عێراق ڕۆژی پێنجشەممە بە فەرمی داوای لە ئەنجومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان کرد هەتا ساڵی 2025 کۆتایی بە نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق بهێنێت کە بە "یۆنامی" ناسراوە.
ئەم شاندەی نەتەوە یەکگرتووەکان کە لە ساڵی 2003 وە دامەزراوە بۆ یارمەتیدانی حکومەتی عێراق لە چەندین بواردا بە تایبەتی لە گفتوگۆی سیاسی و بەدیهێنانی ئاشتەوایی ڕۆڵێکی بەرچاوی هەبووە هەر هیچ نەبێت وەک چاودێرێکی نێونەتەوەیی لە وڵاتەکەدا. بەڵام ئێستا و بەپێی کاربەدەستانی عێراق بێت یۆنامی ئامانجەکانی خۆی بەدیهێناوە، بۆیە چیتر عێراق پێویستی بەو شاندەی نەتەوە یەکگرتووەکان نەماوە.
هاوکات جنین پلاسخارت، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ عێراق لە وتارەکەیدا ئاماژەی بۆ ئەوە کرد کە هێشتا عێراق بەدەست کۆمەڵێک کێشەی گەورەوە دەناڵێنێت، لەوانە گەنەدەڵی و دەستێوردان لە کاروباری دەوڵەت و بوونی هێزی چەکداری دەرەوەی کۆنترۆڵی حکومەت. لە بەشێکی وتارەکەشی باسی لە هەرێمی کوردستان کرد و بە تایبەتی بابەتی هەڵبژاردن، وتی پێویستە هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستان ئەنجام بدرێت، ئەگەر نا ئەوا شەرعییەتی دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم دەکەونە ژێر پرسیارەوە، وە هوشداری دا ئەگەر دۆخەکە هەر وا بەردەوام بێت تەنانەت ئایندەی هەرێمەکەش دەکەوێتە بەردەم مەترسییەوە.
دەپرسین:
بۆچی عێراق لەم کاتەدا داوای کۆتایی هێنان بە یۆنامی لە عێراق دەکات؟
یۆنامی لە ماوەی 22 ساڵی ڕابردوو لە چ بابەتێک ڕۆڵێکی گرنگی بینی؟
کاریگەری نەمانی یۆنامی لەسەر عێراق چۆن دەبێت؟
هەتا چەند ئەو لێدوانانەی پلاسخارت لەسەر گرنگی ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە هەرێمی کوردستان ڕاستیان بۆ هەیە؟
بۆچی ڕووسیا و چین دەستبەجێ پشتیوانیان لەم داوایەی عێراق کرد؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ ئەم پرسە تاووتوێ کرا بە میوانداری:
هۆشیار عومەر عەلی، بەرپرسی بەشی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان.
دکتۆر حەسەن ئەحمەد مستەفا، پسپۆڕی پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان.
خدر دوملی، راهێنەر و راوێژکار لە بوارى ئاشتی و چارەسەرکردنى ململانێ لە عیراق.
Your browser doesn’t support HTML5
هۆشیار عومەر عەلی:
"داواکاری کۆتایی هێنان بەئەرکەکانی یۆنامی لە دوای هەڵبژاردنی ساڵی ٢٠٢١ سەریهەڵدا کە چوارچێوەی هەماهەنگی پێی وایە یۆنامی و خودی(جنین پلاسخارت) دەستییان هەبووە لە بەهێزکردنی هەندێک لایەن، ئەوەی ئێمە وەک هاوکاری دەیبینین ئەو لایەنانە بەدەستوەردانی دەبینن، لەخودی نامەکەی سودانیش کەداوای کردووە تاکۆتایی ساڵی ٢٠٢٥ یۆنامی کۆتایی بەکارەکانی لە عێراق بهێنێ، چونکە ڕەنگە تا ئەو وادەیە حکومەتێکی نوێ لە عێراق پێکبێت و فشارەکان لەسەر خۆی کەم بێتەوە، وە هەمیش ئەگەر پێویستی کرد عێراق بڕیاڕ بگۆڕێت بۆ مانەوەی، یوئەن بمێنێتەوە،لایەنە کوردییەکانیش ئەگەر بیانەوێ یۆنامی بمێنێتەوە ئەوا دەبێت کەناڵە دیپلۆماسی و پەیوەندییەکانی خۆی بەکاربهێنێ، هەرچەندە ئەگەر عێراق دوابڕیاری دابێت دەبێت بڕیارەکە جێبەجێ بکات."
بەرپرسی بەشی پەیوەندییە دیپلۆماسییەکانی بزووتنەوەی گۆڕان دەشڵێت "جگە لەوەی وەک لایەنی سێیەم ڕۆڵی بینیووە لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، هەروەها نەمانی یۆنامی لە عێراق بۆ هەرێمی کوردستان لەدەستدانی کارتێکی نێودەوڵەتیە،بەتایبەت کەهەرێمی کوردستان خۆی قەوارەیەکی سەربەخۆ نیە ئەندام نیە لەناوەندە نێودەوڵەتییەکان، زۆرجار یۆنامی ئەمەی دەکرد کە دەنگ و ڕەنگی بگات و ئەرکی هەرێمی کوردستانی ئاسانتر دەکرد، بۆیە زۆرجار بینیومانە لەو ڕاپۆرتانەی لەلایەن(جنین پلاسخارت)ەوە پێشکەش دەکرا، بەشێکی تایبەت بووە بەهەرێمی کوردستان، واتە هەرێمی کوردستان دەنگێک و پشتیوانیەک لەدەستدەدات کە بتوانێت دەنگی بگات چونکە ئەوکات عێراق خودی خۆی نوێنەرایەتی دەبێت لە نەتەوەیەکگرتووەکان و ئەوەی عێراق بیەوێ دەچێتەسەر."
دەشڵێت "ئێستا مەترسی زۆر هەیە، بەڵام وەک مەترسی، مەترسی لەسەر قەوارەی هەرێمی کوردستان نیە، بەڵام وایلێدێت ئەوەندە دەسەڵاتەکانی لەدەستدەدات توشی شەلەل دەبێت کەئەوەش کورد خۆی دەتوانێ چارەسەری بکات."
دکتۆر حەسەن ئەحمەد مستەفا:
"سەبارەت بەمانەوەی یۆنامی لە عێراق، شیعەکان دابەشبوون بەسەر دووبەرەدا، بەرەیەکیان ئەوانەن کە فشار لە سودانی دەکەن بۆ نەمانی یۆنامی لەعێراق، سونییەکان پێییان باشە یۆنامی لە عێراق بەردەوام بێت لەبەرئەوەی هاوسەنگیەکە لەنێوان شیعە و سوننە وە سنورێکیش بۆ هەڵکشانی کورد دادەنێت، چونکە لەبەرچاومان بێ هەرگیز یوئێن قسەی کۆتایی بۆ هەرێمێکی فیدراڵ ناکات تا دەوڵەتێکی ناوەند لێرە بێ، نەلێرە نە لەسەرتاسەری جیهاندا."
ئەو پسپۆڕەێ پەیوەندییە نێودەوڵەتییەکان دەشڵێت "ئەوە کەم نیە کە ناو بەناو لەنەتەوە یەکگرتووەکان نوێنەری یۆنامی باسی موعاناتی کورد بکات لە دەوڵەتی عێراق، خۆ ئەگەر باسی کەموکورتی کوردیشی کردبێت، من پێم وانیە هەرگیز پلاسخارت شتێکی لەسەر هەرێمی کوردستان وتبێت کە لە ئەرزی واقیعدا بونی نەبوبێ، خۆ ئەگەر دەڵێ هەڵبژاردن نەکرێت دامەزراوەکانی هەرێم ڕووبەڕووی نەمانی شەرعیەت دەبنەوە ڕاستی وتووە."
دکتۆر حەسەن دەشڵێت "دوای نەمانی یۆنامی لە عێراق غیتابێکی ڕەش باڵ بەسەر عێراقدا دەکێشێت، هەرچەند بەو ڕەهاییە نیە، بەڵام ئێستا کە شیعە تەواو بڕوای کردووە دەسەڵات لەدەستی خۆیدایە تەواوی مەرکەزییەت لە عێراق جێبەجێ دەکرێت وە ئەو جیاوازییانەی هەن لە قاڵبی دەدەن، ئەمەریکا ئامادەنیە خۆی توشی مەسرەف و ئیحراجیەتی زیادە بکات بۆ ئەوانەی کە خۆیان بەرگری لەخۆیان ناکەن، کورد دەبێت یەکدەنگ بێت و هێزێکی نەرمی هەبێت بۆ مانۆڕ، دوربکەوێتەوە لەو شلی و دابەشبوونەی ئێستا هەیە."
دەشڵێت "من یەکێکم لەوانەی کە ئێجگار دەترسم یۆنامی عێراق بەجێبهێڵێت، چونکە من پێموایە ئیتر لەمەودوا کەناڵی گەورەمان نامێنێ بۆ دەرەوە وەک کورد، چونکە خۆمان دەسەڵاتی خۆمان ئیحتوا دەکەین، وە یۆنامی زمانحاڵی کورد و سوننە و شیعە و هەموو لایەنەکان بوو، من شانازیم دەکرد بەچاک بێ یاخراپ، ڕەخنە بوایە یا ستایش هەرچۆنێک بووایە کە پلاسخارت ناوی حکومەتی هەرێمی لەئەنجومەنی ئاسایش دەهێنا و لەوێدا بە دۆکیۆمێنت دەکرا."
خدر دوملی :
"داواکارییەکەی عێراق بۆ نەمانی یۆنامی لە عێراق بۆ ئەوە دەگەرێتەوە کە کۆمەڵێک پڕۆفایلی گرنگ کەتۆتە دەست یۆنامی لەوانە چارەسەر کردنی کێشەکانی نێوان هەرێم و بەغداد، و ناوچە جێناکۆکەکان، نەمانی یۆنامی لە عێراق وادەکات کە حکومەتی عێراق بەهێزتر بێت و بتوانێت داواکاری خۆی بسەپێنێت بەرامبەر هەرێم، وە خاڵێکی تر ئەوەیە کە یۆنامی کارێکی تری دەکرد ئەویش ڕاپۆرت لەسەر دۆخی مافی مرۆڤ و ئازادی کە ئەمە لەم کۆتاییانە بۆ حکومەتی عێراق جێگای نیگەرانی بوو،هەروەها چاودێری کردنی هەڵبژاردنەکان کە لایەنە عێراقییەکان بەدەستوەردانی یۆنامیان دەزانی، جگەلەوەی یۆنامی چاودێری جێبەجێکردنی ڕێککەوتننامەی شەنگال و هەنگاوەکانی مادەی ١٤٠ی دەکرد، بۆیە بەنەمانی یۆنامی لە عێراق دەبێت فاتیحە لەسەر ڕێککەوتننامەی شەنگال بخوێنرێت، داواکارییەکەی عێراقیش شتێکی بەپەلە نەبوو بەڵکو پلان بۆ دانراوی پێش وەختەبوو."