لەگەڵ ئەوەشدا کە 13 ساڵ بەسەر ڕاپەڕینی گەلی سوریادا تێپەڕ دەبێت، بەڵام هێشتا هیچ شییانێکی ئەوتۆ لە ئاسۆدا دەرنەکەوتووە بۆ چارەسەرییەکی سیاسیانەی ئەم قەیرانە خوێناوییەی بۆووتە مایەی کوژرانی زیاتر لە 500 هەزار کەس و ئاوارەبوونی بە ملیۆنان هاووڵاتی سوریایی.
بەسام ئیسحاق، نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکراتە لە واشنتۆن، سەبارەت بە سەرنەکەوتنی هەتا ئێستای ڕاپەڕینی سوریاییەکان دەڵێت " هۆکارە سەرەکییەکەی سەرنەکەوتنی بەهاری عەرەبی لە سوریادا بریتییە لە دەستێوەردانە دەرەکییەکان و بەرژەوەندییە گەورە دەرەکییەکان کە هەوڵ دەدرا ئەو بزاوتە شۆڕشگێڕییە بەرێت بەرەو ئەو شوێنانەی بەرژەوەندییە دەرەکییەکان دەپارێزن و جێگیریشی دەکەن واتە ئەو بەرژەوەندیانە خرانە سەرو بەرژەوەندییەکانی گەلی سوریا."
ئەمەریکا لە سوریا
سوریا وەک زۆرێک لە شیکەرەوە ئاماژەی پێدەکەن، بۆتە مەیدانێک بۆ یەکلاکردنەوەی ململانێ هەرێمیی و نێونەتەوەییەکانیش.
ئەمەریکا و ڕوسیا و ئێران، تورکیا، و هەندێێک لە وڵاتانی تری ناوچەکەش وەک عەرەبستانی سعودیە و قەتەر ڕۆڵیان هەن لە ڕووداوەکانی سوریادا.
بەڕێز ئیسحاق، بە بەرنامەی چاوی واشنتۆنی ڕاگەیاند، زۆرێک لەو وڵاتانەی بوونەتە کاراکتەر لە ڕووداوەکانی سوریادا ڕۆڵێکی نەرێنییان هەن، بەڵام بوونی ئەمەریکا لەم ڕەوشەی ئێستای سووریادا گرنگە و دەڵێت " ئەگەر بوونی ئەمەریکا نەبووایە، ئەوا هێندەی تر سوریا دەبووە مەیدانێکی سەرەکی ململانێکانی وڵاتانی ناوچەکە و مەبەستیشم لە ئێران و تورکیایە، ئەو دوو وڵاتە ڕووداوەکانی سوریایان وەک دەرفەتێک بۆخۆیان بینیووە تا کاریگەریی و هەژموونی خۆیان زیاتر بکەن، بێگومان ئەمەش سەروەریی سوریا تێکدەشکێنێت."
بەسام ئیسحاق، دەڵێت " گرنگییەکی تریش هەیە لە بوونی ئەمەریکادا و بریتییە لە یارمەتیدان بۆ پاراستنی ئەزموونی بەڕێوبەرایەتی خۆسەری لە سوریادا، کە ئەزموونێکی گرنگە بە بەراورد لەگەڵ هەموو ئەو ئەزموونانەی تری لە باکوری ڕۆژئاوای سوریادا هەن و پشتیان بە ئایدیۆلۆژیەتی ئاینی بەستووە و چنگی خۆیان گیرکردووە لە دەسەڵات، جا لێرەوە بوونی ئەمەریکا گرنگە کە دەبێتە یارمەتیدەر بۆ هەبوونی ئەزموونێکی تر، ئەزموونێک کە ئاین لە دەسەڵات جیابکاتەوە و لە ڕەهەندی سیاسییەوە بەکارنەهێنرێت و ئازادییە ئاینییەکان بپارێزێت و بڕوایشی بە مافی نەتەوە و کلتورە جیاوازەکان هەبێت؛ ئەمەش هیوایەکی نوێ دەڕەخسێنێت بۆ سوریا و بۆ گەلی سوریاش و ئەگەری پەرەسەندنی ئەزموونەکەیشی پێدەدات. بەبێ بوونی ئەمەریکا، بەبێ هیچ گومانێک ئەو ئەزموونە دەکەوێتە بەردەم مەترسی خواستە نەخوازراوەکانی تورکیا و ئێرانەوە."
کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریا
لە واشنتۆن قسە و باس هەن لەسەر ئەگەر و نەگەری کشانەوەی ئەمەریکا لە سوریادا، بەڵام وەک نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات دەڵێت لەو بڕوایەدا نییە لە ئێستادا ئەمەریکا لە سوریا بکشێتەوە و دەڵێت " کشانەوەی ئێستای ئەمەریکا لە سوریادا یانی پەلکێشانی ئێرانییەکان لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریادا، یانی کرانەوەی ڕێگەکان بۆ ئێرانییەکان تا بەبێ هیچ گرفتێک و ئازادانە هەر کاتێک ویستیان بگەنە دیمەشق و هەروەها بەیروت؛ بێگومان ئەمەش دەبێتە شتێک کە پێچەوانەی بەرژەوەندییەکانی ئەمەریکا دەبێت لە ناوچەکەدا، ئەمە بێ لەوەی ڕەهەندی ئاسایشیشی دەبن بەسەر تەواوی ناوچەکەوە؛ ئەمەریکا ناتوانێت ئەو مەترسییە بخاتە سەر بەرژەوەندییەکانی و لە سوریا دەربچێت بەبێ ئەوەی چارەسەرییەکی سیاسیانە هەبێت بۆ قەیرانی سوریا کە دڵنیایی بدات بۆ ڕەوشی ئاسایشیی ناوچەکە بەو شێوەیەی ئەمەریکا دەیبینێت و دەیخوازێت."
تورکیا لە سوریا
تورکیا چەند ناوچەیەکی لە سوریادا داگیرکردووە، بەتایبەتش ناوچە کورد نشینەکان وەک عەفرین.
بەڕێز ئیسحاق دەڵێت "تورکیا هەوڵ دەدات گەورەترین ژمارەی دەستکەوتی هەبێت لە ئاکامی ئەو شەڕەی لە سوریادا هەیە. ئانکەرە خواستی نەخوازراوی زۆری هەن و لە ڕووی مێژووییەوە هەمووی زانراون؛ بە بیانوی ئەوەی دەیانەوێت ناوچەیەکی ئارامیان هەبێت و دەیبەستێتەوە بەهەبوونی هەڕەشە و مەترسی لەسەر ئاسایشی نیشتمانی تورکیا، ئەڵبەت ئەمانە بە مەبەستی ئەوەن تا دەسەڵات و هەژموونەکانی خۆی لەناو خاکی سوریادا فراوان بکات و کاریگەرییەکانی خۆی زیاتر بکات بەسەر سیاسەتەوە لە سوریادا تا دەستکەوتی ئابوریی هەبێت."
ئایندەی سوریا پاش 13 ساڵ لە ڕاپەڕینی گەلی سوریا
بەسام ئیسحاق، نوێنەری ئەنجومەنی سوریای دیموکرات لە واشنتۆن پێی وایە هەر هیچ نەبێت لە ئێستادا ئەگەرێکی ئەوتۆ لە ئارادا نییە بۆ گۆڕان لە ڕژێمی سوریادا بەو شێوەی کە خواستی هاووڵاتیانی سوریاییە و دەڵێت "لە مەودای کورتدا هیچ شییانێک نییە بۆ نەمانی بەشار ئەلئەسەد لە دەسەڵاتدا، ئەڵبەت هەتا ئەو کاتەی پشتیوانیی لەشکریی ڕوسیا و ئێران هەبێت بۆ ڕژێم؛ لەبەر ئەوە هەر لە دەسەڵاتدا دەمێنێتەوە چونکە ڕەوشە لەشکرییەکە زەمینەی بۆ ڕەخساندووە."
بەڕێز ئیسحاق دەڵێت " ئەوەی وەهای کردووە ڕەوشی سوریا بە هەڵپەسێردراوی بمێنێتەوە بریتییە لە ململانێی نێوان ئەمەریکا و ئێران لە لایەک و ململانێی نێوان ئەمەریکا و ڕوسیاش لە لایەکی ترەوە، کە بەهۆی شەڕی ئۆکراینەوەیە؛ جا بە مانایەکی تر گەلی سوریا بۆتە بارمتەی ئەو ململانێیانە."
قەیرانی مرۆیی سوریا
بەپێی لێدوانی زۆرێک لە کاربەدەستانی نەتەوە یەکگرتووەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەکی مرۆیی دابین دەکەن، نیگەرانی قوڵییان دەربڕیوە سەبارەت بە ڕەوشی مرۆیی و بە کارەساتی مرۆییش ناودێری دەکەن.
گەیاندنی یارمەتی و کۆمەکە مرۆییەکان بەشێکە لەو کێشەیە و وەک بەسام ئیسحاق ئاماژەی پێدەکات لایەنەکانی ئۆپزسیۆنیش بوونەتە بەشیک لەو گرفتەی گەیاندنی کۆمەکەکان و دەڵێت " کێشەکە لەوەدایە کە پەڕتەوازەییەک هەیە لە نێوان لایەنەکانی ئۆپزسیۆندا؛ هەر یارمەتی و کۆمەکێکی مرۆیی بگاتە سوریا، ئەو لایەنانەی ئۆپزسیۆن دەستبەجێ بابەتەکە بە سیاسی دەکەن و دەیانەوێت ئەو یارمەتیانە تەنها بگاتە ئەو ناوچانەی کە هاوسۆزیی سیاسی هەیە لەگەڵ ئەم یان ئەو لایەندا و تەباش بێت لەگەڵ پڕۆژەکان و کارنامەی ئەو لایەنانەدا؛ هەربۆیە بەردەوام نادادییەک دەبینرێت لە بابەتی دابەشکردنی ئەو یارمەتی و کۆمەکە مرۆییانەدا."