پارتی کرێکارانی کوردستان لە پەیوەندییەکانی تورکیا و عێراقدا

دوابەدوای سەردانەکانی سەرۆکی میتی تورکیا بۆ عێراق، شاندێکی لەشکریی تورکیا سەردانی بەغدا و هەولێر دەکات و وەک لە ڕاگەیەندراوەکاندا ئاماژەی پێکراوە باس لە برەودان بە پەیوەندییەکانی نێوان تورکیا و عێراق کراوە.

پەکەکە، لە کۆبوونەوەکانی نێوان ئانکەرە و بەغدادا:

شاندە لەشکری و هەواڵگرییەکانی تورکیا لە بەغدا ژمارەیەک کۆبوونەوەی ئاست بەرزیان ئەنجامداوە و ڕەوشی ئاسایشی سنووری نێوان هەردوو وڵات یەکێک بووە لە تەوەرە سەرەکییەکانی وتوێژ و دانوستاندنەکانیان.

عەدنان ئەلسەڕاج، شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت، مەرج نییە بەرەنجامی ئەو کۆبوونەوانە بە خواستی تورکیا بووبێت " پێشوازی عێراق لە شاندە لەشکریی و هەواڵگرییەکانی تورکیا مەرج نییە بۆ سەپاندنی نەخشە ڕێگەیەک بێت."
بەڕێز ئەلسەڕاج، ئاماژەش بە هەوڵەکانی حکومەتی تورکیا دەکات بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە و دەڵێت "سەروسەوداکردنی تورکیا لە دۆسێی پارتی کرێکارانی کوردستاندا بە بنبەست گەیشتووە، لەو ڕوانگەیەوەی کردە لەشکرییەکانی تورکیا جا درێژە بکێشن یان نا، ئەنجامێکی نابێت پاش ئەو هەموو ژمارە کوژراوەی لە هەردوو بەرەی شەڕدا هەیە و ئەو شەڕانەش نەبوونەتە مایەی ئەوەی ڕەجەب تەیب ئەردۆغان، سەرۆکی تورکیا بتوانێت خەڵک دڵنیابکاتەوە لەوەی ئەو کردە لەشکریانە ئەنجامی ئەرێنیان هەبووە بۆ تورکیا، بەتایبەتیش کە چەندان جار ئەو کردانەی لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا کردووە."

ڕێککەوتنی ئاسایشیی:

لەسەروەختی ڕژێمی دیکتاتۆری عێراقدا و لە ناوەڕاستی ساڵانی هەشتاکاندا، ئانکەرە و بەغدا ڕێککەوتنی ئاسایشییان مۆرکردبوو، کردە لەشکرییەکانی تورکیا لە ناوچە باکورییەکانی ئەو وڵاتەدا لەسەر بنچینەی ئەو ڕێککەوتنانەی پێشترن. ئێستاش تورکیا دەخوازێت بگاتە ڕێککەوتنێکی نوێی ئاسایشی لەگەڵ عێراقییەکاندا.

بەڕێز ئەلسەڕاج دەڵێت "لەوبڕوایەدام شاندەکانی تورکیا و عێراق دەگەنە ڕێککەوتنێکی بەرفراوان و تەواوەتی لەسەر بابەتی کۆنترۆڵکردنی سنور، لە کاتێکدا عێراق دەستێوەردانەکانی تورکیا ڕەتدەکاتەوە و سووریشە لەسەر کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا لە عێراق و بەتایبەتیش بنکە سەربازییەکانی تورکیا لە هەرێمی کوردستاندا. عێراق لەڕێی کۆمەڵگەی نێونەتەوەییەوە فشارەکانی خۆی دەکات تا تورکیا هەڵسەنگاندنێکی وردی ڕاستەقینە بکات بۆ تەواوی پەیوەندییەکانی لەگەڵ عێراقدا."

عەلی ئەلصاحب، سەرۆکی نێوەندی هەرێمیی بۆ توێژینەوە دەڵێت"پەیوەندی ستراتیژی، عێراق دەبەستێتەوە بە تورکیاوە و ئەو پەیوەندیانە سیاسی و ئاسایشی هەروەها ئابورین، هەربۆیە سەردانەکان لە نێوان هەردوو وڵاتدا، ناونیشانی جیا هەڵدەگرن، بەڵام لە هەموویان دیارتر، دۆسێی ئاسایشییە کە تایبەتە بە پارتی کرێکارانی کوردستان و جموجۆڵەکانی پەکەکە و هاتنە ناوەوەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا بۆناو خاکی عێراق."

بەڕێز ئەلصاحب دەڵێت "تورکیا و ئەمەریکا، پارتی کرێکارانی کوردستان بە ڕێکخراوێکی تێرۆریست ناودێر دەکەن و ئانکەرەش پەکەکە وەها دادەنێت کە سەرچاوەی ناسەقامگیریی ئاسایشییە بۆ وڵاتەکە، هەربۆیە لە وتووێژی شاندەکانیدا وەک بابەتێکی سەرەکی و گرنگترینیش جەختی لێدەکەنەوە بە بەراورد لەگەڵ بابەتەکانی تردا، بەڵام وەک بارێکی باو لە بوارە دیپلۆماتییەکاندا، وتووێژەکان سەنگی دەخەنە سەر چارەسەرکردنی بابەتە گرنگترینەکان، ئەوجا دێنە سەر بابەتە گرنگەکان."

بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە:

زۆر جار شاندەکانی تورکیا جا لە هەر ئاستێکدا بووبن، داوایان لە هاوشانە عێراقییەکانیان کردووە کە پێویستە عێراقیش هاوشێوەی تورکیا هەنگاوبنێت بۆ بەرەنگاربوونەوەی پەکەکە.

عەلی ئەلصاحب، سەرۆکی نێوەندی هەرێمیی بۆ توێژینەوە لەوبڕوایەدایە بەجێگەیاندنی ئەو داوایەی ئانکەرە وەک شتێکی ئاسان سەیرناکرێت و دەڵێت "پارتی کرێکارانی کوردستان لە شاخە سەختەکانی هەرێمی کوردستاندان کە نە حکومەتی عێراق و نە حکومەتی هەرێمی کوردستانیش بە بوونی پەکەکە لەو ناوچانەدا قایلن. عێراق بە سەروەختێکی قورس و ئاڵۆزدا تێپەڕیوە، هێزە ئاسایشییەکانی عێراق و هێزی پێشمەرگەی هەرێمی کوردستانیش بەرەنگاری دڕندەترین و خوێنڕێژترین ڕێکخراوی تێرۆریستی بوونەوە (داعش) ، هەربۆیەشە حکومەتی نێوەندی عێراق پێویستی بە تێگەیشتن و هاوکاریی حکومەتی تورکیا هەیە بۆ جێگیرکردنی ئاسایش لەناو خاکی عێراق و لەناو خاکی تورکیاشدا. عێراق وڵاتێکە خاوەن سەروەرییە و ڕێز بۆ دراوسێکانی دادەنێت و دەشخوازێت دراوسێکانیشی ڕێز بۆ سەروەریی عێراق دابنێن لە سۆنگەی دەستێوەرنەدان لە کاروباری ناوخۆی وڵاتان."

ئاو وەک مەرجێک لە نێوان بەغدا و ئانکەرە:

دۆسێی ئاو یەکێکە لە بابەتە گرنگ و هەستیارەکانی نێوان بەغدا و ئانکەرە. عێراق لە ئێستادا دوچاری گرفتی کەم ئاوی بۆتەوە و عێراقییەکانیش لەزۆر بۆنەدا ئەم بابەتەیان لەگەڵ تورکەکاندا باس کردووە.

عەدنان ئەلسەڕاج، شیکەرەوەی سیاسی دەڵێت کێشەی ئاو لەنێوان تورکیا و عێراقدا کێشەیەکی ئاڵۆز و لە مێژینەیە "تورکەکان بڕوایان بە ڕێککەوتنە نێونەتەوەییەکان نییە و ناشیانەوێت لە گەڵ عێراقدا ڕێککەوتنی نێونەتەوەییان هەبێت و دەشڵێن وابەستەی هیچ شتێک نین لە پەیوەندی بە سەرچاوەکانی ئاوەوە، ئەمەش خۆدزینەوەیە لە وابەستەییەکان."

ئاو کارتی فشاری تورکیا بۆسەر عێراق:

کەم ئاویی لە عێراقدا وەک ژینگەپارێزانیش ئاماژەی پێدەکەن، بەهۆی دابەزینی ئاستی ئاوی هەردوو ڕووباری دیجلە و فوراتەوە ژمارەیەکی بەرچاوی وەرزێر و جوتیارەکان ناچاربوون زێدی خۆیان جێبهێڵن و ڕوو لە ناوچەکانی تری عێراق بکەن، بەهۆی گرفتی ئاودێرییەوە بۆ زەوییە کشتوکاڵییەکانیان جا دێم بێت یان بەراو.

بەشێک لە شیکەرەوە جەخت دەکەنەوە لەوەی "ئاو" کارتێکی بەهێزی فشارکردنی تورکیایە لەسەر عێراق، بەڵام هەشن دەڵێن نا وەها نییە.
بەڕێز ئەلسەڕاج دەڵێت " بەڵێ قەیرانی ئاو هەیە لە نێوان هەردوو وڵاتدا، بەڵام پێموانییە ئاو ببێتە چەکێکی فشارکردن لەسەر عێراق لە سیناریۆکانی بەرەنگاربوونەوەی پارتی کرێکارانی کوردستاندا؛ دەشێت عێراق لەڕێی بەکارهێنانی میکانیزمی ترەوە ئەم کێشە ئاسایشییە لەگەڵ تورکیادا چارەسەر بکات، بۆ نمونە لەڕێی کۆنترۆڵی ناوچە سنورییەکانەوە، عێراق لە وتوێژدایە لەگەڵ تورکەکان بۆ ڕاگرتنی هێرش و پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکە و هەروەهاش کشاندنەوەی هێزە سەربازییەکانی تورکیا، ئەم دۆسێی کشانەوەیەی تورکیا لە ئێستادا لە ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراقدا بە ڕژدی باس دەکرێت."

وەزیری بەرگری و سەرکردەی ستونە لەشکرییەکانی تورکیا ڕۆژی سێشەممە لە بەغدا بوون و کۆبوونەوەیان هەبووە لەگەڵ گەورە کاربەدەستانی عێراقیدا.

یەشار گویلەر و مەتین گوراک، ڕۆژی چوارشەممەش لە هەولێر لەگەڵ سەرۆکی هەرێمی کوردستانی عێراق و سەرۆکی کابینەی نۆی هەرێمدا کۆبوونەتەوە.

هەروەها سەرۆکی دەزگای میت، ڕۆژی 23ی مانگی یەک سەردانی بەغدای کردووە و لەگەڵ کاربەدەستانی باڵای عێراقدا کۆبۆتەوە. دوای پێنج ڕۆژ لەو کۆبوونەوەیەی بەغدای، ئیبراهیم کاڵن، سەردانی شاری هەولێر دەکات و لەگەڵ مەسعود بارزانی، سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستاندا کۆدەبێتەوە.