جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایدەگەیەنێت، بەهۆی بڕیاری دادگای فیدڕاڵیەوە سەرجەم کارەکانی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانیان ڕاگرتووە و لە ئێستادا هیچ ئەندامێکی ئەنجومەنەکە پەیوەست نییە بە دەوام کردنەوە، وتیشی، وەستاندنی کارەکانی ئەنجومەن گرفتی گەورەی بۆ کارە ئیداریەکانی هاوڵاتیان و چاودێری کردن دروستکردووە.
بەرزان شێخ محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "لە ئێستادا هیچ کارێک ناکەین وەک ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی، ئەنجومەن هەڵنەوەشاوەتەوە، بەڵام بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی ئەنجومەنی خستۆتە فەراغێکی یاساییەوە."
وتیشی،" لە 24ی مانگی 9 لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی کارەکانمان ڕاگرتووە و پەیوەستین بە بڕیارەکەوە."
ڕێکەوتی 24/9/2023 دادگای فیدڕاڵی عێراق بڕیاریدا، بە نادەستوریبوونی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان، بڕیارەکەش دوای داوایەکی فراکسیۆنی نەوەی نوێ دێت بە ژمارە 124 ی ئیتیحادی 2023 لە دادگای فیدڕاڵی کە لەسەر ئەنجومەنی پارێزگاکان تۆماری کردبوو، داوای کردبوو کە دادگای فیدڕاڵی درێژکردنەوەی تەمەنی ئەنجومەنی پاریزگاکانی هەرێم بە نا دەستوری لە قەڵەم بدات.
پێشتر لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ئازاد محەمەد ئەمین، سەرۆکی ئەمجومەنی پارێزگای سلێمانی بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" چاوەڕێدەکەین کە بزانین ڕێنمایی و وردەکاری بڕیارەکە چیە، دواتریش سەرۆکایەتی هەرێم و ئەنجومەنی وەزیران لەدوای ڕای خۆیان دەبێت بینێرنەوە بۆ ئەنجوومەنەکان چی بڕیارێک بێت جێبەجێی دەکەین."
لەو بارەیەوە بەرزان شێخ محەمەد ڕایگەیاند،" هیچ بڕیارێکمان لە سەرۆکایەتی هەرێمەوە پێنەگەیشتووە، بەڵام هیچ ئەندامێکی ئەنجومەن دەوام ناکات."
وتیشی،" وەستاندنی کاری ئەنجومەنەکان زۆر کێشەیەکی گەورەیە بۆ حوکمڕانی هەرێم، چونکە یەکێک لە پایەکانی حوکمڕانی ئەو دامەزراوانەیە کە چاودێری دەکەن. دەسەڵاتی خۆجێیی سلێمانی، لایەنێکی بەهێزی چاودێری ئەنجومەنی پارێزگاکانە، ئێستا ئەو چاودێریەنەماوە، کەدامەزراوەی چاودێری نەما تەبعەن گەندەڵی زیاد دەبێت، لە ڕاستیدا ئاگاداری بارودۆخی هاوڵاتیان نین."
پێشتریش دادگای فیدڕاڵی لە ڕێکەوتی 30/ 5/ 2023، لە سەر داوای یوسف محەمەد، سەرۆکی پێشووی پەرلەمانی هەرێمی کودستان بڕیاری نادەستوری بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی دا و پەرلەمانی هەڵوەشاندەوە و هەرێمی کورستانی خستە بۆشاییەکی دەستوریەوە.
لە دوای ناساندنی بە نادەستوری بوونی درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان لەلایەن دادگای فیدڕاڵیەوە، هەرێمی کوردستان نزیکەی دە مانگە بێ پەرلەمانە، بە هۆی ناکۆکی نێوان لایەنە سیاسیەکانیشەوە تا ئێستا نەتوانراوە کاتی هەڵبژاردنی هەرێم دیاری بکرێت، بەڵام لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی لە دوو ڕۆژی ڕابردوودا سەبارەت بە چەند گۆڕانکاریەک لەسەر یاسای هەڵبژاردنەکانی هەرێم، پێدەچێت سەرۆکایەتی هەرێم کاتی هەڵبژاردن دیاری بکات و مەرسومی بۆ دەربکات.
بەو پێیەی مەرجەعی بڕیار سەبارەت بە هەڵبژاردنی ئەنجومەنی پارێزگاکانی هەرێم پەرلەمانە، هەڵبژاردنی نوێی ئەنجومەنی پارێزگاکانیش دەبێت بە بڕیاری پەرلەمانی داهاتووی هەرێم بێت.
Your browser doesn’t support HTML5