشبین نین کە بڕیارەکە لە بەرژەوەندی ئێمە دەربچێت و خۆشمان بۆ خراپترین سیناریۆ و ئەگەر ئامادە کردووە.

هەرچەندە بڕیار بوو، ڕۆژی یەکشەممە 4-2-2024، دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیار لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم بدات، بەڵام بۆ جاری حەوتهەم بڕیارەکە دواخراو، دادگای فیدڕاڵی ماوەی بڕیاردانەکەی بۆ ڕۆژی 11-2 درێژکردەوە.

مونا قەهوەچی، سکرتێری پێشووی پەرلەمانی هەرێم و جێگری سەرۆکی پارتی چاکسازی تورکمان، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئەم چاوەڕوانیە باش نییە و دڵەڕاوکێ لەلای خەڵک دروست دەبێت، خوازیارین لە 11-2 بڕیارەکە یەکلا کەرەوە بێت، بۆئەوەی هەڵبژاردن چیتر دوا نەخرێت، چونکە دوا خستن بە مانای لاوازکردنی قەوارەی هەرێم ولێدانە لە دەستکەوتەکانی هەرێم، خەڵکی دڵسۆزی کوردستانیش بەوە دڵخۆش نابن."

وتیشی،" لە کاتی پێشکەشکردنی ئەم سکاڵایە هەر لە سەرەتاوە بۆ سیناریۆ خراپەکە خۆمان ئامادە کردووە، چاوەڕێ نین بڕیاری دادگای فیدڕاڵی لە بەرژەوەندی پێکهاتەکەمان دەربچێت، چوونکە بڕیارەکە 7 جار دواخرا، بۆیە گەشبین نیم کە لە بەرژەوەندی پێکهاتەکان بێت، ئەوەی گەشبینم ئەوەیە کە چیتر هەڵبژاردن دوا نەکەوێت."

سەرۆکی فراکسیۆنی یەکێتی لە خولی پێنجەمی پەرلەمانی کوردستان، لە ڕۆژی 2 ی مانگی پێنجی 2023، لە دادگای فیدراڵی عێراق سکاڵای لەسەر یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان تۆمارکردووە. یەکێتی داوا دەکات هەڵبژاردنی پەرلەمان لەیەک بازنەییەوە بگۆڕێت بۆ چوار بازنەیی و کورسی پێکهاتەکانیش بەسەر بازنەکاندا دابەش بکرێت.

ئەمڕۆ 4-2 بۆ جاری حەوتهەم بڕیاردان لەسەر سکاڵاکەی یەکێتی دواخرا.

تا ئێستا سەرۆکی هەرێمی کوردستان مەرسومی سەرۆکایەتی بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن دەرنەکردووە، بەڵام کۆمسیۆنی سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق ڕۆژی ڕۆژی 16ی مانگی 1ی 2024 لە کۆبوونەوەیەکیاندا لەگەڵ سەرۆکایەتی هەرێم و سەرۆکایەتی حکومەت 19 بۆ 30 مانگی 5ی 2024 پێشنیارکردووە بۆ ئەنجامدانی هەڵبژاردن.

مونا قەهوەچی وتیشی،" لە 7ی 7 وادەی یاسایی کۆمسیۆنی عێراق تەواو دەبێت، ئەگەر هەڵبژاردن ئەنجام نەدرێت دەکەوینە ژێر مەترسیەکی گەورە. بۆیە هەموولایەنە سیاسیەکان دەبیت بە بەرپرسیارێتیەوە مامەڵە لەگەڵ دۆخەکە بکەن و واز لە بەرژەوەندی تەسکی حزبایەتی بهێنن.

هەروەها ڕایشیگەیاند،" دەبێت بە لایەنەکان هاوکاربن بۆئەوەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بڕیاری دیاری کردنی ڕۆژی هەڵبژاردن بدات، چونکە تەنها لە بەرژەوەندی لایەنێک نییە و لە بەرژەوەندی هەموو لایەنە سیاسیەکانە."

ڕۆژی یەکشەممە، 4ی مانگی 2 هاوکات بوو لەگەڵ کۆبوونەوەی وەفددێکی باڵای پارتی دیموکراتی کوردستان و یەکێتی نیشتیمانی کوردستا، بە پێی بەیاننامەی هاوبەشی نێوان هەردوولا ئەرکی یەکێتی و پارتی و سەرجەم لایەنە کوردستانییەکانە قەوارەی هەرێم بپارێزن و پارێزگاری لە دەستکەوتەکانی شۆڕش و خەبات و خوێنی شەهیدانى کوردستان بکەن."

لەو بارەیەوە مونا قەهوەچی وتی،" بەیاننامەی هاوبەشی یەکێتی و پارتی کە دوای ماوەیەکی درێژ و دابڕانێکی زۆر ئەم کۆبونوەوە کرا، یەکەم خاڵ کە دڵخۆشکەربو بۆ ئێمە، هەموان هاوڕابوون کە قەوارەی هەریمی کوردستان بە پێکهاتەکا نیشەوە بپارێزن و دەستکەوتەکانیش بپارێزن."