سالار مەحمود: دەبوایە حکومەتی هەرێم داوای لێبوردن لە مووچەخۆران بکات نەک لە ڕێگەی حزبێکەوە هەستیان بریندار بکات

ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان ڕایدەگەیەنێت، حکومەت لە پای خراپی ئەو دۆخەی بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانی دروستکردووە، دەبوایە داوای لێبوردن لە مووچەخۆران و خەڵکی بکات، نەک بە ناوی حزبێکەوە هەست و شعوریان زیاتر بریندار بکات، چونکە ئەم نەهجە نەخوازراوە خزمەت بە چارەسەر کردنی کێشەکان لە هەرێم ناکات.

سالار مەحموود، ئەندامی سەرکردایەتی یەکێتی و بەرپرسی مەڵبەندی گەرمیانی ئەو حزبە، بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاند،" لە جیاتی بەخۆداچوونەوە و داوای لێبوردن کردن لە مووچەخۆران لە پای دواکەوتن و پێنەدانی مووچەکانیان، حزبێک دێت بەناوی حکومەتەوە موچەخۆران و خەڵک نیگەران تر دەکات."

وتیشی،" ئەم ئاوازە نەخوازراوەو خزمەت بە چارەسەری کێشەکان ناکات لە هەرێمی کوردستان."

دوێنێ شەممە، 23ی مانگی 3 لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، پێشەوا هەورامی وتەبێژی حکومەتی هەرێمی کوردستان، سەبارەت بە هەڵوێستی ژمارەیەکی زۆر لە مووچەخۆران بەرامبەر ڕەتکردنەوەی هەژماری من ڕایگەیاند،" پرسی سلێمانی هەڵمەتێکی پۆپۆلیستیە لە چوارچێوەی هەموو هەڵمەتەکانی تر کە دژایەتی ئەم کابینەیەی پێ دەکرێت، هەر کارێکی باش ئەم کابینەیە دەستی بۆ دەبات خەڵکێک دژایەتی دەکات، ئەمە خواست و داواکاری خەڵک بووە، ئێستا حەملەیەکی سیاسیە لە دژی هەژماری من بەڕێوە دەچێت، لەچوارچێوەی حەملەکانی تر دژی کابینەی نۆ."

لە بەرامبەردا ئەندامێکی سەرکردایەتی یەکێتیش، دەڵێت ناڕازی بوونی خەڵکی هەرێم تەنها سلێمانی نییە، بەڵکو خەڵکی هەرێم بە گشتی لە دۆخێکی خراپی داراییدان، بۆیە لە بەرامبەردا دەبوایە حکومەت "داوای لێبوردن" بکات.

سالار مەحموود ڕایگەیاند،" یەکێتی کار دەکات بۆ راستکردنەوەی ھەڵە کەڵەکە بوەکان، نەک ھەر خەڵکی سلێمانی ھەموو کوردستان لەم وەزعە ڕازی نین، یەکێتی خۆی بەبەرپرسیار دەزانێت بەرامبەر بە ھەموو کوردستان نەک تەنیا دەڤەرێک، لە خراپی ئەم دۆخەشدا حکومەت دەبوو داوای لێبوردن لە خەڵک بکات."

وتیشی،" بەڵام خەسڵەتی سلێمانی لە بوونی ئازادی رادەربڕین و بوونی دەرفەتی خۆپیشاندان و ناڕەزایی پیشاندان بەشێکە لە تایبەتمەندی دێرینی پایتەختی رۆشنبیریی."

لە دوای بڕیارەکەی دادگای فیدڕاڵی عێراق بۆ "طەوطین" کردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم، گرفت بۆ دابەشکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم دروستبووە، بەو پێیەی حکومەتی ناوەند دەیەوێت لە ڕێگەی بانکە فیدڕاڵیەکانەوە مووچەی مووچەخۆرانی هەرێم بنێرێت، بەڵام حکومەتی هەرێم ڕێگرە و دەیەوێت لە ڕێگەی "هەژماری من"ەوە هەژمار بۆ مووچەخۆرانی هەرێم بکرێتەوە و لەو ڕێگەیەوە مووچە بدەنە مووچەخۆرانی هەرێم.

بە پێی میدیا کوردستانیەکانیش بێت، ئەمڕۆ شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ چارەسەرکردنی ئەو کێشەیە دەگاتە بەغداد.

لە ئێستادا حکومەتی هەرێم مووچە خۆران ئاگادار دەکاتەوە بە چەند قۆناغیک بەشداری لە هەژماری مندا بکەن، بەڵام لە بەرامبەردا بڕیارە سبەی 25ی مانگی 3 بەشێک لە مامۆستایانی سلێمانی لەبەردەم ماڵی سەرۆکی یەکێتی بافڵ تاڵەبانی خۆپیشاندان ئەنجام بدەن، ئەمەش وەک هەڵوێستێک بۆ ڕەتکردنەوەی "هەژماری من".

لەو بارەیەوە سالار مەحموود دەڵێت،" ئێمە پاڵپشتی پێدانی مووچەو بوونی دەرفەتی ئازادین، لە جیاتی وەرگرتنی تێبینیەکان و بەھەند وەرگرتنیان پەرچەکرداری نامەدەنی زیاتر دەکرێت، بەتایبەتیش لە پایتەختی ھەرێمەکەمان."

وتیشی،" راپۆرتی رێکخراوە نێودەوڵەتیەکان پڕن لە نیگەرانی لەھەڵسوکەتی ھەرێم سەبارەت بەپرسی ئازادیەکان،

بەتایبەتیش لە بادینان و جێگاکانی تریش، بەرتەسکردنەوەی ئازادی ھەڕەشەیە لە قەوارەی ھەرێم."