نەوفەل ئەلحەمدانی: دانیشتنەکەی ڕۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق، کۆمیدیایەکی ڕەش بوو

دانیشتنەکەی پەرلەمانی عێراق بۆ چوونە دەرەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەو وڵاتە ژمارەیەک پرسیار و گومانی لەسەر کار و ئەرکی پەرلەمانتاریی دروستکرد.
پەرلەمانتارانی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگی، کەوتنە سەرکۆنەکردنێکی زۆری کورد و هەروەها سوننە ئاینزاکان لە عێراقدا، چونکە بێ لە ژمارەیەکی هەر زۆر کەم، ئەوانی تریان بەشدارییان لەو دانیشتنەدا نەکردبوو؛ هەرچەندە بەشێک لە نوێنەرانی لایەنەکانی چوارچێوەی هەماهەنگیش بەشدارنەبووبوون.
نەوفەل ئەلحەمدانی، چاودێرێکی سیاسی عێراقییە و دەڵێت "دانیشتنەکەی ڕۆژی شەممەی پەرلەمانی عێراق، کۆمیدیایەکی ڕەش بوو؛ حکومەت هیچ پێویستییەکی بە بڕیاری پەرلەمان نییە، چونکە لە ساڵی 2020دا پەرلەمان بڕیاری خۆی دابوو و وەک دەشزانین هیچیش نەکرا، ئەگەر لایەنەکانی شیعە بە گشتی و چوارچێوەی هەماهەنگییش بەتایبەتی ڕژد بوونایە لەسەر ئەو داوایەیان، ئەوا زۆر بە ئاسانی دەیانتوانی بڕیارێکی نوێش لەسەر هەمان بابەت تێبپەڕێنن بەبێ کورد و سوننەکانیش، چونکە زۆرینەی پەرلەمان پێکدەهێنن، ئەمەش پێمان دەڵێت هەر ئەوان خۆیشیان نایانەوێت ئاوەها بڕیارێک بدەن، بەڵام کەوتوونەتە بەردەم ئاڵنگاریی دەنگدەرانیان و ڕاگەیەندراو و ئەو دروشمانەی خۆیان دەیڵێنەوە، هەربۆیە دەبێت سیاسی و ڕۆشنبیر و دەنگدەرانی ئەو لایەنانەش لێیان بپرسن ئەی بۆچی زیاتر لە سەد ئەندامی تریان بەشدارییان نەکرد لەو دانیشتنەی پەرلەماندا."

لەوەتای شەڕی غەززە دەستیپێکرد لە سەرەتای مانگی دەی ڕابردووەوە، هێزە میلیشیاییەکانی عێراق کە سەر بە کۆماری ئیسلامی ئێرانن، هێرشدەکەنە سەر بنکەکانی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا.

پێشتر واشنتۆن، کاربەدەستان و دەسەڵاتدارانی عێراقیشی ئاگادار کردۆتەوە کە وەڵامی دەبێت بۆ ئەو هێرشانە.
هەرکاتێکیش ئەمەریکا هێرشی کردبێت، دەستبەجێ هێزە میلیشیا لە یاسا دەرچووەکانی سەر بە ئێران دەکەونە داواکردنی کشانەوەی هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا بە پاساوی پاراستنی سەروەریی وڵاتەکەیان.

بەڕێز ئەلحەمدانی دەڵێت "دۆسێی سەروەریی بەش بەش ناکرێت و ڕاستە هێڵێک هەیە بۆی کە نابێت بچەمێتەوە. ئەمڕۆ عێراق لە قەیرانی سەروەریدایە؛ هەر هێزێک بەبێ ڕێککەوتن یان پەیماننامە، لەناو خاکی عێراقدا بێت یان لە خاکی هەر وڵاتێکی تردا بێت ئەوا دەچێتە خانەی پێشێلکردنی سەروەرییەوە. ئەمەریکا و تورکیا و ئێرانیش درۆن و فڕۆکە و موشەکیش بەکاردەهێنن بۆ هێرشەکانیان و کێشەکەش لەوەدایە نازانرێت ئایا ڕێککەوتنی نهێنی کراوە؟ یان پەیماننامەکی نهێنی مۆرکراوە و ئەو ڕێگەیەیان دەدەنێ بۆ پێشێلکردنی سەروەریی وڵاتەکە، خۆ ئەگەر ئەم دەسەڵاتدارانەی عێراقیش بڵێن بەڵێ ڕێککەوتن هەیە و پەیماننامەی مۆرکراویش هەن، بەڵام ناڵێن کێ و بە چ دەسەڵاتێکیش ئەو ڕێککەوتنە نهێنیانەیان کردووە!."
هێزە سەربازییەکانی ئەمەریکا لەسەر داوای حکومەتی عێراق لەو وڵاتەدا ماونەتەوە و ئەرکەکەشیان مەشق و ڕاهێنان و ڕاوێژکردنە بۆ هێزە ئاسایشییەکانی عێراق لە شەڕی دژی داعشدا.

وێنەی پەڕینەوەی کاروانێکی لەشکری تورکیا لە دەروازەی ئیبراهیم خەلیلەوە - ئەرشیف

ئێران و تورکیا بە بیانووی جۆراوجۆرەوە لە عێراقدان و ئێران وەک عێراقییەکان خۆیان دەڵێن خاوەنی بڕیارە چارەنوسسازەکانە و تورکیاش دەیان بنکەی سەربازیی داناوە لەناو عێراق و لە هەرێمی کوردستانی عێراقیشدا.

نەوفەل ئەلحەمدانی، چاودێری سیاسی کاروباری عێراق دەڵێت "بەڵێ تورکیا بوونی لەشکریی هەیە لە عێراقدا و کەسیش ناتوانێت نکوڵیی لەو ڕاستییە بکات، هەر کاتێکیش حکومەت یان وەزارەتی دەرەوەی عێراق ڕووبەڕووی ئەو پرسیارە دەکەیتەوە، ئەوا پێت دەڵێن، بەڵێ لە ساڵانی هەشتاکانی سەدەی ڕابردوودا (سەروەختی سەدام حوسەین، دیکتاتۆری پێشووی عێراق) ڕێککەوتن هەبووە و ئێستاش بۆی نوێکراوەتەوە؛ ئەمە لەسەر ئاستی گشتی شتێکە ڕەتدەکرێتەوە."

بۆچی ئەو جۆرە داوایە نابینرێت لە عێراقدا لە بەرامبەر بوونی تورکیا و بنکە لەشکرییەکانی تورکیا؟
بەڕێز ئەلحەمدانی لەوبڕوایەدایە کە پێویستە هەمان ڕێوشوێن بگیرێنە بەر بەرامبەر هەرچ شێوەیەکی بوونی ئێران و تورکیا لە عێراقدا و دەشڵێت "ئەو بۆردومانانەی تورکیا و ئێران دەیکەن لە هەرێمی کوردستانی عێراقدا، تەنانەت سنورەکانی یاسا نێونەتەوەییەکان و سنورەکانی دراوسێیەتی باشیشیان بەزاندووە، بەڵام نە هەڵوێست و نە کاردانەوەیەکی ئەوتۆش نەبینرا هاوشێوەی ئەمەی ئێستا لە بەرامبەر ئەمەریکا دەکرێت."
حکومەتی عێراق ڕایگەیاند سکاڵای خۆی لەسەر بۆردومانەکانی ئێران دەباتە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان؛ بەڵام نەوفەل ئەلحەمدانی دەڵێت "هیچ بەڵگەنامەیەک یان یاداشتێکی ڕاستەقینە نەبینران، تەنها لێرە و لەوێدا گوێمان لە هەندێک ڕاگەیەندراو بوو و هیچی تر؛ جا ئەگەر حکومەت ڕژد بێت لەسەر چوونەدەرەوەی هەموو هێزە بیانییەکان، ئەوا لەسەریەتی هەموو ڕێوشوێنێک بەکاربهێنێت و کۆتاییش بهێنێت بە هەموو بیانووەکان بۆ مانەوەیان."