ڕێوڕەسمی ئایینی و سیاسی نوێژکردن لەسەر تەرمی ئیبراهیم ڕەئیسی و شاندی یاوەری بە ئامادەبوونی عەلی خامنەیی، ڕێبەری باڵای ئێران و بەرپرسانی باڵای کۆماری ئیسلامی ئێران لە زانکۆی تاران بەڕێوەچوو.
پێش مەراسیمەکە، ئیسماعیل هەنییە، ئەندامی باڵای حەماس کە لەلایەن کۆماری ئیسلامی ئێرانەوە پشتیوانی دەکرێت، وتارێکی پێشکەش کرد و باسی لە پشتیوانی ڕەئیسی و ئەمیر عەبدوڵڵاهیان بۆ گرووپی حەماس کرد. چەکدارانی حەماس و گرووپە فەلەستینیەکانی دیکە لە 7ی ئۆکتۆبەری ساڵی ڕابردوودا هێرشیان کردە سەر ئیسرائیل و بەو هۆیەوە بە گوتەی کاربەدەستانی ئیسرائیل هەزار و 200 کەس کوژران و زیاتر لە 250 کەسیش بە بارمتە گیران. هێرشەکە دواتر بوو بە هۆی ئەوەی شەڕی ئێستای نێوان ئیسرائیل و حەماس دەستپێبکات.
ئیبراهیم ڕەئیسی، سەرۆککۆمار و حوسێن ئەمیرەبدوڵڵاهیان، وەزیری دەرەوەی کۆماری ئیسلامی، لەگەڵ شاندی یاوەرییان، ئێوارەی ڕۆژی یەکشەممە لە ڕووداوێکی فڕۆکەوانیدا لە ئازەربایجانی ڕۆژهەڵات گیانیان لەدەستدا.
محەمەد موخبر، جێگری یەکەمی ڕەئیسی، بەرپرسیارێتی کاروباری سەرۆکایەتی ئێرانی بۆ ماوەی 50 ڕۆژ پێسپێردراوە و بڕیارە هەڵبژاردنی سەرۆکایەتی ئیران لە 28ی مانگی شەش بۆ دەستنیسانکردنی سەرۆککۆماری ئێران بەڕیوەبچێت.
مردنی ڕەئیسی لە کاتێکدا بوو کە کێشەکانی نێوان بەرپرسان و کۆمەڵگەی ئێران فراوانتر و خراپتر بوون، ئەمەش بەهۆی توندکردنەوەی کۆنترۆڵە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان و خراپتربوونی ئابووریی وڵاتەکەوە.
لە هەڵبژاردنەکانی پێشوودا خەڵکی ئێران بە ڕێژەیەکی زۆر کەم بەشداری هەڵبژاردنەکانیان کردووە و ئەمەش بووەتە مایەی نیگەرانی بەرپرسانی وڵاتەکە.
بەرپرسێکی پێشووی ئێران کە بە هۆی هەستیاریی بابەتەکەوە نەیویستووە ناوەکەی ئاشکرا بکرێت، بە ڕۆیتەرزی ڕاگەیاندووە حکومەتی ئێران لە ئێستادا ئەو بژاردەیەی نییە کە لە ڕێگەیەوە بتوانێت ڕێژەیەکی زۆری دەنگدەران لە ماوەیەکی وا کورتدا بۆلای خۆی ڕاکێشێت.
خەڵک لەڕادەبەدەر لە دۆخی ئابووری و سیاسی وڵاتەکە ناڕازین و نەبوونی بژاردەیەی دڵخوازی خەلک لە هەڵبژاردنەکان دەتوانێت ببێتە هۆی کەمبوونەوەی ڕێژەی بەشداریکردن.
بەشێک لەم بابەتە لە رؤیتەرز وەرگیراوە