مردنی ئیبراهیم ڕەئیسی لە ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەیدا، کە تا ئێستا بە فەرمی هۆکارەکەی ئاشکرا نەکراوە، دەشێت ژمارەیەک لێکەوتەی هەبێت لەسەر هەردوو ئاستی ناوخۆیی ئێران و دەرەوەش.
مایکڵ پریجنت، لێکۆڵەری باڵا لە نێوەندی هەدسن دەڵێت "ئێستا شپرزەیی و دڵە ڕاوکێیەک هەیە لەناو ڕژێمدا، ڕابەری باڵا بۆتە دەنگە باڵاکە، نە سەرۆک هەیە، نە وەزیری دەرەوە، ئیتر هەموو شتێک کەوتۆتە دەست ڕابەری باڵا و ئایەتوڵا خامنەئی داوای پاراستنی ئارامی دەکات، پشێوییەک لە ئارادایە بۆیە داوای ئارامیی دەکات."
بڕیارە لە ماوەی 50 ڕۆژدا سەرۆکێکی نوێ بۆ ئێران هەڵبژێردرێت بەپێی دەستوری وڵاتەکە.
ئەلێکس ڤەتەنخا، سەرۆکی بەشی کاروباری ئێران لە نێوەندی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست لەوبڕوایەدایە کۆمەڵگەی نێونەتەوەیی زیاتر سەرنج دەدەنە کۆمەڵێک دۆسێ وەک لەوەی بیەوێت بزانێت کێ دەبێتە سەرۆکی داهاتووی ئێران.
بەڕێز ڤەتەنخا دەڵێت "هەندێک لە دۆسێ هەرە گرنگەکانی وڵاتانی جیهان بە بایەخەوە سەیری دەکەن، بریتین لە بەرنامەی ناوکیی ئێران، ئایا ئێران چ جۆرە سەروسەودایەک دەکات لەگەڵ ناوچەکەدا، هەڵوێستی ئێران لە بەرامبەر ئیسرائیل و هەروەهاش لە بەرامبەر ئەمەریکادا چۆن دەبێت."
لە کۆماری ئیسلامی ئێراندا دەشێت ڕا یان دەنگی سەرۆکی وڵاتەکە تا ئەندازەیەک بە هێند وەربگیرێت بەڵام
هەمیشە دوا بڕیار لای وەلی فەقێیە یان ئەوەی لە سیستەمی ئێراندا پێی دەگوترێت ڕابەری باڵای کۆماری ئیسلامی.
ئەلێکس ڤەتەنخا، لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ئەسیۆسێتد پرێس ئاماژەیشی بەوەکردووە لە سەروەختی سەرکایەتییەکانی مەحمودی ئەحمەدی نەژاد و هەروەهاش لە سەروەختی حەسەن ڕۆحانیدا کە هەندێک هەوڵیان هەبووە بۆ گۆڕینێکی کەمی سیاسەتەکانی ئێران، بەڵام لەلایەن ئایەتوڵا خامنەئییەوە ڕێگرییان لێکرا وەک دەڵێت "گۆڕینی سیاسەتەکانی ئێران بەرامبەر ئەمەریکا، یەکێکە لە دۆسێ هەرە هەستیارەکان لای ڕابەری باڵا."
سیناریۆی زۆر باس دەکرێن لەسەر کەوتنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسی، لەوانە، بۆچی لەو سێ هەلیکۆپتەرە، تەنها ئەوەی سەرۆکی ئێرانی تیادابووە دەکەوێتەخوارەوە و دووانەکەی تریان گەیشتنە سوێنی مەبەستیان، یانیش کوا سندوقی ڕەشی هەلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسی تیادابووە، بۆچی دوو هەلیکۆپتەرەکەی تر، وەک دەگوترێت بۆ پارێزگاریی لەگەڵ هەلیکۆپتەرەکەی ئیبراهیم ڕەئیسیدا بوون نەچوون بە هانای ئەو هەلیکۆپتەرەی کەوتە خوارەوە؟
ئەگەرچی ئەو پرسیارانە و ژمارەیەک پرسی تریش هێشتا بەبێ وەڵامێکی یەکلاکەرەوە ماونەتەوە، هەربۆیە باس لە تیۆرییەکانی پیلانگێڕانیش دەکرێت لەو ڕووداوەدا.
ئیبراهیم ڕەئیسی، یەکێک بوو لەو کەسانەی زۆر ناوی دەهات تا ببێتە جێگرەوەی ئایەتوڵا عەلی خامنەئی.
نزیکەی 6 مانگ لەمەوبەر، ئەنجومەنی پسپۆڕان ناوی ڕەئیسییان دەرهێنا لەو لیستەی لەبەدەستیاندا بووە بۆ هەڵسەنگاندن و دیاریکردنی جێگرەوەیەک بۆ پاش مردنی خامنەئی.
مایکڵ پریجنت، لە دیمانەکەیدا لەگەڵ بەرنامەی چاوی واشنتۆنی دەنگی ئەمەریکادا، بە دووری نازانێت پیلانێک هەبووبێت لە پشت ڕووداوی کەوتنە خوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسیدا.
بەڕێز پریجنت دەڵێت "پێموایە خەڵکانێک هەن لە بەرەی توندڕەوانی ئێرانی دەیانویست ڕەئیسی جێی خامنەئی بگرێتەوە و لەوانەشە ڕەئیسی هەوڵیدابێت ئەوانە لە بەرەیەکی دەرەوەی پاسدارانی شۆڕشدا کۆبکاتەوە؛ لە ڕاستیدا بە کاندیدێکی گرنگیش لێی دەڕوانرا بۆ وەرگرتنی ئەو پۆستە باڵایە، جا هەر بەڕاستی جێی سەرنجە کە کۆتاییان بە ژیانی هێنا."
ئەم لێکۆڵەرە باڵایەی نێوەندی هەدسن دەڵێت "پێموایە ئەوە شتێکی گەورەیە لەناو ئێراندا باس لەو هەموو سیناریۆیانە دەکرێت؛ پێشموایە دەرفەتێکە بۆ دەزگا بیانییەکانی هەواڵگری ئەو دەرفەتە بقۆزنەوە؛ تۆ سەیرکە لە لایەکەوە باس لە کوڕەکەی خامنەئی دەکرێت کە دەستی هەیە لە خستنەخوارەوەی هەلیکۆپتەرەکەی ڕەئیسیدا؛ ئەو هەموو سیناریۆیانەی تریش هەن؛ من بەش بە حاڵی خۆم ئەو جۆرە پشێویەم پێباشە لەناو ئێراندا هەتا گومانەکان و دەرفەتەکان زیاتر بکات. دەرفەتێکە بۆ دەزگا هەواڵگرییە بیانییەکان تا یارمەتی گەلی ئێران بدەن وڵاتەکەیان بگرنەوە دەست."
ئایەتوڵا عەلی خامنەئی لە ساڵی 1981ەوە تا 1989 سەرۆکی ئێران بووە و دواتر بووەتە ڕابەری باڵا.
بەڕێز پریجنت، دەڵێت ڕژێمی ئێران کەوتۆتە ڕەوشێکەوە کە ئیرەیی پێنابرێت "لە بیرمان نەچێت هەر کاتێک ئەو شێوە ڕووداوانە هەبن، ئەوا قۆزتراونەتەوە، دەبنە دەرفەت بۆ کەلێن خستنە ناو ڕژێمەوە لە ڕووی بێ متمانەییەوە و ئێستاش بێ متمانەییەکی زۆر هەیە لەناو ڕژێمی ئێراندا بەتایبەتیش لە سۆنگەی ئەوەی خامنەئی دەیەوێت پۆستەکەی بۆ موجتەبای کوڕی بێت بەبێ ئەوە پێشبڕكێیەک لەناو ئەنجومەنی پسپۆڕاندا بکرێت و وەک دەبینین دەنگدانی ئەو ئەنجومەنە بە هێند وەرناگیرێت، بەڵام لە پێناوی چیدا؟ لە پێناوی کوڕەکەی خامنەئیدا، ئەڵبەت ئەمەش هیچ جیاوازییەکی نییە لەوەی شاهەنشاهەکانی ئێران دەیانکرد و دەسەڵاتەکانی خۆیان دەدایەوە بە کوڕەکانیان."
عەلی ڤائیز، لە نێوەندی قەیرانی نێونەتەوەیی هاوڕایە و دەڵێت "ئێستا کە سەرۆکی ئێران مردووە، نادیارییەکی زیاتر کەتۆتە ناو دەستەبژێر و ئەوانەیش کە سەر بە سیستەمە سیاسییەکەی تارانن و بە دوریشی نازانم ڕەوشەکە بکەوێتە بارێکی مەترسیدارەوە."
بەڕێز ڤائیز لە لێدوانەکەیدا بۆ ئاژانسی دەنگوباسی ڕۆیتەرز، دەشڵێت لە پەیوەندی بە ڕووداوەکانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستیشەوە دەڵێت "شییانێکی زۆریش هەن کە ئاستی ئاڵۆزییەکان بە ڕێژەیەک بەرز ببنەوە کە لە کۆنترۆڵ دەربچێت، لەو ڕوانگەیەوەی وەک بارێکی باو لە کۆماری ئیسلامیدا وەها بووە، کاتێک ڕێبەران خۆیان لە پێگەیەکی لاوازدا دەبیننەوە، ئەوا بە ڕێگەیەکی زۆر شەڕانگێزانەتر ڕەفتار دەکەن."
بەڵام مایکڵ پریجنت لەوبڕوایەدایە، لەم کاتەدا بەهۆی ئاڵۆزی و ململانێ ناوخۆییەکانییەوە، ئێران نایپەرژێتە سەر ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست و دەڵێت "لەو بڕوایەدام ڕژێمی ئێران ئا لەم کاتەدا سەنگییەکانی خۆی دەخاتە سەر دۆسێ ناوخۆییەکانی چونکە کێشەی ئاسایشی هەیە، گومان و دڵەڕواکێ لەناو پلەکانی حکومەتی ئێراندا هەیە و هەروەها لەناو دامەزراوەکانیشیدا."