پرۆژەیەکی دکتۆر عەبدول لەتیف کە بە ڕابەری مەنهەجی سەلەفییەکان لە هەرێمی کوردستان ناسراوە، بۆ دروستکردنی مزگەوتێک مشتومڕی لە ناو خەڵکدا دروستکردووە، لە گرتە ڤیدیۆیەکدا دکتۆر عەبدول لەتیف داوادەکات بۆ دروستکردنی مزگەوتەکەیان و تەواوکردنی بەشێکی تێچووەکەی دابەش بکەن بەسەر نوێژخوێنان و خێرخوازاندا کە ئەو بە ناوی بەرماڵ ناوی دەبات و نرخی هەر بەرماڵێکیش بە 650 دۆلار دیاریکردووە، بەڵام ڕەخنەگران دەڵێن بە فرۆشتنی شوێنی نوێژ ناوی دەبەن و ڕابەری سەلەفییەکانیش دەڵێت، خێرکردنمان بەم جۆرە کردووە بە مۆدێرن.
دەپرسین:
ئەم شێوازی مزگەوت دروستکردن و پارە کۆکردنەوە هەتا چەند لە ئاینی ئیسلامدا ڕێگەی داوە؟
یاساکانی وەزارەتی ئەوقافی هەرێمی کوردستان لەم بارەیەوە چی دەڵێن؟
بۆچی ئەو دەنگدانەوە توندەی بەدوادا هات و خەڵکێک ناڕازین؟
بۆچوونی یەکێتی زانایانی ئیسلامی چییە لەو بارەیەوە؟
لە بابەتی ڕۆژی بەشی کوردی تاوتوێی پرسی دروستکردنی پڕۆژەی مزگەوتی بەهەشت دەکەین لەکوردستان بەمیوانداری بەڕێزان:
مامۆستا جەلال، جێگری سەرۆکی یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلام.
دکتۆر ئاشتی ستار، پێش نوێژ و وتارخوێنی مزگەوتی گردی لە شاری کۆیە.
مەریوان نەقشبەندی، شارەزا لە کاروباری ئاینەکان و وتەبێژی پێشوی وەزارەتی ئەوقاف.
دەنگی ئەمەریکا هەوڵی دا دکتۆر عەبدول لەتیف یان نوێنەرێکی لە بەرنامەکە بەشداربێت، بەڵام داوای لێبوردنی کرد و وتی ناتوانێت و نوێنەرەکانیشی کەسیان ئامادە نین.
Your browser doesn’t support HTML5
دکتۆر ئاشتی ستار
نە لە قورئان نە لە فەرموودە و سوننەتدا دەقێکمان نیە کە ڕێگە بدات بە فرۆشتنی شوێنی بەرماڵ و نوێژکرد، لەبەرئەوە ئەمە لە دوو ڕوانگەوە دەتوانرێت خوێندنەوەی بۆ بکرێت، یەکەم، ئیستغلالکردنی ناهۆشیاری خەڵکانێک، ئیستغلالکردنی عاتیفەی خەڵک لە شەوێکی پیرۆزی وەک قەدر بۆ دەسکەوتی ماددی، دووەم، هەر بەپێی بیروباوەڕی سەلەفی خۆیان ئەمە (بیدعەیە)،بەڵام چونکە بەرژەوەندی مادی بۆخۆیانی تێدایە گوێ بەوەنادەن لەگەڵ بیروباوەڕی خۆشیان دژ بەیەکە، دوای ئەوە هەرخودی ڕازاندنەوە و زەخرەفە کردنەی مزگەوت نەهی لێکراوە و بەیەکێک لە نیشانەکانی قیامەت باسی لێوەکراوە لە فەرمودەی پێغەمبەر(درودی خوای لێبێت)، بەڵام خاڵێکیش هەیە با بەویژدانەوە باسی بکەم، ئەویش ئەوەیە ئەگەر مرۆڤ شوێنێکی نوێکردنی هەبێ ئەوا بۆ قیامەتی دەبێتە خێر و پاداشت، بەڵام ئەمە بەلای منەوە لاوازە و بەڵگەی بەهێز نیە و لای من ناخوێنرێتەوە.
من سەیری ڤیدیۆکەم کرد، جگە لەوەی باسی فرۆشتن بە حازری و قیست دەکات، داهێنانێکی خۆشیشی کردووە لە (بیدعە)کەدا، هاتووە تەلەفۆنی بۆ خەڵک کردووە وتویەتی مادام تۆ نوێژ ناکەیت و تەمەڵی وەرە ئەو خێرە بکە بەرماڵێک بکڕە بۆ خێر، کە ئەمە دژی بیروباوەڕی سەلەفی خۆیان، چونکە بیروباوەڕی سەلەفی تەرکیزی لەسەر دەعوایە، دەعواش تەنها لەگەڵ موسڵمان دەکەن لای ئەوان نوێژ نەکەر کافرە، بەڵام چونکە بۆ دەسکەوتی مادیە گوێ بەوەش نادەن، جارێ هەرئەسڵەن کەئەو باسی خێر دەکات، کێ دەڵێ ئەو نوێژەی لەسەر ئەو بەرماڵە دەکرێت قبوڵە؟! یانی چۆن دەبێت بەو ڕەهایی و گەرەنتیەوە قسەبکرێت، چونکە ئەوە خوای گەورە خۆی دەزانێت قبوڵ دەبێت یا نا.
ئەو مەهامەی مزگەوت هەیبوو لە سەردەمی پێغەمبەر جیاواز بوو زۆربەی مزگەوتەکانی ئێستا ئەو مهامەیان تێداجێبەجێ ناکرێت.
من وایدەبینم ئەو بابەتەی مزگەوتی بەهەشتیش کاتێک لەسەری بووە هەڵا و کێشە ئینجا بابەتەکە گۆڕدرا بۆ دروستکردنی مزگەوت، چونکە من بیرۆکەی ئەم بەڕێزانە دەناسم، لە سەدەکانی ناوەڕاست کاهین و قەشەکان موسادەرەی عەقڵ و مێشکی خەڵکییان دەکرد، کلیل و شوقەی بەهەشتییان بە خەڵک دەفرۆشت، ئەمە دواجار دووبارەبوونەوەی هەمان شتە، لەسەر مێزێک دانیشتووە کلیلی بە هەشت دەفرۆشێت، باشە ئەسڵەن کێ دەڵێ ئەو کەسە هەردەچێتە بەهەشت؟ ئێستا بە ڕێکخراوەیی دەیانەوێت قسەی مارکس بەسەر خەڵکدا جێبەجێ بکەن کە دەڵێ ئاین تلیاکی گەڵانە دەیانەوێت بە عاتیفە عەقڵی خەڵک لە کاربخەن بەمجۆرە شتانە.
ئەم کارە (شێوازی مزگەوت دروستکردنە) بە هیچ جۆرێک دروست نیە لە ئیسلامدا چونکە گومانی لەسەر خۆی و مەشروعەکەی دروستکردووە، بەدرێژایی مێژووی ژیانی پێعەمبەر(درودی خوای لێبێت) لەگەڵ هاوەڵان هەتا ئێستاش ببینە ئەو کەعبەیەی ئێستا هەیە لایەکی تەواو نەکراوە، چونکە نەیانویستووە بە پارەیەک بیکەن کە گومانی لەسەر دروست ببێ.
مامۆستا جەلال خەیلانی
هەم بە دەقی ئایەتی قورئان هەم بە دەقی فەرمودە باسی گەورەیی و پاداشتی دروستکردن و ئاوەدانکردنەوەی مزگەوت کراوە، بەڵام ئەگەر ئەو دروستکردنەی مزگەوت ببێتە هۆی ناکۆکی و دووبەرەکی و ناڕێکی و ناتەبایی دروست ببێت لەناو خەڵکی لەسەر دروستکردنی مزگەوت بەڕاستی ئەوە هیچ پەسەند نیە و لە شەریعەتی ئیسلامدا پەسەند نیە، چونکە مزگەوت شوێنی خواپەرستی و زانکۆ و کۆکردنەوەی خەڵکە.
پێویستە کە مزگەوت دروستدەکرێت قودسیەتی مزگەوت بپارێزرێت بەهیچ شێوەیەک لەشێوەکان نەکەوێتە بەر قسەی خەڵک، یەکێک بڵێ باشە، یەکێکیش بڵێ خراپە، چونکە بەو شێوەیە قودسیەتی مزگەوت ناهێڵێ، ئێستاش ئەم بابەتەی مزگەوتی بەهەشت کەوتۆتە ناو سۆشیاڵ میدیا و قسەو قسەڵۆکی لێکەوتۆتەوە بەڕاستی ئەمە بابەتێکی خۆش نیە، چونکە لە کوردستان زۆربەی مزگەوتەکان هەر خێرخواز دروستی کردووە بەڵام کەس نەکەوتۆتە معامەلە و بڵێ تۆ ئەوەندە بدە و یا بە ئەوەندەیە، ئەوە شێوازێکی نامۆیە بە خەڵکی، بۆیە مزگەوت ئەگەر تەواویش نەکرێ باشترە وەک لەوەی بەشێوازێک دروست بکرێت کە قسە و تێبینی لەسەربکرێت، هەروەک ئەوەی د.ئاشتی ئاماژەی بەوەکرد تائێستاش کەعبە تەواو نەکراوە.
مەریوان نەقشبەندی
لە هەرێمی کوردستان 6000 مزگەوت هەیە، کە لە 85%ی مزگەوتەکان لەلایەن خێرخوازانەوە دروستکراوە، هەروەها وەزارەتی ناوخۆ یاسایەکی دەرکردووە کە وەزارەتی ئەوقافیش گشتاندنی بۆ کردووە، بەهەموو جۆرێک بانگەشەی پارە کۆکردنەوە بۆ مزگەوت بۆ مزگەوت دروستکردنیش بێ قەدەغەیە، ئەمە سەرەڕای ئەوەی ئەو کەسانەی خێرخوازن و دێن لە وەزارەتی ئەوقاف داوای مۆڵەتی دروستکردنی مزگەوت دەکەن، دەبێت بەڵێننامە بدەن کەبەکۆمەڵێک ڕێکار هەیە پابەند بن، ئەویش ئەوەیە، یەکەم دەبێت بۆ تەواوکردنی مزگەوتەکە بە هیچ جۆرێک دەرۆزە و داوای پارە لە کەس نەکات، واتە پارەی تێچووەکەی ئامادەبێت، وە سەرچاوەی پارەکەی حەڵاڵ بێ، بۆیە هەرداوایەک بۆ داواکردنی پارە بۆ مزگەوت پێچەوانەی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ناوخۆ و ئەوقافە.
هێندەی بزانم (کاک دکتۆر عەبدول لەتیف) فەرمانبەری ئەوقاف نیە، بەڵکو لەسەر وەزارەتی خوێندنی باڵایە، وەکو خۆبەخشێک لەو مزگەوتەیە، بێگومان هەموو ئیمام و وتاربێژێک دەبێت ڕەزامەندی و مۆڵەتی وەزارەتی ئەوقافی هەبێت بۆ پێش نوێژی و وتارخوێنی، من نازانم بەڕێزییان پرسییان بە ئەوقاف کردووە بۆ ئەوە یانا، بۆیە پێویستە وەزارەتی ئەوقاف خۆی ڕێوشوێن بگرێتەبەر بەپێی سەرپێچییەکە.
ڕاستە ئەم شێوازە لە ئەوروپا و کەنەدا و ئەمەریکا هەیە، موسڵمانان پارە کۆدەکەنەوە بینایەک دەکڕنەوە و دەیکەن بە مزگەوت بەڵام لەوێ حکومەت هاوکار نیە و ئەوان سەربەخۆن، بەڵام لە کوردستان لەسەر تابلۆی هەر مزگەوتێک نوسراوە وەزارەتی ئەوقاف واتە لە کوردستان سەر بە وەزارەتی ئەوقافن لەوبارەیەوە ڕێنمایی هەیە و پارە کۆکردنەوە قەدەغە دەکات، ئەوەیە جیاوازییەکە کە دەبێت لە کوردستان پابەندی ڕێنماییەکانی وەزارەتی ئەوقاف بن.
بەداخەوە بەهۆی ئەو دابەشبوونە سیاسیەی لە هەرێمی کوردستان هاتۆتە ئاراوە وایکردووە ئەم ڕەوت و ئاڕاستانەش سەرهەڵدەن، ئەگەرنا کاتێک حکومەت یەکگرتوو بوو کەس نەیدەتوانی دەست ببات بۆ دیواری مزگەوتێک بێ پرسی وەزارەتی ئەوقاف، منیش سەرم سوڕماوە دەبوو نەک هەر وەزارەتی ئەوقاف بەڵکو لیژنەی فتواش قسەی هەبووایە لەسەر ئەم بابەتەی مزگەوتی بەهەشت.
بەڕاستی زۆرغەریبە وەزارەتی ئەوقاف هیچ قسەیەک ناکات، ئەگەر دیواری مورافیقەکانی مزگەوتێک دەستکاری بکرێت بێ مۆڵەتی خۆی ڕێگە نادات، کەچی پێم سەیرە تائێستا ڕێگای داوە بە مزگەوتی بەهەشت بەوشێوازە، من وا هەست دەکەم جۆرێک لە ئیقتحامی سیاسی هەیە، وە جۆرێک لە ناوچەگەرێتی خەریکە دەستپێدەکات، مەراکیزی نفوز دروست دەبێت وایکردووە حزب جۆرێک لە چاوپۆشی بکات، ئەگەر د.عەبدول لەتیف پرسی نەکردبێت بە وەزارەتی ئەوقاف ئەوا دوو حاڵەتە، ڕەنگە پشتی بەستبێت بە پێگەیەکی سیاسی کە ڕەنگە سەرکردەی حزبێک گڵۆپی سەوزی بۆ هەڵکردبێت ئاسانکاری بۆ بکات، یا ئەوەیە تەحەدای ئیدارەی ئاینەکان دەکات لە کوردستان، من لەو بڕوایەدام دکتۆر عەبدول لەتیف لە سنوری ئیدارەی پارتی بووایە نەیدەتوانی ئەوەبکات کە ئێستا دەیکات، من لەو بڕوایەدام ئەگەر ئەمە بەبێ دەنگی تێپەڕێت بێ قسەی وەزارەتی ئەوقاف و لیژنەی فەتوا من لەو بڕوایەدام ئیتر ئیخوان موسلیمین و حزبە ئیسلامیەکان و سۆفی و ڕەوتەکانی تریش شێوازی تری سەیر و سەمەرەتر دروست بکەن بۆ دروستکردنی مزگەوت.
پێشتر هەرگیز نەمبیستووە مامۆستایەکی ئاینی بچێتە بەر دەرگای لق و حزبێک چاوەڕێ بکات لە بەردەم پرسگەکە تا بەرپرسە حزبیەکە بیبینێ، ئێستا دەبینی ژمارەیەکی زۆر مامۆستای ئاینی چاوەڕێن ببنە پەرلەمانتار و بەرپرسی ئیداری، وایلێهاتووە 700 مزگەوتی کوردستان بەخۆبەخش دەیبەن بەڕێوە لەبەرئەوەی مامۆستا ئاینییەکان بوونەتە پەرلەمانتار و بەرپرسی ئیداری.