تەلبەندکردنی سنوورەکانی هەرێم لەگەڵ عێراق ناڕەزایی گوندنشینە کوردەکانی سنووری لێدەکەوێتەوە

تەلبەندکردنی سنوورەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و ئێران لەلایەن حکومەتی عێراقەوە، نیگەرانی گوندنشینە کوردەکانی سەر سنووری لێدەکەوێتەوە، بە هۆی بەرکەوتنی بەشێکی زۆر لە زەویە کشتوکاڵیەکانیان، بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیەش وەفدێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سەردانی سنوورەکانی کرد.

دوای ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان عێراق و ئێران بە مەبەستی کۆنتڕۆڵکردنی سنوورەکان، ماوەیەکە حکومەتی عێراق دەستی کردووە بە تەلبەندکردنی سنوورەکانی نێوان عێراق و هەرێمی کوردستان لەگەڵ وڵاتانی دراوسێ، بۆ ئەم مەبەستەش حکومەتی عێراق 21 لیوای پاسەوانی سنووری بۆ پاراستنی ناوچە سنوورییەکان هەیە. لیوای 21،3،2،1 کوردن و سەر بە قیادەی 6 ی هەولێرن. لیوای 1 ئەرکیان پاراستنی سنوورەکانی دهۆکە، لیوای 2 سنوورەکانی سۆران و سیدەکانە، لیوای سێ، لە قەڵادزێ تا پێنجوێنە و لیوای 21یش پێنجوێن تا گەرمیانە.

لە بەشێک لە ناوچە سنووریەکان تەلبەندەکە، نیگەرانی جوتیارانی لێکەوتۆتەوە بەو پێیەی بەشێک لە کێڵگە جوتیاریەکانیان بەر تەلبەندەکەی حکومەتی عێراقی کەوتوون. ئەمڕۆش 20ی 2ی 2024 وەفدێکی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق بە هاوبەشی لەگەڵ پاسەوانی سنور و یەکە ئیداریەکانی سنوورەکان سەردانی ناوچەکانی گەرمیانیان کرد بۆ چارەسەرکردنی کێشەکە.

کاروان یاروەیس، بڕیاردەری فراکسیۆنی یەکێتی لە پەرلەمانی عێراق، کە خۆی ئەندامی شاندەکە بووە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لەسەرەتای دروستبوونی ئەم بڕیارەوە ناڕەزایەتی دروست بوو لەلایەن بەشێک لە گوندنشینەکانەوە، چونکە سیاجەکە بە مەسافەیەکی زۆر هاتۆتە ناو ئەرزی کشتوکاڵی گوندەکانەوە، ئەمڕۆ بەشێوەیەکی مەیدانی لەگەڵ لیوای یەکی پاسەوانی سنور ئەفسەران و فەرماندەی فەوجەکان و بەڕێوەبەری ناحیەی قۆرەتوو وە دام و دەزگا پەیوەندیدارەکان و ئەنجومەنی گوندەکان سەردانی سنوورەکانمان کرد و لە نزیکەوە پرۆسەکەمان بینی، لە هەندێک شوێن بە مەودایەکی زۆر لە نێوان سنووری خاکی هەرێمی کوردستانە، مەسافەیەکی زۆر لە زەوی کشتوکاڵی و لەوەڕگای جوتیاران دابڕاندووە."

وتیشی،" ترسمان هەیە لە داهاتوودا ئەمە بکرێتە ئەمری واقع و وەک هێڵی سنووری نێوان هەردوو وڵات مامەڵەی لەگەڵدا بکرێت، وە بەشێکی زۆر لە زەوی کشتوکاڵی و ئاوو جۆگەکانی نێوان هەرێم و عێراق دادەبڕیت و لە ڕووی ژینگەییشەوە هاتووچۆی ئاژەڵەکان لە نێوان هەرێم و ئێران دادەبڕێت، مەترسیە لەسەر لەناوچونیان."

دەنگی ئەمەریکا، لەسەر ئەم پرسە پەیوەندی کرد بە عەمید حەسەن، ئامر لیوای 21 ی پاسەوانی سنور، بەڵام ئامادە نەبوو لێدوان بدات لەو بارەیەوە.

رۆژی 29ی مانگی سێی 2023، قاسم ئەعرەجی راوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی عێراق سەردانی ئێرانی کرد و لەگەڵ عەلی ئەکبەر ئەحمەدیان نوێنەری عەلی خامنەیی ڕێبەری باڵای شۆڕشی ئیسلامی ئێران کۆبوویەوە. دواتر ئەحمەدیان ڕایگەیاند، ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات نەخشە ڕێگایە بۆ سەقامگیری و ئاسایشی سنوورەکان.

ڕۆژی چوارشەممە، 28ی شەشی 2023 ێش محەمەد کازم ئال سادق، باڵیۆزی ئێران لە عێراق، لە چاوپێکەتێنکی کەناڵی عەهدی عێراقی وتی "بە بەشداری کورد" ڕێککەوتوون لەسەر کۆنترۆڵکردنی سنوورەکان و دانانی دیواری کۆنکرێتی و تەلی دڕکاوی و بورجی چاودێری و کامێرا لەسەر سنوورەکان.

نیگەرانی هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان یەکەمجارنییە و لە ماوەکانی ڕابردووشدا، چەند کاسبکارێک سەریان تاشرا و کاسبکارەکان ڕایانگەیاند، لەلایەن پاسەوانی سنورەوە ئەم کارەیان بەرامبەر کراوە.

کاروان یاروەیس، وتی،" بەشێک لە کێشەکان بە تێگەشتن چارەسەر کراو سیاجەکان دورخرانەوە، بەشێکی تریش دەبێت حکومەت چارەسەری بکات لە ئاستی باڵا، جیا کردنەوەی سنورەکە نابێت تەجاوز بکات بۆسەر خاکی هەرێمی کوردستان زەرەر لە گوند نشیننان بدات."

وتیشی،" هەموو سنورەکە نزیکەی 250 کیلۆمەترە، لە سنووری هەموو گوندەکان گلەیی هەیە و پێویستی بە پشوو درێژی هەیە. نابێت جوتیاران ببنە قوربانی ئەم پرۆسەیە."