پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێراندا

شاندێکی باڵای ئێران بە سەرۆکایەتی سەرپەرشتیاری وەزارەتی دەرەوەی ئێران، هەفتەی ڕابردوو سەردانی هەرێمی کوردستانی کرد، لەگەڵ سەرۆکی هەرێم و سەرجەمی لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە. محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان لەو کۆبونەوەی شاندە ئێرانییەکە هەموو لایەنە سیاسییەکانی کۆکردەوە و وتی، مەگەر ئێران کۆمان بکاتەوە ئەگەر خۆمان وەک لایەنە کوردستانیەکان کۆنابینەوە، پێشتریش نازم دەباغ نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان بە دەنگی ئەمەریکای ڕاگەیاندبوو، سەردانی شاندە ئێرانیەکە بە مەبەستی بەدواداچوون بووە بۆ ئەو ڕێککەوتنە ئەمنیانەی پێشتر ئەنجامدران، کە مەبەست لێیی ڕێککەوتنە ئەمنیەکانی نێوان عێراق و هەرێم لەگەڵ لایەنی ئێرانییە سەبارەت بە لایەنە ئۆپۆزسیۆنە کوردییەکانی ئێران لە عێراق.

دەپرسین:

پەیامی ئێران بۆ لایەنە سیاسیەکانی هەرێمی کوردستان لەم کاتەدا چیە؟

ئێران چ داواکارییەکی لەلایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان هەیە؟

ئەگەر ڕێککەوتنەکان پەیوەندیدارە بە ڕێککەوتنی ئەمنی ئەی بۆچی لەگەڵ حزبە کوردستانیەکان کۆدەبێتەوە؟

پەیوەندییەکانی نێوان هەرێم و ئێران ئێستا لەچ ئاستێکدایە؟

لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری:

1- نازم دەباغ، نوێنەری حکومەتی هەرێمی کوردستان لە تاران.

2 -محەمەدی حاجی مەحمود، سکرتێری پارتی سۆسیالیست دیموکراتی کوردستان.

3- ئاری هەرسین بەرپرسی لقی چواری پارتی دیموکراتی کوردستان.

4- مامۆستا حسێن ڕابی، مامۆستای زانکۆی سلێمانی و شیکەرەوەی سیاسی.

Your browser doesn’t support HTML5

پەیوەندییەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ ئێراندا

نازم دەباغ:

دیارە لە ماوەی ڕابردوو کە پەیوەندییەکان لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران وەک پێویست نەبوو، لەگەڵ بەشێک هەبوو، لەگەڵ بەشەکەی تر نەبوو، بەڵام دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتی شاندێک کە باڵاترین شاندبوو وە پێکهاتەی لایەنە سیاسییەکان بوو، وە شێوازی پێشوازی لێکردنی ئەو شاندەش بە شێوازێکی گرنگی پێدان بوو، لەو دانیشتنانەدا جەخت لەوە کرایەوە کە پەیوەندییەکان نەک پتەو بکرێت بەڵکو چاکسازی تێدا بکڕێت، واتە نۆژەنبکرێتەوە، بەپێی ئەو قۆناغەی ئێستا جێبەجێبکرێت، هەر لەو کۆبونەوانەدا جەنابی سەرۆکی هەرێم پێشنیاری کرد کە هەر شاندێکی حکومەتی ئێرانی سەردانی بەغدادی کرد، سەردانی هەرێمی کوردستانیش بکات.

دیارە هەموو سەردانێک پەیام و گرنگی خۆی هەیە، ئەم سەردانەی شاندەکەی ئێرانیش ئەو پەیامەی کە هەیبوو، بریتی بوو لە دڵنیایی دان بەوەی کە پێگەی هەرێمی کوردستان لە چوارچێوەی عێراقێکی یەکگرتووی فیدراڵیدا گرنگە، وە گرنگیدان بەو ڕێککەوتنانەی کە کراوە لەگەڵ لایەنی عێراقی کە کاک ڕێبەر ئەحمەدیش نوێنەری هەرێمە لەو لایەنە بۆ جێبەجێبکردن و دڵنیایی وەرگرن لەو ڕێککەوتنانە.

ئەوە دەبێتە هەڵوێستێکی نەرێنی کەب وترێت ئێران پشگیری لایەنێکی کردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن دژی لایەنێکی تر، بەپێچەوانەوە ئێران لەگەڵ هەڵبژاردنە بەڕێککەوتنی لایەنە سیاسیەکان، ئێران پێی وایە ئەمە کێشەیەکی نێوخۆیی ناوماڵی کوردە بۆیە دەبێت کورد خۆی ڕێکبخات، ناکرێت لایەنێکی سیاسی بێت خۆی بکاتە پێشەنگ بڵێ من داوام لە ئێران کردووە بۆ دواخستنی هەڵبژاردن، من وای دەخوێنمەوە کە کۆماری ئیسلامی بەیەک مەسافە لە هەموو لایەنە کوردییەکان نزیک و دوورە بێ جیاوازی، کۆماری ئیسلامی ئێران لەگەڵ یەک بە یەکی لایەنە سیاسییەکانی هەرێم تەنانەت کەسایەتیەکان پەیوەندیدارە، لەو کۆبونەوەیەی لایەنە سیاسییەکان جەختکردنەوە بوو لەوەی کە ببێتە لایەنداری لایەک بۆ دواخستن یا ئەنجامدانی هەڵبژاردن، بەڵکو جەختی کردەوە کە پەیوەندی لەگەڵ هەموو لایەنەکان وەک یەکە وە کێشەی ناو ماڵی کوردی لایەنەکان دەبێت خۆیان چارەسەری بکەن نەک ئێران ببێتە لایەندار.

لە هەندێک گللەیی ئێران کە کردی لە کاتی کۆبونەوەی کاک نێچیرڤان لە تاران، یەکێک لە بەرپرسە ئێرانیەکان بە کاک نێچیرڤانی وتبوو، تەلەفزیۆنی ڕووداو کە هی جەنابتە لەوێوە زۆرمان قسە پێدەڵێن، کاک نێچیرڤان بە پێکەنینەوە وتی، باشە ساروخیشمان پێوە دەنێن و قسەش نەکەین، من پێموایە کە کۆماری ئیسلامی ئێران باش دەزانێت کە حکومەتی هەرێم پێگەیەکی گرنگی هەیە لە پاراستنی ئاسایشی ناوچەکە بۆیە دەکەوێتەوە سەر حکومەتی هەرێم چۆن لەنێوان چوار بەرداشی، ئێران، تورکیا، عێراق، هەتا سوریاش چۆن ئەو هاوسەنگیە بپارێزێت لە پەیوەندییەکان چونکە ئەگەر نەیپارێزێت تەنها کورد خۆی زیان دەکات.

محەمەدی حاجی مەحمود:

دوای سەردانەکەی سەرۆکی هەڕێم بۆ ئێران توانی ئەو بەستەلەکە بتوێنێتەوە کە ماوەیەک بوو لە پەیوەندییەکانی ئێران و هەرێمی کوردستان هەستی پێدەکرا، هەروەها دوای سەردانی شاندی هەرێمیش کەئەمجارە سەرۆکی هەرێم و سەرۆکی حکومەت و چەند بەرپرسێکی هەرێم بەشداربوون لە پرسەی سەرۆک کۆماری ئێران و وەزیری دەرەوەدا، کە بەرپرسانی عێراقیش ئامادەی پرسەکە بوون بۆیە ڕەنگە وەک جۆرێک لە وەڵامدانەوەی ئەو بەشداریەی لایەنی کوردی و عێراقی بێت لە پرسەی سەرۆک کۆمار و وەزیری دەرەوەدا، لەو کۆبونەوەیەی شاندەکەی ئێران لەگەڵ ئێمە وەک لایەنە سیاسییەکان کردی، باسکردن بوو لە پەیوەندییەکانی ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان و لایەنە سیاسییەکان زیاتر کردنی ئەو پەیوەندییانەبوو، هەروەها باسکردن بوو لە ئەنجامدانی هەڵبژاردن لە کاتی خۆیدا کە ئەمسال دوانەکەوێت، جگە لەوەی باسکردن بوو لە بابەتی وەبەرهێنان و بازرگانی کردن، چونکە زۆربەی ئەو حزبانەی لە کۆبونەوەکەی لایەنەسیاسییەکان لەگەڵ ئێران بەشداربوون هەمووی کۆمپانیایان هەیە، ئێستاش ئەو کۆمپانیایانە لە کاردان و لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران و تورکیادا، ئەمانە بە کورتی ئەو باسانە بوون کە شاندی ئێرانی لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی هەرێم باسی کردن، حەتمەن لەگەل حکومەتی هەرێمی کوردستان زۆرتری باسکردووە.

بە دڵنیاییەوە سەردانەکەی سەرۆکی هەرێم بۆ تاران هەڵبژاردنی پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی لە ١٠\٦ دواخست، چونکە وەک دەزانرێت ماوەیەکی زۆر کێشە هەبوو لەناو هەرێمدا لەسەر بابەتی هەڵبژاردن وە بەغداد و کۆمسیۆنیش سوربوون لەسەر هەڵبژاردن لەکاتی خۆیدا، بەڵام کە سەرۆکی هەرێم سەردانی تارانی کرد، هێشتا لە ئێران بوو کە لە بەغدادەوە هەڵبژاردن دواخرا و وە کۆمسیۆنیش ئەو پۆستەرانەی ناردی بۆ ئیمارات لە چاپکردنی وەستاندی، ئەو پێشوازییەی ئێران لە سەرۆکی هەرێمی کرد، وە بینینی ڕەهبەری کۆماری ئیسلامی ئێران بۆ دڵنەوایی پارتی دیموکراتی کوردستان بوو بەتایبەت بۆ بۆردومانکردنی ماڵی پێشرەو دزەیی، چونکە بۆ بەشێک لە سەرۆکی وڵاتانی تر ئاسان نیە ڕەهبەری کۆماری ئیسلامی ببینن بەڵام بینیمان سەرۆکی هەرێم چۆن پێشوازی لێکراو و بینی، من پێم وایە هەم هەرێمی کوردستان وە هەم ئێرانیش گەیشتونەتە ئەو بڕوایەی کە پێوستییان بەیەکترە.

ئێستا عێراق وەکو دەوڵەت وجودی نیە و سەروەری نیە، گەورەترین بنکەی سەربازی تورکیا لە بەعشیقەیە ڕۆژانە فڕۆکە و ئۆتۆمبێلی سەربازی هاتوچۆ دەکەن، لە هەر وڵاتێکدا یەک سەربازی ئەو وڵاتە لە وڵاتێکی تر بێت و سنوری بەزاندبێت، سەرۆکی وڵاتی داگیرکار پێشوازی لێناکرێت تا نەکشێتەوە، کەچی عێراق شەش مانگ حەفلەی کرد لەبەرئەوەی ئەردۆغان سەردانی کرد.

ئاری هەرسین:

خۆشبەختانە ئێران لەوە تێگەیشتووە هاوکاری و هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم زۆر پێویستە بۆ ئێران لە ڕووی ئابوری و ئەمنی و هەتا لە ڕووی فەرهەنگیەوە، بەپێچەوانەی ئەوەی کە هەرێمی کوردستان مەترسی بێت بۆ سەر ئاسایشی ئێران، بەپێجەوانەوە دەرچەیەک بێت بۆ پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی دەرەوە و عەرەبی و ئەوروپا و ئەمەریکا و هەموو وڵاتان.

من بە حوکمی پێگەکەم لە کۆبونەوەی شاندی ئێرانی لەگەل لایەنە سیاسییەکان و حکومەتی هەرێمیش نەبوو، بەڵام جێی خۆیەتی ئەم قسەیە بکەم، حەتمەن ئێران مافی خۆیەتی کە بە ئێمە دەڵێت نابێت بەشێک بن لەو موئامەرەیەی لەسەر ئەمنیەتی ئێران دەکرێت وەک بابەتی حزبەکانی کۆمەڵە و دیموکرات، حەقە ئێران ماف بە ئێمەش بدات پێییان بڵێین ئەو خەڵکانەی کە خۆیان بە دۆست و کوالیسیۆنێک دەزانن لەگەڵ ئێوەدا، کۆماری ئیسلامی ئێران نابێت بهێڵن هێزێکی وەکو پەکەکە کە ڕێککەوتنی تایبەتی هەیە لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران خۆی بە عەنتەر بزانێت لە هەرێمی کوردستان خەڵک نەتوانێت بچێت پیاسەیەک بە قەندیل و پشدەر و شارباژێردا بکات لەبەرئەوەی برادەرانی پەکەکە لەوێ حاکمن، پەکەکە بێ ئێران هیچ شتێک نیە، چۆن ئێران دەڵێت لەو دیو سنورەکانمەوە نابێ کۆمەڵە و دیموکرات هەبێت ئەی خۆ ئەمە بانێکە و دوو هەوا نیە، حەقە بە پەکەکە بڵێیین(تۆ ماڵی ئێمەت وێران کردووە چیدەکەیت لێرە؟!شەڕی تۆ لە تورکیایە، بۆچی ئەمە رەوا نەبێت!بۆچی بیانوو دەداتە تورکیا گوندەکانمان وێران بکات و بۆردومانمان بکات!

ئەمەریکا پشتی کورد ناگرێت لە سوریا بەڵکو ئیشی بە وەرەقەی کوردە لە سوریا هەتا ئەوکاتەی پێویستی پێی دەبێت دوای ئەوەی کە ئیشی بە کوردی سوریا نەما شەقێکی تێهەڵدەدا.

ئێران پۆزشی نەهێناوەتەوە و ئێمەش سیاسەت بەدڵداری ناکەین، هۆکاری ئەوەی ئێران پۆزشی نەهێناوەتەوە ئەوەیە کورد دەوڵەت نیە، هۆکاری نەبوون بەدەوڵەتیشمان ئەوەیە کورد یەکگرتوو نیە، ئەم قسەیە دەکەم لە ڕادیۆی دەنگی ئەمەریکاوە بۆم هەڵگرن، شانزەی ئۆکتۆبەر ئێمە وەک پارتی، وە یەکێتی درز لەنێوانمان نەبووایە باوکی حەشدی شەعبیش نەیدەتوانی کەرکوک بگرێت، ئەوە خاڵە حەمەی حاجی مەحمود خۆی پێشمەرگەیە و دەزانێ.

ئێمە تەڵاقی سیاسیمان ناکەوێ ئەگەر لێرەوە هەستین بچین بۆ تاران دانوستان لەگەڵ ئێران بکەین، وە تەڵاقی سیاسیشمان ناکەوێ ئەگەر بچینە ئەنقەرە یاخود لە هەولێر پێشوازی لە ئەردۆغان بکەین، هەر لەو ئەمەریکایەی ئێوە دەتوانم دە نمونە بهێنمەوە کە ئەمەریکا دەستی خستۆتە ناو دەستی دوژمنەکەی لە پێناو بەرژەوەندی وڵاتەکەدا.

تورکیا بەڕوونی وتوویەتی، بنکە و بارەگای پەکەکە لە شارەزور، پشدەر، شارباژێڕ هەیە، مەعقول نیە ئێوە دوژمنی ئێمە دالدە بدەن، بۆیە لەبری ئەوەی تورکیا بێت سەنتەری شاری سلێمانی بۆردومان بکات هاتووە ڕێگە لەرۆکەی خۆی و ئاسمانی خۆی دەگرێت بۆ فڕۆکەخانەی سلێمانی و گەمارۆی لەسەر داناوە، مەعقولە خۆشترین شوێنی کوردستان کە قەندیلە پەکەکە ڕێگرە لەوەی هاوڵاتی بچێتە ئەو شوێنە بۆ گەشت!ئەمانە خۆیان بە حکومەت دەزانن، چۆن دەبێت شتی وا؟! ئەم پەکەکەیە دەبێت واز لە هەرێمی کوردستان و یەکێتیش بهێنێ، ئێمە خۆمان بە هەزار حاڵ لەناو خۆماندا مەرحەبایی یەکتر دەکەین ئێستا ئەم بەڵای ناگاهانەشمان بۆهاتووە.

لە بەرامبەر ئەو نادادپەروەریەی بە نیازبوون بەهۆی هەڵبژاردنەوە بەرامبەر ئێمەی بکەن، هەڵوێستە مەبدەئیەکەی ئێمە وایکرد کە کۆماری ئیسلامی ئێران حساب بۆ ڕەئی ئێمە بکات، ئەوە سەرکەوتنێکی گەورەیە هەم بۆ ئێمە وە هەم بۆ کۆماری ئیسلامی ئێرانیش.

ئێمە ئێستا وەک پارتی دیموکراتی کوردستان بە خۆشحاڵیەوە لە باشترین کاتی پەیوەندییەکانمانین لەگەڵ کۆماری ئیسلامی ئێران(top relation) داین، ئینشائەڵا هەرواش دەمێنێتەوە.

مامۆستا حوسێن ڕابی:

ئێران قەت سیقەی بە کورد نەبووە، نەک لە ئێستادا بەڵکو لە سەردەمی شێخ مەحمودی نەمرەوە، چونکە بوونی کورد لەگەڵ وجودیەتی ئێران دژایەتی هەیە، هەمیشە کورد بۆ ئێران وەک تاکتیک بەکاری هێناوە، ویستویەتی لە شوێنێکدا بیتوێنێتەوە، ئەم پەیوەندییانەی ئێران و پێشوازیەگەرمەی لە سەرۆکی هەرێم لەم کاتەدا بۆ ئەوەیە دانی کورد بکێشێت و کارتەکانی فشار لەدەست کورد دەربهێنت وە زیاتر هەرێمی کوردستان لە قاڵب بدات و زیاتر بیخاتەوە ژێر دەستی حکومەتی عێراقی، ئەم سیاسەتەی ئێستای پارتی ترسناکە دەڵێت، ئێران تۆ پەکەکەم بۆ چەک بکە با من کۆمەڵە و دیموکراتت بۆ چەک بکەم؟ ئەی کاکی من خۆ پەکەکە بە تەنها ئێران پشتیوانی ناکات بەڵکو ئەمەریکاش پشتیوانێتی و سەرەڕای ئەوی خۆی پێگەی هەیە لەهەرکاتێکدا بیەوێت دەتوانێت دۆخی چەند شارێک تێکبدات، من نازانم حکومەتی هەرێم لەم پەیوەندییەی ئەمجارەی لەگەڵ ئێران چی دەسکەوتووە، بەڵام ئەوە دەزانم کە ئێران شتی زۆری دەستکەوتووە، هەر لانی کەم ئەوەی بەهۆی کوردەوە کوردی پارچەیەکی تری (کۆمەڵە و دیموکراتی) سەرکوتکردووە.

بەشێکی ئەو پێشوازییەی ئێران لە کاک نێچیرڤان لایەنی کۆمەڵایەتی و موغازەلە بوو، و وەسفکردنیشی لە میدیاکانی ئێران ئەوەیە کە ئێران تائێستاش پێی وایە خەڵکی کورد ئەو خەڵکە سادەیەیە کە دەتوانێت بە زمان هەڵی خەڵەتێنێ، بەشێکی تریشی بۆ ئەوەبوو کە پیشانی خەڵکی کوردی ئێرانی بدات بڵێ پشت بە کوردی ناوچەکانی تر مەبەستن لەگەڵتان نین، چونکە وەک دەزانرێت شۆڕشی ژینادا کوردی ئێران کردی، پێنج سەد شەهیدمان داوە لە ڕۆژهەڵات خوێمان کرد بە جەرگی ئێراندا، جگە لەوەش ئێران ویستی پیشانی بدات کە ئەو کێشەی لەگەڵ کورددا نیە، دەبێت ئاگاداربین ئەو موغازەلەیە زەهرێکی تێدایە بەتایبەت بۆ کورد، وە بەبێ پشتیوانی کوردی ڕۆژهەڵات ئەم هەرێمەی ئێستا سەرینەدەگرت، وە بەبێ ئەمەریکاش ئەو ناوچەیە نەدەبوو، ئێران شارەکانی باشوری کوردستانی ڕزگار کرد دای بەدەستی یەکێتی و پارتی، جگە لەوەی ئێران بەم پەیوەندییانەی لەگەڵ هەرێم دەیەوێت ئەمەریکا بێ ئومێد بکات لە عێراقدا، چونکە تاکە لایەن کە بەدەست ئەمەریکاوە مابێت و ئەمەریکا پشتی پێببەستێت لە عێراق کوردە.

کاک ئاری با زۆر موجامەلەی ئێران نەکات چونکە ئێستا شەڕێکی تر لەڕێدایە کە پەلاماری ئیسرائیلە بۆسەر لوبنان و حزبوڵا، ئەگەر ئیسرائیل دەرەقەت نەیەت ئەمەریکا تەداخول دەکات، ئەوکاتیش بێگومان ئێران وادانانیشێت و یەکەم شوێن پەلاماری بدات هەرێمی کوردستانە چونکە لاوازە و بە پشتیوانی ئەمەریکای دەزانێت، خۆ ئیسرائیل لە ئازەرباینجان هەیە، ئەی بۆ ئێران هێرشی ناکات، نەخێر ئێران پێویستی بەوەنیە پەیوەندی لەگەڵ کورد چاکبکاتەوە بەڵکو بەپێچەوانەوە پێویستی بە دوژمنێکی لاوازە وەک هەرێمی کوردستان کە لەکاتێکدا ویستی هێرش بکاتە سەری وەک تۆڵەکردنەوە لە ئەمەریکا.