پارێزگاری سلێمانی لە ساڵیادی ڕاپەڕینی ساڵی 1991 دەڵێت کورد بەهۆی هەبوونی ئیرادەی هاوبەش و یەکگرتوویی توانی "بە تفەنگێکی ژەنگاوییەوە" زاڵببێت بەسەر ڕژێمی بەعسدا، وە داوای یەکگرتووی دەکات بۆ زاڵبوون بەسەر قەیرانەکانی ئێستای هەرێم.
دکتۆر هەڤاڵ ئەبوبەکر، پارێزگاری سلێمانی، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "هەموان دەزانین بە هەموو ئەو هێزانەی لە عێراقدان و حوکمی عێراق دەکەن و خۆیان پێ یەکەمە تا 2003 ئەمەریکیەکان سەدامیان نەڕووخاند، نەیانتوانی ئەو ڕژێمە بڕوخێنن. بەڵام کورد توانی لە 5ی سێ تا 20ی 3 تا کەرکوک هەمووی ڕزگار بکات، بە ئیرادەیەکی نیشتیمانی و تفەنگێکی ژەنگاوی."
ئەمڕۆ سێشەممە، 5/3/2024، هەرێمی کوردستان یادی 33 ساڵەی دەستپێکردنی ڕاپەڕینی ساڵی 1991 دەکاتەوە کە لە شارۆچکەی ڕانیەی سەر بە پارێزگای سلێمانی دەستیپێکرد.
دوای تێپەڕبوونی 33 ساڵ بەسەر ئەو ڕووداوەدا، ئێستا بەشێک لە خەڵکی هەرێمی کوردستان ڕەخنەی ئەوە دەگرن گوایە کورد نەیتوانیوە ئامانجەکانی بەدیبهێنێت و بەشێک لە خواستەکانی خەڵک کراونەتە خزمەتی بەرژەوەندی لایەنە سیاسیەکان.
پارێزگاری سلێمانی لەمبارەوە بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند، "ئێستا ئیشمان ئەوەیە ئەو هۆکارانەی کۆڕەو و ڕاپەڕینیان سەرخست زیندوویان بکەینەوە. دەبێت واز لە کەرت بوون و پەرت بوون بێنین، واز لە دەسەڵاتدارێتی بێنین، بەرە و دەوڵەتداری بڕۆین، واز لە مەنسوبیەت و مەحسوبیەت و حزبیەت بێنین بەرە و دامەزراوەیی دەوڵەت بڕۆین، واز لە هەوڵی شەخسی و مناڵ مناڵێن و باڵباڵێن و ماڵماڵێن بێنین ،دەوڵەتداریەکی ڕاستەقینە لەسەر بنەمای دەوڵەت دروستبکەین."
چاودێران دەڵێن پەرتەوازەیی نێوان لایەنە سیاسیەکان و ناکۆکیەکانیان وایکردووە، حکومەتی عێراق لە ڕێگەی دادگای فیدڕاڵیەوە چەند بڕیارێک لە دژی حکومەتی هەرێمی بدات بە ئاراستەی لاوازبوونی قەوارەی هەرێمی کوردستان.
وێڕای ناکۆکیە سیاسیەکان، بەڵام بەرپرسانی هەرێمی کوردستان بەردەوام جەخت لە یەکڕیزی نێوماڵی کوردی دەکەنەوە.
ئەمڕۆ لە پەیامێکدا بەبۆنەی ساڵیادی ڕاپەڕینەوە، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نێچیرڤان بارزانی ڕایگەیاند، "هەرێم بە یەکڕیزی دەتوانێت بەرامبەر هەڕەشەکانی سەر فیدڕاڵی و ماف و دەستکەوتنەکان و قەوارەی دەستوری هەرێمی کوردستان بوەستێتەوە و داهاتوویەکی باشتر بۆ نەوەکانی مسۆگەر بکات."
پارێزگاری سلێمانی، سەرەڕای جەختکردنەوە لەسەر پێویستی یەکڕیزی نێوان لایەنەکانی هەرێم لەم یادەدا، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" ئامانجی سەرەکی ڕاپەڕین ڕوخاندنی رژیمی پێشوو و ئازادکردنی کوردستان بوو بە گشتی بە کەرکوکیشەوە. بە یەک دەست ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو ڕژێمە بوو. کورد هەموو ئەو ئامانجانەی پێکا وە کۆڕەو ماناکەی تەواو کرد."
Your browser doesn’t support HTML5