قوباد تاڵەبانی: داوای کردنەوەی ئاسمانی تورکیام کرد بەڕووی گەشتەکانی فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی سلێمانیدا

لە چوارچێوەی سەردانەکەیدا بۆ عێراق و هەرێمی کوردستان، وەزیری بەرگری تورکیا یەشار گویلەر ڕۆژی چوارشەممە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستاندا کۆبووەوە.

تاڵەبانی لە ڕاگەیاندنێکدا دەڵێت لەکۆبونەوەکەدا داوای دەستپێکردنەوەی گەشتە ئاسمانییەکانی تورکیای بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی کردووە.

لە مانگی چواری ساڵی 2023 وە هێڵی ئاسمانی تورکیا گەشتەکانی لە فڕۆکەخانەی سلێمانی ڕاگرت بەهۆی ئەوەی گوایە جموجۆڵی پەکەکە لە سلێمانی زیادی کردووە و ئەمەش یەکەم جار نەبوو ئەو گەشتانە ڕابگیرێن، پێشتریش لە ساڵی 2017 گەشتی ئاسمانی بۆ هەردوو فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتی هەولێر و سلێمانیش ڕاگیران.

وەزارەتی بەرگری تورکیاش بەبێ ئەوەی باسی ناوەڕۆکی کۆبونەوەکەی وەزیری بەرگری وڵاتەکە لەگەڵ قوباد تاڵەبانی بکات، لە تویتێکدا ئاماژەی بە کۆبونەوەکە کردووە.

ڕۆژی سێشەممە 7 ی مانگی 2ی 2024 یەشار گولەر وەزیری بەرگری تورکیا و مەتین گوراک سوپاسالاری تورکیا سەردانی عێراقیان کرد، دوای زنجیرەیەک کۆبوونەوە لەگەڵ بەرپرسانی عێراقدا، سێشەممە شەوەکەی شاندە سەربازیەکە گەیشتە هەرێمی کوردستان و ڕۆژی چوارشەممەش لەگەڵ هەریەکە لە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەتی هەرێم کۆبوونەوە.

بە پێی ڕاگەیاندنەکانی سەرۆکایەتی و حکومەتی هەرێم و وەزارەتی بەرگری تورکیا باس لە ئاسیشی هاوبەش و سەقامگیری ناوچەکە کراوە.