کۆمارییەکانی ئەنجومەنی سینات پەیامی سەرەخۆشی بۆ مردنی ڕەئیسی سەرکۆنە دەکەن

سیاسەتمەدارانی ئەمەریکایی کە بە شێوەیەکی سەرەکی کۆماریخوازن، بەردەوامن لە دژایەتیکردنی پەیامی سەرەخۆشی بەڕێوبەرایەتی جۆو بایدن بۆ مردنی سەرۆککۆماری ئێران و ئیبراهیم ڕەئیسی بە "قەسابی تاران" ناو دەبەن و هاوسۆزیی دەربڕین بۆ مردنەکەی شەرمەزار دەکەن.

هەر لەو چوارچێوەیەدا، لیندسی گراهام، سیناتۆری باڵای کۆمارییەکان لە دانیشتنی ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا بە ئامادەبوونی ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ڕایگەیاند نابێت کەس ماتەمینی بۆ مردنی "قەسابی تاران" بگێڕێت.

گراهام لەو دیدارەدا گوتیشی سەردەمی سەرۆکایەتی سەرۆککۆمار سەردەمی زوڵم و زۆرداری بووە بەرامبەر بە ژنان و کچانی ئێران و هەروەها لە ناو خاکی ئێرانەوە هێرشی سەربازی بۆ سەر ئیسرائیل کراوە. ئەو گوتی "من پەیامی سەرەخۆشی بۆ کۆچی دوایی قەسابی تاران نانێرم، بەڵکو پرسەو سەرەخۆشی خۆم پێشکەش بە قوربانیانی قەسابی تاران و هەموو ئەو کەسانە دەکەم کە تا ئێستاش لەلایەن ئایەتوڵڵا و هاوکارەکانیەوە چەوسێنراون و دەکرێنە ئامانج".

هەروەها سیناتۆر جۆن بارۆسۆ، ئەندامی لیژنەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی ئەنجومەنی سینات، پەیامی سەرەخۆشی حکومەتی جۆو بایدن بۆ کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی بە "هەڵەیەکی ترسناک" ناودێر کرد و گوتی " جێگەی سەرسوڕمانە کە ئەم حکومەتە ماتەمینی بۆ مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی، قەسابی تاران دەگێڕێت کە زۆرێک لە ئەمریکییەکانی کردووەتە ئامانج و هێرشی کردووەتە سەریان."

ناوبراو لە درێژەی قسەکانیدا بە خەڵکی ئێرانی گوت "ئێمە لەگەڵ ئێوەین و دوعای ئازادی و ڕزگاربوونتان لە دەست ئایەتوڵڵاکان بۆ دەکەین."

هەروەها تێد کروز، سیناتۆری کۆماریخواز لە وتووێژێکدا لەگەڵ دەنگی ئەمەریکا، ڕەخنەی لە سیاسەتی حکومەتی بایدن بەرامبەر کۆماری ئیسلامی گرت و ئیبراهیم ڕەئیسی بە "قەسابی تاران" ناوبرد و جەختی لەوە کردەوە کە "جیهان شوێنێکی باشترە بەبێ ئەو".

میچ مەککانێل، سەرۆکی کەمینەی کۆمارییەکان لە ئەنجومەنی سیناتی ئەمەریکا ڕایگەیاندووە ئێرانییەکان پێیان باشە سیاسەتمەدارانی ڕۆژئاوا واز لە ستایشکردنی "قەسابی تاران" بهێنن.

ئەنتۆنی بلینکن، وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا، وەڵامی ئەو ڕەخنانەی سەبارەت بە سەرەخۆشی لە کۆچی دوایی ئیبراهیم ڕەئیسی دایەوە و گوتی "هەڵوێستی واشنتن بەرامبەر تاران نەگۆڕاوە و وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریکاش لە هەنگاوێکدا کە پێشتریش ڕوویداوە، سەرەخۆشی بە هۆی گیانلەدەستدانی ڕەئیسیەوە کردووە."

ئاماژەی بەوەشکرد ئەمە ڕۆتینێکە کە لەگەڵ سەرکردەکانی وڵاتانی جیاوازدا بوونی هەیە، چ دوژمن و چ دۆست.

هەروەها ڕاوێژکاری ئاسایشی نیشتمانی کۆشکی سپی گوتی "ڕەئیسی بەرپرس بوو لە پێشێلکاری توندی مافەکانی مرۆڤ لە وڵاتەکەی و بێ گومان پیاوێک بوو دەستەکانی بە خوێنی خەڵک ئالوودە ببوو، سەرەڕای ئەوەش بەگشتی بەداخەوەین بۆ لەدەستدانی ژیانی هەر کەسێک و وەک لە هەلومەرجێکی هاوشێوەدا کردوومانە، جارێکی دیکە سەرەخۆشی فەرمی خۆمان دەکەینەوە ئەگەر پیویست بکات."

ناوبراو ڕوونی کردەوە کە سیاسەتی جۆو بایدن بەرامبەر بە کۆماری ئیسلامی ئێران هیچ گۆڕانکارییەکی بەسەردا نەهاتووە.