لە عێراق، کێ سەروەری وڵاتەکە دەپارێزێت؟

هاوپەیمانێتی بەڕێوبەرایەتی دەوڵەت لە عێراق کۆدەبێتەوە و ئەم کۆبوونەوەیەش دوای هێرشەکانی شەوی هەینی لەسەر شەممەی ئەمەریکایە بۆسەر پێگەکانی میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان لە پارێزگای ئەنباری ڕۆژئاوای عێراق.

دوای ئەو کۆبوونەوەیەی ڕۆژی یەکشەمە، وەک دەگوترێت لەسەر داوای موحەمەد شییاع ئەلسودانی، سەرەک وەزیری عێراق بووە، لەتیف ڕەشید، سەرۆکی کۆماریش بەشداربووە.

هاوپەیمانێتی بەڕێوبەرایەتی دەوڵەت، لە ڕاگەیەندراوێکدا دەڵێت "هاوپەیمانێتییەکە سەرکۆنەیەکی توندی دەستدرێژییەکانی ئەمەریکا دەکات... کە پێگەکانی هێزی حەشدی شەعبی کردە ئامانج و بوونە مایەی شەهیدبوون و برینداربوونی دەیان کەس لە حەشد و لە هاووڵاتیانی سیڤیلیش. ئەو دەستدرێژیانە هێرشێکی ڕژدن بۆسەر دامەزراوەیەکی فەرمی ئاسایشی عێراق."

دکتۆر عەبدولستار ئەلجومەیلی، ئەمینداری پارتی پێشەنگی سۆشیالیست ناسری، دەڵێت "ڕەوشی وڵات ئێجگار ئاڵۆزە، بکەرەکان زۆرن و دەستێوەردانەکان و پێشێلکردنەکانیش زۆرن و دەستدرێژییەکانیش فرە لایەنن. سیستەمی سیاسی عێراقیش لەسەر بنچینەی بەشبەشێنەی تایفەیی و نەژادی بونیاتنراوە، ئەمەش وەهای کردووە دیموکراتییەتێکی لەرزۆک لە وڵاتەکەدا بەرهەم بهێنرێت و پشت ببەستێت بە فرەیی لەناو نێوەندەکانی هێز و بڕیارداندا، لە کاتێکدا چەمکی هاووڵاتیبوون دیارنییە و پڕۆژەیەکیش بەرهەم ناهێنێت بۆ بونیاتنانی دەوڵەتی نیشتمانی دامەزراوەیی. هەربۆیە زۆر قورسە، جا هەر شیکەرەوەیەک بێت، بتوانێت ڕاڤەی یاسایی و سیاسیانەی هەڵوێستەکانی حکومەتە یەک بە دوا یەکەکانی عێراق بکات کاتێک دێیتە سەر بابەتەکانی سەروەریی عێراق و ئاسایشی نیشتمانی وڵات. هەربۆیە ئەگەر عێراق بەم سیستەمەیەوە بمێنێتەوە، ئەوا ئەم ڕەوشەش درێژەی دەبێت."

عەلی ئەلحەییانی، چاودێری سیاسی کاروباری عێراق دەڵێت " لە وڵاتەکەمدا قسە و باسی لایەنەکان بە حکومەتیشەوە لەسەر سەروەریی، تەنها بۆ بزواندنی ڕای گشتییەوە؛ ئەمەش لە ڕاگەیەندراوەکانیاندا بە ئاشکرایی دەردەکەون کاتێک ئێران یان تورکیا یانیش ئەمەریکا هێرشێک دەکەن؛ هەربۆیە دەکرێت بڵێین هەر لایەنە و گۆرانی بە باڵای لەیلاکەی خۆیدا دەڵێت؛ گوتارێک نابینیت باس لە مانا و بەهای سەروەریی بکات، بەو مانایەی هەر دەستدرێژییەک وەک پێشێلکردنی سەروەریی لێی بڕوانرێت چونکە بە هەمان دیدی دەستدرێژیکەر دەڕوانرێتە سەروەریی و دەستەواژەی سەروەریی لە عێراقدا وەک بەرژەوەندی بەکاردەهێنرێت و بەپێی کات سەروسەودای لەگەڵدا دەکرێت."

عەلی ئەلحەییانی

هاوپەیمانێتی بەڕێوبەرایەتی دەوڵەت لە راگەیەندراوەکەیدا، ئاماژەیشی بەوە کردووە هەموو جۆرە هێرشێکیش ڕەتدەکاتەوە کە بکرێنە سەر بنکە سەربازییەکانی عێراق و هەروەها دەشڵێت " هەر هێرشێک، ڕاوێژکارە سەربازییەکانی وڵاتانی هاوپەیمانێتی نێونەتەوەیی بکاتە ئامانج، ڕەتدەکەینەوە."

دکتۆر ئەلجومەیلی، ئاماژە بە جیاوازیی هەڵوێستەکانی حکومەتەکانی عێراق دەکات لە هەمبەر ئەو هێرش و دەستدرێژیانەی دەکرێنە سەر عێراق و دەڵێت هۆکارەکەی دەگەڕێتەوە بۆ سروشتی حکومەتەکان "چونکە لەسەر بنەمای تایفەیی پێکهێنراون، هەربۆیە هەوڵدەدات، ئەڵبەت بە ڕوانینی حکومەتەکان خۆیان، تا هاوسەنگی بپارێزرێت لەو کاردانەوانەی بەرامبەر هەر هێرش و دەستدرێژییەکی دەکرێت، جا ئەمەریکا بێت یان ئێران یانیش تورکیا؛ مەخابن پێوانە بۆ کاردانەوەکانی حکومەت یان سیاسییە یان هەژموونی لایەکە بەسەر لایەکی ترەوە، یانیش پێوانە تایفەیی و نەژادییەکانە، هەربۆیەشە ڕاگەیەندراوەکانی حکومەت وەک بینیومانە ئێجگار شەرمنانەن."

سەبارەت بە کاردانەوەی حکومەت و لایەنە سیاسییەکان تایبەت بە هێرشەکەی شەوی هەینی لەسەر شەممەی ئەمەریکا بۆ سەر میلیشیا لە یاسا دەرچووەکان، بەڕێز ئەلحەییانی دەڵێت "حکومەتی عێراق و لایەنە سیاسییەکانیش لە کاردانەوەکانیاندا، نیشانیانداین کە نزیکن لە ئێرانەوە و بەرژەوەندییەکانی ئێران دەپارێزن؛ هەربۆیەشە چوارچێوەی هەماهەنگی، تەنانەت یەک ڕاگەیەندراویشی نەبوو لەسەر هێرشە گەورەکەی ئێران بۆسەر شاری هەولێر کە خەڵکی سیڤیلی تیدا کوژران؛ جا ئەوەی بەرامبەر هێرشەکەی ئەمەریکا کردیان، نیشانەی هەژموونی ئێرانە بەسەر دیمەنی سیاسی عێراقەوە، هەروەها ئاماژەیشە بە دەسەڵاتی ئێرانییەکان بەسەر ڕێبەرە سیاسییە فەرمانڕەواکانی عێراقەوە."

شەقامی عێراقی، بە گشتی ڕایەکی جیاوازی هەیە لە حکومەتی وڵاتەکە، وەک دکتۆر ئەلجومەیلی باسی دەکات "هەڵوێستێکی تەواو جیاوازی هەیە لەسەر هێرشەکانی ئێران و تورکیا لەناو خاکی عێراقدا؛ چونکە حکومەت لە ڕێی وەزارەتی دەرەوە ڕاگەیەندراوەکان بە شێوەیەک دادەڕێژێت کە پەسەندکراوبن لای لایەنە سیاسییەکانەوە، ئەمەش وەها دەکات ڕای حکومەت نەزانرێت و ڕای گشتی عێراقییەکانیش ئەو جۆرە هەڵوێستانەیان بەلاوە پەسەند نییە چونکە هەڵوێستێکی نیشتمانیانەی تیادا بەدی ناکرێت و چەندان جۆر خوێندنەوەیان بۆ دەکرێت."

ئەم لایەنانەی فەرمانڕەوایەتی عێراق دەکەن، پشتیوانی خۆیشیان بۆ حکومەتی وڵاتەکە ڕاگەیاندووە بەوەی ڕێگەنادەن عێراق ڕابکێشرێتە ناو قەیرانی ناوچەکەوە، لەسەر ئەو بنچینەیەی دەبێت بەرژەوەندییە باڵا نیشتمانییەکانی عێراق بخرێنە سەرو هەموو بەرژەوەندییەکی ترەوە.

دکتۆر عەبدولستار ئەلجومەیلی، دەڵێت لێرەدا پێویستەدا باس لە ڕۆڵی تەواوی هێزە ئاسایشییەکانی عێراق بکرێت و ڕاستە پەرەسەندنی بەرچاوی بەخۆوە بینیوە، بەڵام دەشڵێت ترس و نیگەرانیش هەن " ترس و نیگەرانی لەوەی نەتوانێت بەرسڤی هەبێت بۆ ڕووداوی لە ناکاوی ئاسایشی لە ژێر هەروادێ زیاتر بوونی فشارەکانی تێرۆریستانی داعش کە هەوڵی قۆزتنەوەی دەرفەتەکان دەدەن لەم قۆناغە هەستیارە ئاڵۆزەدا بۆ دووبارەکردنەوەی ئامانجی ئەزموونە شەڕانگێزی و خۆێنڕێژییەکانی ساڵی 2014."

عەلی ئەلحەییانی لەوبڕوایەدایە، ڕێگە هەیە بۆ ڕاگرتنی هەموو دەستدرێژی و پێشێلکردنی سەروەریی عێراق و دەڵێت "ئەگەر موحەمەد شییاع ئەلسودانی، ڕژد بێت لەسەر ڕاگرتنی هێرشەکانی ئەمەریکا و تورکیا و ئێرانیش؛

ئەوا لەسەریەتی کۆتاییبهێنێت بە دەسەڵاتی لایەنە چەکدارەکانی سەر بە ئێران تا ڕێگەبگرێت لەوەی عێراق ببێتە مەیدانی شەڕ و لەسەریەتی ڕێگەبگرێت لە ناردنی چەک بۆ سوریا، دەشبێت تەواوی هێزە ئاسایشییەکان لەژێر فەرمانی سەرکردەی هێزە چەکدارەکانی عێراقدا بن؛ جا ئەگەر حکومەتی عێراق ڕژدە لەسەر پاراستنی سەروەریی وڵاتەکە، ئەوا دەبێت هێرشی میلیشیاکان بۆسەر هێزەکانی ئەمەریکا و هاوپەیمانان ڕابگرێت."

دوابەدوای کشانەوەی لایەنی سەدرییەکان لە پرۆسەی سیاسی عێراق، ڕۆژی 25ی مانگی 9ی ساڵی 2022 هاوپەیمانێتی بەڕێوەبردنی وڵات پێکهێنرا بە بەشداری لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، پارتی دیموکراتی کوردستان، یەکێتی نیشتمانی کوردستان، هاوپەیمانێتی سیادە و هاوپەیمانێتی عەزم و بابلیۆن. ئەم هاوپەیمانێتییە پشتیوانی لە موحەمەد شییاع ئەلسودانی کرد تا حکومەت پێکبهێنێت و ئەوە بوو ڕۆژی 27ی مانگی دەی ساڵی 2022 حکومەتی عێراق پێکهێنرا پاش یەک ساڵ لە هەڵبژاردنەکەی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق.

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، بریتین لە دەوڵەتی یاسا بە سەرۆکایەتی نوری ئەلمالیکی، هاوپەیمانێتی فەتح، بە سەرۆکایەتی هادی ئەلعامری، بزوتنەوەی عەتاء و بزوتنەوەی ماف و پارتی فەزیڵە و هاوپەیمانێتی هێزەکانی دەوڵەت بە سەرۆکایەتی عەمار ئەلحەکیم و حەیدەر ئەلعەبادی.

لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، لەگەڵ ئەوەشدا جیاوازی ڕوانینیان هەیە بەڵام وەک ئەو هێزە شیعانە سەیر دەکرێن کە دەچنە خانەی ئەوەی نەک هەر هاوپەیمانی کۆماری ئیسلامی ئێرانن، بەڵکو سەر بە ئێرانیشن.