ئیرینا سوکرمان: ئەوە جێی گومانە ئەو هەموو کاربەدەستە لەو هەلیکۆپتەرەدا بوون و ناچار بووە لەو شوێنە دورە دەستەدا بنیشێتەوە

کەوتنە خوارەوەی ئەو هەلیکۆپتەرەی سەرۆکی ئێران و ژمارەیەک گەورە کاربەدەستی تری وڵاتەکەی تیادا بوون، جموجۆڵێکی ئاسایشیی لە ئێراندا هێناوەتە ئاراوە.

هێزە ئاسایشییەکانی کۆماری ئیسلامی ئێران، بە لەشکر و پاسدارانیشەوە وەک سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان پێکردووە بە شاری تاران پایتەختی کۆماری ئیسلامی ئێراندا بڵاوبوونەتەوە و پێگەی خۆیان وەک دەگوترێت لە نزیک و لە چواردەوری باڵەخانەکانی حکومەتی ئێراندا جێگیر کردووە.

ژمارەیەک لە یەکەکانی لەشکری ئێران وەک سەرچاوەکانی هەواڵ ئاماژەیان پێکردووە لە ناوچەکانی تری ئێرانەوە گواستراونەتەوە بۆ تاران و دەوروبەری تاران.

ئێرینا سوکرمان، شیکەرەوەی بواری ئاسایشی نیشتمانی، دەڵێت دەشێت وەک ڕێوشوێنێکی تایبەتیی ئاسایشی لێی بڕوانرێت "لەو ڕوانگەیەوەی لەوانەیە گومان بکرێت سەرۆکی ئێران کوژرابێت، یان ئەوەی دەشێت ڕووداوێکی نادیار ببێتە مایەی ناسەقامگیری و پشێویی سیڤیلی و هەروەها لەوانەشە ببێتە مایەی سەرهەڵدان و کودەتا، لە ڕاستیشدا ئەو ڕەوشەی ئێستا (درەنگانێکی ڕۆژی یەکشەممە) لە ئێراندا هەیە، هێشتا ڕون نییە، بەڵام دەسەڵاتدارانی ئێران بە ئاگاهییەوە سەروسەودای لەگەڵدا دەکەن."

سەرۆک بایدن، پشووی هەفتانەی خۆی کۆتاییپێدەهێنێت و دەگەڕێتەوە بۆ کۆشکی سپی و کۆبوونەوەیەکی نائاسایی دەکات لەگەڵ تیمەکەیدا، دوابەدوای بڵاوبوونەوەی هەواڵی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی سەرۆکی ئێران.

خانم سوکەرمان دەڵێت بێگومان ئەوە هەواڵێکی گرنگە "ئەگەر ئیبراهیم ڕەئیسی، یان هەر گەورە کاربەدەستێکی تر بمرن، ئەوا ئەمەریکا بە بایەخ و بە نیگەرانیشەوە لەو هەواڵە دەڕوانێت و لیکەوتەکانی تاووتوێ دەکرێن، لەوانە دروستبوونی ئاڵۆزی و کاردانەوەکان لەناو ئێراندا بەبێ ڕەچاوکردنی هۆکارەکان."

ئەم شیکەرەوەیەی بواری ئاسایشی نیشتمانی ئاماژەش بەوە دەکات " لەگەڵ ئەوەشدا کە ڕەئیسی لە ئێراندا بڕیاردەری ڕاستەقینە نییە، بەڵام بەڕێوبەرایەتییەکەی بایدن نیگەرانیی هەیە لەوەی دەسەڵاتدارانی ئەو وڵاتە لۆمەی ئیسرائیل یان ئازەربایجان، یانیش ئەمەریکا بکەن لەسەر مردن یان برینداربوونی کاربەدەستەکانی لەو ڕووداوی کەوتنە خوارەوەیەی هەلیکۆپتەرەکەدا، بەتایبەتیش پاش بەشداریکردنی ڕەئیسی بووە لەگەڵ سەرۆکی ئازەربایجاندا لە مەڕاسیمی کردنەوەی بەنداوێکی هاوبەشدا لەسەر ڕوباری ئاراس. بێگومان ئەم ڕووداوە ئەگەر بریتی بێت لە کوژرانێکی سیاسی و بەدەستی ئۆپزسیۆنەکانی ناوخۆ بێت، یان بەدەستی ئپزسیۆن و هاوکاریی لەشکری ئێران و هێزی دەرەوەیشی هەبووبێت، ئەوا دەکرێت وەک پەیامێکی گەورە و توندی بەرەنگاربوونەوەی ڕژێمی ئێران لێی بڕوانرێت."

هەر بە ماوەیەکی زۆر کورت پاش بڵاوبوونەوەی هەواڵی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرەکە، باس و خواسیش هاتنە ئاراوە کە لە هەلیکۆپتەرەکە دراوە، ئەمەش بەو مانایەی هەوڵدراوە سەرۆکی ئێران بکوژرێت.

ئیرینا سوکرمان، دەڵێت "هێشتا زووە بگوترێت لە هەلیکۆپتەرەکە دراوە، بەڵام پێدەچێت ئێران لۆمەی ئیسرائیل و ئەمەریکا بکات بۆ کەوتنە خوارەوەی ئەو هەلیکۆپتەرە؛ لە ڕاستیشدا ئەوە جێی گومانە ئەو هەموو کاربەدەستە لەو هەلیکۆپتەرەدا بوون و هەوڵی داوە و ناچار بووە لەو کەشە سەختەدا بنیشێتەوە لە ناوچەیەکی دورە دەستدا کە هیچ هەوڵێک بۆ بە هاناوەچوون لە ئارادا نەبووە."

خانم سوکرمان، باس لە ڕووداوێک دەکات و وەک دەڵێت تەنها بۆ وەبیرهێنانەوە "ئەوەی درەنگانێکی یەکشەممە لە ئێران ڕوویدا، ڕووداوەکەی ساڵی 2010 ی نێوان ڕوسیا و پۆڵەندام وەبیردەهێنێتەوە، کاتێک دەسەڵاتدارانی ڕوسیا پێیان دادەگرت دەبێت شاندی سەرۆکایەتی پۆڵەندا و ئەو هەموو گەورە کاربەدەستەی پۆڵەندا لە یەک فڕۆکەدا بن بۆ بەشداریکردن لە بۆنەیەکدا، ئەوەبوو فڕۆکەکەیان وەک دەیانگوت کەوتە خوارەوە و سەرۆکی ئەوکاتەی پۆڵەندا یەکێک بوو لە قوربانییەکان."

دوازدە ساڵ دواتر، گەورە کاربەدەستێکی حکومەتی پۆڵەندا ڕایگەیاند "حکومەتی ڕوسیا لە پشت خستنە خوارەوەی ئەو فڕۆکەیەوە بووە."