جارێکی تر ژمارەیەک کۆچبەری نایاسایی بوونەوە قوربانی ڕێگای دەرچونیان بەرەو وڵاتانی ئەوروپا کە زۆربەی ئەو کۆچبەرانە کوردن. لە ساڵانی ڕابروودش چەندین ڕووداوای هاوشێوە ڕووریانداوە. هەریەکە لە حکومەتی عێراقی و هەرێم و حکومەتی ئیتاڵیاش کە یەختی ئەو کۆچبەرانە لە سنوورە ئاوییەکانی ئەو وڵاتە نقومبوو، ئامادەیی خۆیان پیشاندا بۆ گێڕانەوەی تەرمی قوربانییەکان و هاوکاری ڕزگاربووان، بەڵام سەرەڕای چیرۆکە تراژیدیاکانیان کە لە زاری ڕزگاربووەکانەوە دەگێڕدرێنەوە، هاوکات باسی لە مامەڵە و گومانی نوقمبوونی بەلەم و یەختی کۆچبەران دەکرێت جگە لەوەی ئەو کەسانەی دەیانەوێت بە ڕێگای نایاسایی کۆچ بکەن لە ڕێگای قاچاخچییە کوردەکانەوە لە شارەکانی هەرێمی کوردستان یان نیشتەجێن. بە قسەی هەندێک لە کەسوکاری قوربانیان یاخود لە ڕێگای خەڵکی نێوەندگیر و نووسینگەکانەوە نیوەی پارەکە هەتا گەیشتنیان بە شوێنی دڵخوازی خۆیان دادەنێن کە بەزارەوە گشتیەکە پێی دەڵێن پارە خەواندن.
دەپرسین:
بۆچی لە هەرێمی کوردستان ڕێگە لە قاچاخچی و نووسینگەکان و نێوەندگیرەکانی نێوان قاچاخچی و کۆچبەرە نایاساییەکان ناگیرێت؟
ئایا حکومەتی هەرێم ئاگاداری ئەو شێوازە مامەڵە و پارەدانەیە؟
سەرەڕای چەندبارەبوونەوەی ئەو کارەساتانە، حکومەتی هەرێم چی کردووە بۆ ڕێگری لە مەرگی بە کۆمەڵی خەڵکەکەی؟
ئایا هێنانەوەی تەرمەکان ساڕێژی برینی کەسوکاری قوربانیان دەکات؟ بۆچی پێشگیری لەو کارەساتانە ناکرێت؟
لە بەرنامەی بابەتی ڕۆژ تاووتوێی ئەم پرسە کرا بە میوانداری بەڕێزان:
ڕێزان حەمەساڵح. نوێنەری حکومەتی هەرێم لە ئیتاڵیا.
هەڵگورد ساڵەیی، ڕاوێژکار لە فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێم.
عەلی سەعید، بەڕێوەبەری داتا و زانیاری لە ناوەندی هەماهەنگی و قەیرانەکان لە هەرێمی کوردستان.
Your browser doesn’t support HTML5
ڕێزان حەمە ساڵح:
کارەساتی نقومبوونی بەلەمەکەی سنوری ئاوەکانی ئیتاڵیا ڕاستە یەکەمجار نیە، بەڵام هیوادارین ببێتە دواین کارەسات خەڵکی ئێمە وانەی لێوەربگرێت چونکە ئەوەی بەسەر کۆچبەراندا دێت بە تەنها ئەوە نیە کە لەناو دەریاکاندا دێت، بەڵکو جاری واهەیە کۆچبەران بە سەلامەتی دەردەچن بەڵام کارەساتی گەورەترییان لە دوای ئەوە بەسەر دێت هەروەوک ئەوەی لە ساڵی ٢٠٢٢ شەمەندەفەرێکی خێرا لەسەر سنوری ئیتاڵیا و فەرەنسا دای لە دوو گەنج تەنانەت بەجۆرێک لێی دابون نەتوانرا تەرمەکانیان بناسرێنەوە و لێکجیابکرێنەوە، هیوادارم خەڵکی ئێمە گوێ لە کەناڵە فەرمی و ڕاوێژکارەکان بگرن نەک خەڵکی قاچاخچی، خێزانێک پێی وتم پێنج دەفتەر دۆلارمان داوە بۆ گەیشتن بە ئەوروپا، لێم پرسین باشە پێنج دەفتەرتان لە کوردستان بۆ نەخستە کار و مامەڵە زۆر لە ئەوروپا زیاترتان دەستدەکەوت، ئێستا وا نیوەتان مردون لەو ڕێگایە، کارەساتەکە هەر نقومبونی بەلەمەکان نیە، جاری واهەیە بە سەلامەتی دەردەچن بەڵام دوای ئەوە یا لە شاخ دەکەونە خوار کە چەندین کارەساتی تر دوای ئەوانە هەن تەنانەت تەرمەکانیشیان نەدۆزراونەتەوە، یا ئۆتۆمبێل لێیانی داوە یا چەندین ڕووداو و کارەساتی تر.
بەڕاستی خاڵکانێکی زۆر هاتونەتە دەرەوە خەڵکانێکی زۆر سەرگەردان بوون، ئێستا هاتنی ئەو خەڵکانە بۆ ئەوروپا جێی گومانە کە ئەو کەسانە بۆچی دێنە دەرەوە! چونکە ئێستا هەموو ئەو وڵاتانە کونسڵخانە و نوێنەرایەتییان لە هەرێم هەیە، چۆن ئێمە دۆخی ئەم وڵاتە دەگەینیەوە بە وڵاتی خۆمان، ئەوانیش بەوجۆرەن دۆخی هەرێمی کوردستان دەگێڕنەوە بۆ وڵاتانی خۆیان،دەڵێن، هەرێمی کوردستان هەرێمێکی ئازادە، زۆر زۆر زۆر سەقامگیرە، ئەو وڵاتانەی ئەوروپا سەیری ئێمە وەکو هەرێمی کوردستان دەکەن وەکو یەکێک لە وڵاتە هەرە دەوڵەمەند و باشەکان، ڕاستە چەندین قەیران هەبوون، قەیرانی شەڕی داعش، نەهاتنی بودجە، بەڵام ئەو قەیرانانە تێپەڕێنراون و دۆخی ئەو پێنج-شەش ملیۆنەی کە لە کوردستانی عێراقدا دەژین، هی ئەوە نیە کە وەزعێکی خراپ بێت، بە ڕەچاوکردنی دۆخی ئەوروپا دۆخی ئێمە لە هەرێمی کوردستان زۆر زۆر باشترە، من بینیومە چی بۆ وڵاتی خۆیان دەنوسن ئەو کونسوڵ و نوێنەرانە، یەکێک لەوانە بۆ وڵاتەکەی خۆی نوسیبوو، هێندەی ئۆتۆمبێلی سەد هەزار دۆلاری لە شەقامەکانی هەرێمی کوردستان دەسوڕێتەوە بە هەموو ئیتاڵیا کە ٨٠-٩٠ ملیۆن کەسە ئەوەندە ئەو جۆرە ئۆتۆمبێلە گرانبەهایانەی تێدانیە، یانی بەراوردەکە زۆر زەقە کە دەیکەن بەڵام ناهەقیشییان نیە و هیچ لەخۆیانەوە ناڵێن، یان ئەوەی کوڕێکمان ژن دەهێنێ چەند ئاڵتونی بۆ دەکەین و چ ئاهەنگێکی بۆ دەکەین، ئەو کونسوڵ و نوێنەرانە ئەوانەیان هەمووی وتووە بە وڵاتانی خۆیان.
باسی دۆخی خراپی موچە بەوشێوەیە کراوە کە حکومەتی ئیتاڵیا پێی خۆشە لەسەر ئەرزی واقیع ئەم کێشەیە لە هەرێم و بەغداد چارەسەر بکرێت و ببنە وەسیلەی خێر، هەروەک ماوەیەک لەمەوبەر(جەنابی کاک سەفین)سەردانی ئیتاڵیای کرد لەگەڵ بەرپرسان و پەرلەمانتارانی ئێرە کۆبوەوە و بەڵێنیان دا هەوڵبدەن ببنە وەسیلەی خێر بۆ چارەسەرکردنی کێشەی بەغداد و هەرێم.
بەڕاستی حەقە بەغدادیش ئەم شاتانە ڕەچاو بکات کە بۆچی لە هەرێمی کوردستانەوە ئەم خەڵکە دەستە دەستە دێنە دەرەوە بۆ وڵاتانی ئەوروپا، لەکاتێکدا خودی عێراقییەکان بەسەدان پاسی سەد کەسی ڕۆژانە بۆ گەشتکردن ڕوو لە هەرێمی کوردستان دەکەن.
حکومەتی هەرێم هەر بەهێنانەوەی تەرمەکان نەوەستاوە، بەڵکو پێداگری ئێمە لەسەر چارەنوسی ئەو کۆچبەرانە دۆزینەوەی تەرمەکانی خێراتر کرد بۆ نمونە یەکەم ڕۆژ، چوار تەرم دۆزرابونەوە، دوای ئەوە لە هیچ شوێنێکی دنیادا نەبووە هیچ سەفارەت و کونسوڵیەتێک تەرم ببێتەوە لەکاتێکدا ئەو کۆچبەرانە ناڵێم هەڵهاتون بەڵام لەدەست ئەو دۆخە ناڕازیبوون، بەڵام جارێکی تر حکومەتی هەرێم باوەشییان بۆ دەگرێتەوە ئەو کولفەیەی خستۆتە سەر ئەستۆی خۆی.
بەڕاستی من گومانم هەیە لە قسەی ئەو خانمەی کوردی ئێران گوایە فڕۆکەی گرتووە بۆگەران بەدوای کەسوکاریدا، چونکە ئەوە سنوری ئیتاڵیایە وڵاتێکی ترە هیچ کات ئەوە بێ پرس و مۆڵەتی حکومەتی ئیتاڵی ناکرێت، دوای ئەوەش ڕەنگە فڕۆکە گەشتیارییەکان بێت بەسەر دەریادا وەک گەشتیار سوڕابێتەوە بەڵام وەک ئەوەی فڕۆکە خۆمان بگەڕێیین بۆ تەرمەکان شتی وانابێت چونکە ئەمە سەروەری دەوڵەتی ئیتاڵیایە لەڕووی عورفی نێودەوڵەتیەوە ئەوە بێ سیقەییە بەرامبەر حکومەتی ئێرە.
بەڕاستی شتێکی تریش وەک کاک هەڵگورد لە قسەکانی لەم بەرنامەیە ڕاستیکردەوە، ئەوە یەخت نەبووە و هیچ قاچاغچیەکیش خاوەنی یەخت نیە، ئەوانە بەتەنها قایغ یابەلە بچوکەکانن کەکاتی خۆی لە دیجلە و فوڕات ڕاوەماسییان پێدەکرد،ئەگەر یەختبووایە چۆن بەدەرهێنانی چوب یا سندوق کون دەبێت!؟وە هیچ قاچاغچییەک خاوەنی یەخت نیە چونکە یەخت فەرمیە و ژمارە و شوێنی ڕاگرتنی هەیە ئەوە بەتەنها بۆ گەشتیارە و چۆن ڕێگە دەدەن قاچاغچی هەیبێ و کۆچبەری نایاسایی پێ بگوازرێتەوە؟
عەلی سەعید:
لە ماوەکانی ڕابردوو بەسەرپەرشتی بەڕێز وەزیری ناوخۆ سیستمی ڕاوێژکاری کۆچ خرایەکار، هەرێمی کوردستان وەک نۆیەم وڵاتە کەهاوبەشی لەو سیستمەدا دەکات، کەکارەکەی بریتیە لە ڕاوێژکاری و هەڵمەتی هۆشیاری بەرامبەر مەترسییەکانی کۆچی نایاسایی دەخاتە کار،دوو تەوەری سەرەکی لەخۆدەگرێت، یەکەم، مەترسییەکانی کۆچ بۆ گەنجان باس دەکات،لەبەرامبەردا بەدیلی تر دەخاتەڕوو بۆ نمونە بۆ خوێندکارانی زانکۆ بەهاوکاری ڕێکخراوی کۆچی نێودەوڵەتی لەماوەی شەش مانگ ڕاهێنان بە ٢٥٠٠خوێندکار لەزانکۆکانی سلێمانی و سەڵاحەدین و دهۆک و پەیمانگاکانی پۆڵەتەکنیکی سلێمانی و هەولێر و دهۆک و زاخۆ کردووە جگە لەباسکردن لەمەترسی کۆچ باسمان لەدەرفەتی تری یاسایی بۆ ئەو گەنجانە کردووە بۆ کۆچکردن، بۆ نمونە ئەگەر قوتابیەک بیەوێت کۆچ بکات بەڕێگای یاسایی دەرفەتی خوێندن هەیە لەوڵاتان، یان دەستی کاری ڕەنگین، ئەمەش مانای ئەوەنیە بەمانە اێمە بتوانین کۆچی نایاسایی بنەبڕ بکەین.
دەربارەی رێوشوێنەکانی حکومەتی هەرێم بەرامبەر کەسانی نێوەندگیر و قاچاغ و نوسینگەکانی پارە خەواندن لەکوردستان، هەموو حکومەتەکانی دنیا لەسەر بنەمای بەڵگە کار دەکات، ئێمە لە ماوەکانی ڕابردوو وەک ڕێکارەکانی ڕوبەڕوبونەوەی بازرگانی کردن بە مرۆڤ کۆمەڵێک لەو نوسینگانە سزا دران، وە خەڵکەکانیش درانە دادگا، حکومەتی هەرێم چاوکراوانە مامەڵە لەگەڵ ئەو دۆسێیانە دەکات هەرکات بەڵگەی پێویست هەبوبێ لەسەر هەرکەس و شوێنێک سەبارەت بە کۆچی نایاسایی ڕێکاری گرتۆتە بەر و داواکاری گشتیش هاتۆتە سەرهێڵ و خەڵکیش لەسەر قاچاخچێتی و بابەتی نێوەندگیری بۆ پارەدان و پارەخەواندن دەستگیرکراون و دراونەتە دادگا.
ئەوەی گرنگە ئێمە لە چوارچێوە هۆشیاریەکەوە کار لەسەر کۆچی نایاسایی بکەین، گەنجی خۆمان هۆشیار بکەینەوە کە دەرەوە و ئەوروپا ئەو بەهەشتە نین، ئەوە تێگەیشتنێکی هەڵەیە، خەڵکی ئێمە ئێستاش بەسەردەمی نەوەدەکان کە ١٠٠$ ١٢هەزار دیناری سویسری بوو بیر دەکاتەوە، نەخێر ئێستا کۆسپ و تێچووی ژیان لە ئەوروپا زۆر گرانترە، ئەو پێداویستیانەی خەڵک دەتوانێت لە کوردستان بە ئاسانی و هەرزانی دابینی بکات لە وڵاتانی ئەوروپا بە دوو ئەوەندە و سێ ئەوەندە ناتوانێت دابینی بکات، ئێستا یاساکانی کۆچی ئەوروپا جیاوازترە لەوانەی ساڵی نەوەدەکان، بژێوەی ژیان لە هەرێمی کوردستان بەشێوەیەک لەشێوەکان لەهەندێک وڵاتی ئەوروپا باشترە.
لە هەرێمی کوردستان تیمەکانی ئاسایش و پۆلیس و دامودەزگاکانی حکومەتی هەرێم خەڵکیان دەستگیکردووە لەسەر بازرگانیکردن بە مرۆڤ و هاندانی خەڵک بۆ کۆچی نایاسایی، تیمەکان و دەزگا ئەمنیەکانیش بە دوای ئەو کەسانەوەن چونکە ئەوە تاوانە، وە هەندێکجار دەچێتە چوارچێوەی تاوانی نێوەدەوڵەتی.
هەڵگورد ساڵەیی:
پێش هەر شتێک دەمەوێت دوو هەڵە ڕاست بکەمەوە، یەکەم زاراوەی یەخت کە بۆ گواستنەوەی کۆچبەرانی نایاسایی بەکاردێت ڕاست نیە، چونکە یەخت هەم تێچووی گرانە وە هەم قاچاغچییەکان بۆ هەڵخەڵەتاندنی کۆچبەران و مارکێتینگ بەکاری دەهێنن، ئەگەرنا ئەوەی کە قاچاغچییەکان بەکاریدەهێنن بەلەمی بچوکە و هەرگیز ئەو پارە زۆر و تێچووە زۆرەی یەخت ناگرنە ئەستۆ.
دووەم هەڵە کە دەکرێت ئەوەیە کە کۆچ بەشێوەی نایاسایی لە هەرێمی کوردستانەوە نیە واتە خەڵکی هەرێمی کوردستان بە نایاسایی لەناو خاکی هەرێمەوە کۆچی نایاسایی بکات، بەڵکو هەمووییان بەشێوەی فەرمی و بە یاسایی لە ڕێگای فڕۆکەخانەکان و خاڵە سنورییەکان بە پاسپۆرت و ڤیزاوە کۆچ دەکەن بۆ وڵاتی دووەم و سێهەم لەوێوە کۆچە نایاساییەکە دەکەن.
سەبارەت بە دۆخی هەرێمی کوردستانیش هەروەک کاک عەلی باسی کرد، ئێستا خەڵک لە وڵاتانی دراوسێ و شارەکانی تری عێراق تەنانەت لە ئەوروپاشەوە هاتوون بۆ شارەکانی(هەولێر، سلێمانی، دهۆک، هەروەها هەڵەبجە)بۆ کارکردن و ژمارەیەکی زۆر پەنابەر و ئاوارە لەشارەکانی هەرێم بەهۆی دۆخی باشەوە نیشتەجێن.
ئەو کارەساتانەی پێشتر بەسەر کۆچبەراندا هاتوون هەر لەدواین کارەساتی هەفتەی ڕابردوو، تا پێشتریش کە چەندەها کارەساتی لەوشێوەیە لە یۆنان و وڵاتانی بەڵقان و بێلاڕوسیا بەسەر کۆچبەراندا هاتوون بەشێک لەوانە خەڵکی ئەو ناوچە و شوێنانەی هەرێمی کوردستانن کە کەوتونەتە ژێر دەستی پەکەکە یا نزیک ناوچەی پەکەکەن کە لەلایەن تورکیاوە کراونەتە ئامانج بۆردومان دەکرێن و ناوچەی شەڕ و تەق و تۆقن، ئەمەش وایکردووە دەرفەتی کار لەو ناوچانە نەبن بۆیە خەڵک پەنا دەباتە بەر کۆچی نایاسایی، بەشێکی تریش حزبە کوردییەکان دروستیان کردووە کە بۆ ناشرین کردنی یەکتر، یاخود هەڵمەتی هەڵبژاردنی پێش وەختە خەریکە واقع و کلتورێک دروست دەبێت بۆ نائومێد کردن و ڕەشبینکردنی گەنج و ئەو خەڵکانەی بونەتە قوربانی و لێی زیانمەندبوون.
من دڵنیاتان دەکەمەوە خەڵک لە هەرێمی کوردستان لەسەر بابەتی قاچاغچێتی یا هەرکارێک پەیوەست بە کۆچی نایاسایی دەستگیرکراوە ئێستا لە ژوورەوەیە بەڵام لەبەر لایەنی ئەمنی چونکە ئەمانە زیاتر وەک تۆڕێکن بۆ ئەوەی ئەندامەکانی تریشیان دەستگیربکرێن ناویان بڵاوناکرێتەوە، حکومەتی هەرێم بۆ ڕووبەڕوبونەوەی قاچاغچێتی کۆچی نایاسایی هەماهەنگی لەگەڵ پۆلیسی نێودەوڵەتی هەیە.
بەڵام گرنگە خەڵکی ئێمە مەبەستم قوربانیەکان یا کەسوکارییان بچنە پۆلیس و ئاسایش و ڕێی دادگاکان بگرنەبەر، سکاڵا تۆمار بکەن ناوی هەموو ئەو کەس و شوێنانە بدەنە دەزگاکانی ئاسایش و پۆلیس کەهۆکاری کۆچی نایاسایی و قاچاغچێتی و نێوەندگیربووە، خەڵک هەبووە نیوەی خانەوادەکەی لەدەستداوە ناوی قاچاخچی و کەسانی هاوکاریشی دەزانێت بەڵام کە پێمان وتووە سکاڵای لەسەر تۆمار بکە نەیکردووە، ڕاستە ڕەنگە بابەتی ترس هەبێ بەهۆی ئەوەی ئەوانە قاچاغچین، بەڵام پێویست بەو ترسە زۆرە ناکات چونکە قاچاغجی ناتوانێت لە هەرێمی کوردستان و هیچ شوێنێک هەڕەشە لە خەڵک بکات، خەڵکی قاچاغچی هەبووە بەو هۆکارە لەسەر داوای ئێمە وەک حکومەتی هەرێم لە ڕێگای نوێنەرایەتیەکانمانەوە داوا لەو وڵاتەی قاچاغچیەکەی تێدابووە کراوە دەستگیرییان کردووە.
ئەوەش بۆ من جێی پرسیارە زەڕەنگەرێک بۆ ڕێی نایاسایی دەگرێتەبەر و ڕێگای ئاو دەگرێتەبەر، لەکاتێکدا هەر زەڕەنگەرێک لەکاتی پێشکەشکردنی داوای ڤیزای هەر وڵاتێک بەس حساب بانکیەکە بداتە هەر کونسڵخانەیەک ڤیزای دەدەنێ.
ناردنەوەی پەنابەرە کوردەکان لە ئەوروپاوە خواستی ئەوروپایە بەهیچ جۆرێک خواست و داوای ئێمەنەبووە، ئەو پەنابەرە کوردانە خۆشیان دەزانن کە چانسی وەرگرتنیان زۆر کەمترە، وە ئێمە بەردەوام دەبین لە دانوستانەکانمان لەگەڵ ئەو وڵاتانە کە بەزۆرە ملێ کەس نەنێرنەوە هەروا بەئاسانی سواری تەیارەیەکی بکەن و بینێرنەوە، بەڵکو ئەوانە پارەیەکی زۆریان خەرجکردووە تا گەیشتونەتە ئەو وڵاتانە، ئەگەر بیشیانگەڕێنەوە پێویست دەکات بەوجۆرە نەبێت کە ژیانی زەڕبی سفر بکەن بەڵکو پێویستە دەرفەتی کار و ژیان و خوێندنی هەبێت ئێمە دەخوازین هیچ کات خەڵکی ئێمە زیان و کارەساتی گیانی و ماددی بەسەردا نەیەت.